ورده‌كاری پڕۆژه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ ئاشكراده‌كرێت

آب/أغسطس 20, 2019
ورده‌كاری پڕۆژه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ ئاشكراده‌كرێت
فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان پڕۆژه‌یه‌ك بۆ خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ ئاماده‌ ده‌كات، ئه‌ندامێكی فراكسیۆنه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌پێی پڕۆژه‌كه‌، پله‌به‌ندیی ته‌مه‌ن و ساڵی خزمه‌ت بۆ خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ دیاریكراوه‌ به‌كۆی موچه‌و ده‌رماڵه‌كانیان.

 

 

رۆژان حه‌مه‌ڕه‌ش، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان  راگه‌یاند: وه‌كو فراكسیۆنی یه‌كێتی پڕۆژه‌یاسایه‌كمان بۆ خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ ئاماده‌كردووه‌، كه‌ به‌شێوه‌ی پله‌به‌ندی گۆڕانكاری له‌موچه‌ی خانه‌نشینیاندا ده‌كرێت.

وتیشی: "پڕۆژه‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ كردووه‌ كه‌ بارگرانیی زۆر له‌سه‌ر حكومه‌ت نه‌كات، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌وانه‌ی خواستی خانه‌نشینبوونیان هه‌یه‌ له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ، موچه‌كه‌یان زۆر كه‌م نه‌بێت".

راشیگه‌یاند: به‌پێی پڕۆژه‌یاساكه‌، هه‌ركه‌سێك له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ 15 ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت و ته‌مه‌نی 40 ساڵ بێت، به‌نزیكه‌ی 40%ی كۆی موچه‌و ده‌رماڵه‌كانی خانه‌نشین بكرێت، به‌زیادبوونی ساڵی خزمه‌ته‌كه‌شی گۆڕانكاری به‌سه‌ر ساڵی ته‌مه‌ن و رێژه‌ی خانه‌نشین بوونه‌كه‌یدا دێت.

رۆژان حه‌مه‌ڕه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ئێستادا كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌كاتی خانه‌نشین بوونیاندا، رێژه‌یه‌ك له‌ موچه‌ی بنه‌ڕه‌تییان بۆ ئه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ڵام له‌پڕۆژه‌یاسادا رێژه‌ی كۆی موچه‌و ده‌رماڵه‌كانی دیاریكراوه‌ له‌گه‌ڵ دیاریكردنی ساڵی ته‌مه‌ن.

ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن عه‌باس فه‌تاح په‌رله‌مانتاری یه‌كێتییه‌وه‌ بیرۆكه‌كه‌ی گه‌ڵاڵه‌ كراوه‌و دواتر وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كێتی پاڵپشتی كراوه‌و به‌نیازین له‌وه‌رزی داهاتوودا پڕۆژه‌كه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكه‌ین".