كۆسره‌ت ره‌سوڵ: هاوهه‌ڵوێستی هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌

أيلول/سبتمبر 08, 2019

كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێشوازی له‌ كونسوڵی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

‎سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8-9-2019  له‌شاری سلێمانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد له‌ ستیفن فه‌یگن كونسوڵی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و وه‌فدی یاوه‌ری.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو گفتوگۆكرا له‌باره‌ی دۆخی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداو دۆخی حزبی و ڕێكخراوه‌یی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.

په‌یوه‌ست به‌یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بڕیاری ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ردوولا گفتوگۆی وردی ئاینده‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كردو جه‌ختیان له‌ زه‌روره‌تی یه‌كێتی بۆ كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی بۆ دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی حزب و په‌یڕه‌و و پڕۆگرامێكی نوێ بۆ داهاتووی حزب و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بێ.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ وتیشی: كۆده‌نگی و هاوهه‌ڵوێستییه‌كی دڵسۆزانه‌ هه‌یه‌ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی یه‌كێتی و ئه‌نجامدانی كۆنگره‌یه‌كی نه‌وعی، كه‌ یه‌كێتی بكاته‌وه‌ به‌چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو تێكۆشه‌ران و دڵسۆزانی.

په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداو گفتوگۆكانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كان گفتوگۆی جدی له‌باره‌وه‌ كرا، جێگری سكرتێری گشتی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غداو چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولایه‌و له‌م پێناوه‌شدا بڕیارو ئه‌جێندای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ده‌دا.

پرسی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌ بوو، جێگری سكرتێری گشتی و كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا گفتوگۆی دۆخی كه‌ركوك و سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌كانیان كردو دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ دۆخی ئه‌م ناوچانه‌ ئاسایی بكرێنه‌وه‌و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌كگوتاری كاربكه‌ن بۆ ئه‌م پرسه‌.

هاوكات له‌دیداره‌كه‌دا هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌و هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌نێو هێزی پێشمه‌رگه‌ گفتوگۆی وردی له‌باره‌وه‌ كراو كۆسره‌ت ره‌سوڵ دیدو تێڕوانینی یه‌كێتی به‌ڕاشكاوی خسته‌ڕوو.

كۆتا ته‌وه‌ری دیداره‌كه‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بوو، هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ ده‌بێ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له‌نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌بێ و لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ هه‌وڵده‌ن په‌ره‌ به‌ چاكسازی بدرێ و دۆخی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ره‌وپێش ببردرێن.