ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆده‌بێته‌وه‌...کۆنگرە دەبەسترێت

آب/أغسطس 10, 2019
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆده‌بێته‌وه‌..بڕیارده‌درێت
سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌می‌ حزبه‌كه‌یان كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیش چه‌ند زانیارییه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت"پرۆژه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌سه‌ركردایه‌تی په‌سه‌ندبكرێت".

 

 

ئاسۆس عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی  راگه‌یاند:"دوای كۆتایی هاتنی پشوه‌كانی جه‌ژن سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئه‌و پێشنیازو پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌كاتی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی پێشنیا كراوه‌ كۆده‌بێته‌وه‌".

وتیشی:"دیاریكردنی كاتی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌كه‌ له‌رۆژی‌ 21ی 11ی‌2019، رۆژی‌ شه‌هیدانی‌ یه‌كێتی‌، ته‌نها پێشنیازی مه‌كته‌بی رێكخستنه‌، مه‌ڵبه‌نده‌كان و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی رێكخستنیش كۆبونه‌وه‌ی خۆیان هه‌یه‌و به‌رده‌وامن له‌گفتوگۆكانیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، مه‌كته‌بی رێكخستن و مه‌ڵبه‌نده‌كان، بۆ كۆنگره‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی ئاماده‌كارین، پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌و پرسه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ گه‌ڵاڵه‌كراوه‌، دواتر  ئه‌و پێشنیازانه‌  ئاماده‌ی ده‌كه‌ن تایبه‌ت به‌به‌ستنی كۆنگره‌، جارێكی تر له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌و په‌سه‌ند ده‌كرێت.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه‌و كاتی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی وتی"به‌مزووانه‌و دوای كۆتایی هاتنی پشوی جه‌ژنی قوربان كۆده‌بینه‌وه‌، ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه‌ كراوه‌، كه‌ ته‌واوی بیرو بۆچون و پێشنیازه‌ جۆراوجۆره‌كان وه‌رگیراوه‌، زۆر ئۆرگان هاوكاریان كردوه‌ پرۆژه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌سه‌ركردایه‌تی په‌سه‌ندبكرێت".