ئیسرائیل: نزیكه‌كانى ئه‌ردۆغان له‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانیه‌كاندا قازانجى زۆریان ده‌ستده‌كه‌وێت Featured

آب/أغسطس 09, 2019

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل نزیكه‌كانى سه‌رۆكى توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ى له‌ مامه‌ڵه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل قازانجى زۆریان ده‌ستده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ لێدوانه‌كانى ئه‌ردۆغاندا وا ده‌رده‌كه‌وێت دژى هه‌ر كه‌سێكه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا هه‌ڵس و كه‌وت بكات.

ماڵپه‌ڕى Turkish Minute له‌ رۆژنامه‌ ئیسرائیلیه‌كانه‌وه‌ گواستویه‌تیه‌وه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌كان جۆراوجۆرن له‌ بواره‌كانى دارایى و بازرگانى.

ئیسرائیل كاتس، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل له‌ میانى وته‌كانیدا له‌ په‌راوێزى كۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى كنیست-دا له‌باره‌ى ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، "ئێمه‌ خۆشمان ناوێ، ئه‌ویش ئێمه‌ى خۆش ناوێ هه‌روه‌ها وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان خۆشیان ناوێ، به‌تایبه‌تى توركیا و قه‌ته‌ر كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ له‌ خۆگرتنى كۆمه‌ڵه‌ى ئیخوان موسلمین؛ كه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان و مه‌ترسیه‌كانى له‌ ئێران كه‌متر نییه‌".

وتیشی، "دوژمنداریه‌كى روون له‌ نێوان توركیا و ئیسرائیل هه‌یه‌، به‌ڵام بازرگانى كردن به‌رده‌وامه‌ له‌ گه‌شه‌كردن، ره‌نگه‌ هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانى خێزانى ئه‌ردۆغان به‌شدار بن له‌ گواستنه‌وه‌ى بارهه‌ڵگره‌كان بۆ به‌نده‌رى حه‌یفا و له‌وێوه‌ بۆ بازاره‌ عه‌ره‌بیه‌كان".

به‌ گوێره‌ى ماڵپه‌ره‌ ئیسرائیلیه‌كه‌، رۆژانه‌ بارهه‌ڵگره‌كان به‌ كه‌ل و په‌لى توركیه‌وه‌ ده‌چنه‌ به‌نده‌رى حه‌یفا، پاشان له‌ رێگه‌ى ئوردنه‌وه‌ ده‌گوزارێنه‌وه‌ بۆ وڵاتانى كه‌نداو. ئه‌م رێگایه‌ له‌ كاتى شه‌ڕى سوریاوه‌ بۆته‌ رێگایه‌كى فه‌رمى، بۆ گواستنه‌وه‌ى كه‌ل و په‌له‌ توركیه‌كان بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بى.