یه‌كێتیی: داوای ئه‌و پۆستانه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ك به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر به‌ریده‌كه‌وێت

أيلول/سبتمبر 14, 2019
یه‌كێتیی له‌باره‌ی‌ پۆسته‌كانی‌ له‌هه‌ولێر هاته‌ده‌نگ
یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان داوای ئه‌و پۆستانه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ك به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر به‌ریده‌كه‌وێت، به‌رپرسێكی یه‌كێتیش له‌و سنوره‌ چه‌ند زانیاریه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "داوای به‌ركه‌وته‌ی خۆمان ده‌كه‌ین".

 

 

هه‌ژار محه‌مه‌د لێپرسراوی به‌شی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌ندی سێی یه‌كێتی له‌هه‌ولێر  ڕاگه‌یاند، "بۆ پۆستی حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان له‌پارێزگای هه‌ولێر گفتوگۆمان كردوه‌و داوایكردوه‌ به‌ركه‌وته‌ی خۆمان كردوه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌چوارچێوه‌ی پاكێجێكدا ده‌بێت، تائێستا یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌ چ پۆستێكمان پێده‌درێت".

وتیشی:"وه‌ك چۆن له‌هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان كراوه‌، ئێمه‌و پارتیش له‌هه‌ولێر ئاماده‌كاریمان كردوه‌، چاوه‌ڕێی‌ بڕیارین، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش وه‌ك یه‌كێتی داوایده‌كه‌ین ڕونه‌، چوارساڵیش ته‌واوبوه‌و پێویسته‌ ئاڵوگۆڕ له‌پۆسته‌كاندا بكرێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ وه‌ك یه‌كێتی داوای چ پۆستێك ده‌كه‌ن و چیان پێده‌درێت له‌حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر وتی:"تائێستا ئه‌وه‌ ڕون نه‌بۆته‌وه‌، چونكه‌  نه‌هاتوینه‌ته‌سه‌ر ورده‌كاری، به‌ڵام هه‌رلایه‌نه‌و به‌گوێره‌ی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن داوای ئیستیحقاقی خۆی ده‌كات".

لای خۆیشیه‌وه‌ نافز ناوپردانی ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر  ڕاگه‌یاند، "ئێمه‌ پێمانباشه‌ سه‌رجه‌م حزبه‌كان له‌حكومه‌تی خۆجێی به‌شداریان هه‌بێت، وه‌كو فراكسیۆنی یه‌كێتیش یاداشتێكمان داوه‌ته‌ مه‌كته‌بی سیاسی، وه‌ك چۆن له‌هه‌ڵه‌بجه‌و پارێزگاكانی دیكه‌ پۆسته‌كان یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌ له‌هه‌ولێریش به‌هه‌مانشێوه‌ بڕیار له‌باره‌ی پۆسته‌كانه‌وه‌ بدرێت و ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ربكرێت".

وتیشی:"هه‌ركاتێك دانوستان له‌سه‌ر یه‌كلایكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی خۆجێییه‌كان ده‌ستی پێكرد، ئه‌وكات داوای ئه‌و پۆستانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ شیاون و به‌پشكی خۆمانی ده‌زانین له‌حكومه‌تی خۆجێی هه‌ولێر پێمانبدرێت".