وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ داوای‌ خه‌رجكردنی‌ ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ و پایه‌ بۆ ئه‌فسه‌ر و پله‌دارانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ ده‌كات

أيلول/سبتمبر 07, 2019
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ نووسراوێك داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ھه‌رێمی كوردستان ده‌كات ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ بۆ ئه‌فسه‌ر و پله‌دارانی پێشمه‌رگه‌ خه‌رج بكات و رێژه‌كه‌ش دیاریكراوه‌.
 
شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ 2ی‌ ئه‌یلولی‌ 2019 نووسراوی‌ ژماره‌ 103768ی‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌رماڵه‌ی‌ بڕوانامه‌ و پایه‌.
 

له‌ نووسراوه‌كه‌دا ھاتووه‌: "پاڵپشت به‌ بڕگه‌ی (چواره‌م20) له‌ رێنمایی دارایی ساڵی 2008 و نووسراوی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ژماره‌ 7820/2/2 له‌ 27/4/2011 تایبه‌ت به‌ ره‌زامه‌ندیدان به‌ خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ و پایه‌ بۆ گشت ئه‌فسه‌ر و پله‌دارانی پێشمه‌رگه‌ی وه‌زاره‌تمان و ئاماژه‌ به‌ بڕگه‌ی (6) له‌ تێبینیه‌ گشتییه‌كان ھاتووه‌ له‌ راپۆرتی چاودێری دارایی ژماره‌ 116 له‌ 18/2/2015، ھه‌روه‌ھا له‌ راپۆرتی ساڵی 2016 به‌ھه‌مانشێوه‌ ھاتووه‌ و راپۆرتی لیژنه‌ی به‌خشینی ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ كه‌ فه‌رمانی وه‌زاریمان ژماره‌ 4540 له‌ 30/6/2015 پێكھێنراوه‌ و نووسراوی سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی ئه‌ركان ژماره‌ 15462 له‌ 21/9/201. داواكارین ره‌زامه‌ندی بفه‌رموون له‌سه‌ر خه‌رجكردنی ئه‌م ده‌رماڵانه‌ به‌پێی روونكردنه‌وه‌".

له‌ نووسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا رێژه‌ی ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ و پایه‌ی‌ ئه‌فسه‌ر و پله‌دارانی پێشمه‌رگه‌ به‌مشێوه‌یه‌ دیاركراوه‌:.

 بۆ ھه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا 100%

بۆ ھه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر 75%

بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس 45%

بڕوانه‌می دبلۆم 35%

بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی 25%

بڕوانامه‌ی ناوه‌ندی 15%

ده‌رماڵه‌ی‌ پایه‌ به‌مشێوه‌یه‌ دیاری‌ كراوه‌:
 

بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ %25

 
بۆ به‌رپرسی‌ به‌ش %20
 
بۆ به‌رپرسی‌ هۆبه‌ %15