ئەمریكا رەتیدەكاتەوە ژمارەی سەربازەكانی لەرۆژئاوای كوردستان زیاد بكات

أيلول/سبتمبر 14, 2019

جەنەراڵ كینیس ماكینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی ژمارەی سەربازەكانی لە سوریا زیاد ناكات، بەڵكو  بەتێپەڕبوونی كات بیر لە كەمكردنەوەیان دەكاتەوە .

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری ماكینزییەوە گواستوویەتییەوە، كە ناوبراو راشیگەیاندووە، لەپێناو تیمی گەڕۆكی هابەش لەگەڵ توركیا بوونی سەربازیمان زیاد ناكەین.

ئەو روونیكردەوە، ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە سوریا، كە ئێستا دەگاتە هەزار سەرباز بەپێی پرۆسەی گۆرینی یەكەكان زیادو كەم دەكات .

ماكینزی هەروەها رایگەیاندووە، بەپێی ئەو ژمارەیەی ئێستا، تیمە هاوبەشەكانمان لەگەڵ توركەكان كاری خۆیان دەكەن، بەتێپەڕبوونی كاتیش لەدەرفەتێك دەگەڕێین بۆ سنوورداركردنیان.

پێشتر میدیاكانی ئەمەریكا باسیان لەوە كردبوو، كە پنتاگۆن ئامادەكاری دەكات بۆ ناردنی ١٥٠ سەرباز بۆ رۆژئاوای كوردستان بەئامانجی راپەراندنی ئەركی تیمە هاوبەشە گەڕۆكەكان لەگەڵ توركیا .

بەگوێرەی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكییش بڵاوكردنەوەی هێزی سەربازی نوێ لە رۆژئاوای كوردستان بەشێكە لە زنجیرەیەك هەنگاوی سەربازی و دیبلۆماسی، كە واشنتۆن لەم چەند هەفتەیەی رابردوو گرتوویەتییەبەر بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی توركیا لەبارەی یارمەتیدانی كوردانی سوریا .

لای خۆیشییەوە، ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، سەبارەت بە توركیا تیمی گەرۆكی هاوبەشی سوپای توركیا و ئەمەریكا لەناوچە ئارام لەباكووری سوریا بەس نییە و ئەگەر بێتوو توركیا لەسەر ناوچە ئارامەكە لەگەڵ واشنتۆن نەگاتە رێكەوتن ئەوە ئەنقەرە ناچار دەبێت تاكلایەنە هەڵسوكەوت بكات.