بەغدا قسەكردن لەسەر بوونی قەرزی هەرێم بە "بۆمب" دەزانن‌

أيلول/سبتمبر 13, 2019

بەرپرسانی بەغدا قسەكردن لەسەر  بوونی قەرزی هەرێمی كوردستان لەسەر حكومەتی هێراق بە "بۆمب" دەزانن‌و جەخت دەكەنەوە بۆ پەردەپۆشكردنی دۆسییەی "بە قاچاخبردنی نەوت"ە.

یوسف كیلابی یەكێك لەبەرپرسانی هاوپەیمانی نەسر لەو بارەوە دەڵێت: قسەكردن لەسەر  بوونی  ٨٠ ملیار دۆلار قەرزی هەرێم لەسەر بەغدا وەك "بۆمبێكی دەنگی وایە بەئامانجی شاردنەوەی تێوەگلانی هەرێم لە بەقاچاخبردنی نەوت".

كیلابی لەلێدوانێكدا دەشڵێت: هەرێم مافی ئەوەی هەیە هەر شتێك بیەوێت قسەی لەسەر بكات، حكومەتی فیدراڵیش مافی ئەوەی هەیە هەر شتێك بیەوێت بیكات، روونیشیدەكاتەوە، لێدوانی حكومەتی هەرێم لەسەر قەرزادری بەغدا "بۆ شاردنەوەی ئەو دزییەیە، كە حكومەتی هەرێم لەدەرەوەی سنووری هەرێم دەیكات جا چی لەنەینەوا بێت، یان كەركوك، ئامانجیش لێی پەردەپۆشكردنی رادەستنەكردنی نەوتی هەرێمە بە بەغدا".

ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانی نەسر ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە وەڵامدانەوەی ئەو لێدوانە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران و لەكاتی ئامادەكردنی بودجە دەدەینەوە، ئەویش لەڕێگای دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی سەرەوت و سامانی عێراق .

رۆژی چوارشەممە 11ی‌ ئەیلولی‌ 2019 جوتیار عادل وتەبێژی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی لەبەردەستن، حكومەتی عێراق 80 ملیار دۆلار قەرزداری هەرێمی كوردستانە و لەو بارەیەشەوە قسە لەگەڵ بەغدا دەكەین .