بۆ هەریەك لەكێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لیژنەیەكی تایبەت پێكدەهێندرێت..موچەی هێزە ئەمنیەكانی هەرێم چارەسەر دەكرێت

آب/أغسطس 16, 2019
كێشەی موچەو بودجەی هێزە ئەمنیەكانی هەرێم چارەسەر دەكرێت
بۆ هەریەك لەكێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لیژنەیەكی تایبەت پێكدەهێندرێت، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، "لەمساڵدا زۆربەی كێشەكان یەكلادەكرێنەوە".

 

 

د.ناسر یوسف ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی نوێنەران  ڕاگەیاند، "یەكێك لەخاڵەكانی گفتوگۆی نێوان بەغداو هەرێم پەیوەستە بەموچەو بودجەی هێزەكانی پێشمەرگە، لەو چوارچێوەیەشدا گفتوگۆی ورد لەنێوان هەردولا هەیە".
 
وتیشی:"بەگفتوگۆی چەند ڕۆژێك كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێەوان هەولێرو بەغدا كۆتاییان نایەت، بەڵكو بۆ هەر بابەتێك و لیژنەی تایبەت بەخۆی پێكدەهێندرێت، لەو ڕوەشەوە، لیژنەیەكی تەكنیكی پەیوەست بەهێزی پێشمەرگەو ماف و ئیستحقاقەكانیان پێكهێندراوە".
 
ئاماژەی بەهەوڵەكانی حكومەتی هەرێم كرد بۆ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ بەغداو ئاشكرایكرد، "حكومەتی هەرێم نیەتی جدی بۆ چارەسەری كێشەكان دەربڕیوە، لەهەمانكاتیشدا ئەو نیەتە لەسەرۆك وەزیرانی عیراق دەبینرێت، بۆیە گەشبینین بەوەی لەمساڵدا زۆربەی زۆری كێشەكان چارەسەردەكرێن".