گفتوگۆی بەردەوام‌و بێ‌ ئەنجام...هیچ ئاماژەیەكی هیوابەخش بۆ رێككەتن لەنێوان هەولێرو بەغدا ئارادا نییە

أيلول/سبتمبر 09, 2019

بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم و عێراق جەخت لەوە دەكەنەوە گفتوگۆكانیان بەرەو پێشچووە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی هیوابەخش بۆ رێككەتن لەنێوان هەولێرو بەغدا ئارادا نییە.

رۆژی یەك شەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت‌و وەزیری دارایی هەرێم و ژمارەیەك لەكاربەدەستانی دیكەی حكومەت لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە.

لەبەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمدا هیچ زانیارییەكی نوێ لەبارەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ گەیشتن بەرێككەوتن لەگەڵ بەغدا نییە، تەنیا جەختكردنەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆكانی هەردوولا نەبێت.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق راگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەت رایگەیاندووە، گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوامەو لیژنەیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێكهێناوە.

ئەو ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم باسیان لەوە كردووە كۆمەڵێك بەدیل و پێشنیازیان داوەتە حكومەتی عێراق‌و گفتوگۆكانیش لەسەر ئەو بەدیلانە دەكرێن.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق روونیكردەوە، لەكۆبوونەوەكەیاندا لەگەڵ حكومەتی هەرێم باسیان لەهەماهەنگی نێوان نوێنەرانی كورد لەبەغداو شاندەكانی حكومەتی هەرێم كردووە، كە پەرلەمانتارانیش ئاگاداری كۆبوونەوەو گفتوگۆكان بن.

هەروەها بەوتەی ناوبراو سەرۆكی حكومەت ئەو پێشنیازەی قبوڵكردووە، كە پەرلەمانتاران  و شاندەكانی حكومەتی هەرێم هەماهەنگیان هەبێت لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی دەكرێن.

لەئێستادا حكومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠و تائێستا دیار نییە، كە ئەو مادانەی تایبەت بوون بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە لە بودجەی ساڵانی رابردوو جێگیر دەكرێنەوە یان نا.

پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ زۆر بە قورس دەزانن بۆ كوردو بەشێكیان پێشبینی ئەوە دەكەن، كە ئەو مادانەی تایبەت بە پشكی هەرێم جێگیر نەكرێنەوە بەتایبەت ئەو مادەیەی لەبودجەی ساڵی ٢٠١٩دا هاتووە، كە باس لەوە دەكات موچەی فەرمانبەران نەبەسترێتەوە بە رادەستكردنی نەوتی هەرێمەوە.

لەلایەكی ترەوە سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق رۆژی یەك شەممە رایگەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ رادەستكردنی نەوت قۆناغی باشیان بڕیووە.

بەپێی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ دەبێت هەرێمی كوردستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات‌و لەبەرانبەریشدا بەغدا بودجەی هەرێم رەوانە دەكات، كە بڕەكەی زیاتر لە ١٠ ترلیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی رادەستنەكردنی نەوت، بەغدا تەنیا موچەی فەرمانبەران رەوانە دەكات، كە بڕەكەی نزیكەی شەش ترلیۆن دینارە.

هەرچەندە لەگەڵ دەست بەكاربوونی وەك سەرۆكی حكومەت لەكابینەی نۆیەم مەسرور بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە دەیانەوێت كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن‌و نەوت رادەست بكەن، بەڵام وا ١٠٠ رۆژ بەسەر كابینەكەیدا تێپەڕ دەبێت هێشتا نەیتوانیوە ئەو كێشەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات.

لەمانگی رابردوو هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق چەند لیژنەیەكی هاوبەشیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێكهێناوەو لەرابردووشدا ئەو لیژنانە تەنیا یەك كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، بریاریشە لەم مانگەدا جارێكی تر ئەو لیژنەیە كۆبوونەوە.

بەپێی زانیارییەكان بریارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی وەزیری دارایی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و لەسەر پرسە داراییەكانی نێوانیان كۆبوونەوە.

هاوكات عەبدولباری سەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەكەی رۆژی یەك شەممەیان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم : حكومەتی هەرێم نیازی هەیە لەگەڵ بەغدا لەسەر كێشەكان رێبكەوێت و كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام كۆمەڵێك داتاو ژمارەیان هەیە كە پێویستیان بەرێككەوتنە لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەو ژمارانە.

لەبارەی رادەستكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا عەبدولباری سەمەد وتی: هیچ كەسێك ناتوانێت وەڵامی ئەوە بداتەوە، كە ئایا نەوت رادەست دەكرێت یان نا، چونكە ئەوە پەیوەستە بە ئەنجامی گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو ژمارەو داتایانەی هەردوو حكومەت خستوویانەتە بەردەم یەكتر.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد، كە لەكۆبوونەوەكەی رۆژی یەك شەممە بڕیار دراوە لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ گفتوگۆ بكەن و ئاگایان لە یەكتر بێت.

عەبدولباری گفتوگۆكان لەسەر پشكی كورد لە بودجەی ٢٠٢٠ دا زۆر بە قورس ناو دەبات و پێیوایە دانوستانەكان لەسەر بودەی ساڵی داهاتوو كاركردنی زۆری دەوێت و پێویستە هەموو لایەك بەیەكەوە هاوكاری یەكتر بن ئەگەرنا گفتوگۆكان زۆر قورس دەبن.