هه‌رێمی كوردستان له‌قه‌رزه‌كانی سه‌ر عیراق پشكی به‌رناكه‌وێت

أيلول/سبتمبر 10, 2019
هه‌رێم له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی عیراق به‌شدارده‌بێت
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌قه‌رزه‌كانی سه‌ر عیراق پشكی به‌رناكه‌وێت، به‌ڵام له‌دانه‌وه‌ی كۆی قه‌رزه‌كان به‌شدارده‌بێت، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌ردولا بیانویان هه‌یه‌و ئه‌و كێشه‌یه‌ش به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه‌".

 

 

شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران  ڕاگه‌یاند، "ئه‌و قه‌رزانه‌ی حكومه‌تی عیراق ده‌یكات له‌بودجه‌ی سیادی ده‌درێنه‌وه‌، بودجه‌ی سیادیش كۆی گشتیی بودجه‌ ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رێم له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان به‌شدارده‌بێت".

وتیشی:"له‌وه‌رگرتنی قه‌رزه‌كان پشكێكی زۆر كه‌م بۆ هه‌رێم دیاریكراوه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و كێشانه‌ی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ له‌به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ڵامی عیراق كرد بۆ ئه‌و قه‌رزانی ده‌یكات و هه‌رێمیش به‌شدارپێده‌كات له‌دانه‌وه‌ی، وتیشی‌:"بیانوی حكومه‌تی عیراق بۆ به‌شداریپێكردنی هه‌رێم له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و قه‌رزه‌ی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان كردوه‌، هه‌رێمیش پشكی خۆی له‌بودجه‌ وه‌رگرتوه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت به‌شداریش بێت له‌دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌".