دوو كەس ركابەری لەسەر پۆستی رێكخەری گشتی گۆڕان دەكەن

أيلول/سبتمبر 14, 2019

بزووتنەوەی گۆڕان رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت و ژمارەیەك كاندیدیش كێبڕكێ بۆ ئەو پۆستانە دەكەن.

ئەمڕۆ شەممە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هەڵبژاردن بۆ رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ئەنجام دەدات، كە بۆ پۆستی رێكخەری گشتی گۆڕان دوو كەس كێبركێ‌ دەكەن، ئەوانیش بریتین لەعومەر سەید عەلی رێكخەری ئێستاو شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و وتەبێژی بزووتنەوەكە.

بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش ١٤ كەس خۆیان كاندید كردووەو كێبڕكێ‌ لەسەر چەند پۆستێكی خانەكە دەكەن، كە ئەوانیش بریتین لەعەدنان عوسمان و زمناكۆ جەلال بۆ سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، ئاسۆ ڕەحیم و شەمال عبدالوفا بۆ سكرتێری كاروباروی باژێروانەكان، هەریەك دەرباز محەمەد و گەیلان شێخ عومەر  بۆ سكرتیری كاروباری ژوورەكان.

 

هەروەها بۆ سكرتیری كاروباروی خەڵك هەریەكە لە كاوە مامە عەبەو مونیرە عوسمان و برزۆ مەجید و قارەمان قادرو ئاوارە سلێمان‌و عومەر حەمە حێسن خۆیان كاندید كردووە، جەلال جەوهەریش خۆی بەتەنیا خۆی بۆ پۆستی سكرتێری فراكسیۆنەكان كاندیدكردووە.

رۆژی پێنج شەممەی رابردووش هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان  ئەنجامدراو هەریەكە لە جەمال محەمەد بە سكرتێری جڤاتی گشتی و عەلی باڵا بەرز بۆ جێگری سەرۆكی جڤات و پێشڕەو محەمەد بۆ سكرتێری سەرۆكی جڤات هەڵبژێدران‌و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش جەمال محەمەد راستەوخۆ بووە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.