هۆكاری گۆڕانكاری لەپۆستی پارێزگاری هەولێرو دهۆك لەلایەن مەسرور بارزانییەوە

أيلول/سبتمبر 12, 2019

سەرچاوەیەكی ئاگادار هۆكاری ئەو گۆرانكارییانە ئاشكراكرد، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆك دەیانكات .

بەپێی سەرچاوەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەحیزبەكەی كردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی هەندێك گۆڕانكاری بۆ رزگاربوون لەو شكستە ئیدارییەی لەچەند شوێنێك هەیە یارمەتی بدەن.

بەقسەی ئەو سەرچاوەیە گۆڕینی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بۆ ئەوەیە لەناو حكومەتی هەرێمدا پۆستێكی باڵاتری پێبدرێت، كە پەیوەندی بە بواری خزمەتگوزارییەوە هەبێت بەهۆی ئەوەی لەو بوارەدا شارەزایی زۆرە، لەكاتێكدا ناوبراو زیاتر لە ١٦ ساڵە لەو پۆستەدایە یەكێكە لەو كەسانەی لەسەر باڵی نێچیرڤان بارزانی حساب دەكرێت .

هەرچی فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆكیشە ئەوە دوورخستنەوەی بۆ ئەوە گێڕدراوەتەوە، كە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان شكستیهێناوە، جگە لەوەی یەكێك بووە لەو كەسانەی لەسەر باڵی نێچیرڤان بارزانی هەژمار كراوە و پارێزگاری ئێستا "عەلی تەتەر" پێشتر لەدەزگای پاراستن كاری كردووە، كە مەسرور بارزانی خۆی سەرپەرشتی كردووە.

لەدرێژەی قسەكانیدا ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، كە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆكی نوێی حكومەت كۆمەڵێك گۆرانكاری ئیداری دەكات، كە بەرپرسی یەكە ئیدارەییەكان دەگرێتەوە لەسەر ئاستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان و ئەو بەڕێوەبەری فەرمانگانەی زیاتر لە ١٠ ساڵە وەك بەڕێوەبەر دەستبەكاربوون .

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر دەستلەكاركێشانەوەی نەوزاد هادی پەسەندكردو لەجێگەی ئەو بەزۆرینەی دەنگ فرسەت سۆفی كردە پارێزگاری نوێ‌.