هه‌نگاوى نوێ.. له‌باره‌ی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانه‌وه‌

آب/أغسطس 10, 2019
په‌رله‌مان هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێكرد .. له‌باره‌ی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانه‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی گرنگ تایبه‌ت به‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و ده‌رماڵه‌ی خوێندكاران ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات و په‌رله‌مانتارێكی لیژنه‌ی یاساییش رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، ده‌بێت له‌ماوه‌ی 21 رۆژدا حكومه‌ت وه‌ڵامی په‌رله‌مان بداته‌وه‌.

 

 

روپاك ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان،  راگه‌یاند، داوای بۆچوونی حكومه‌تی هه‌رێم كوردستانمان كردوه‌ له‌سه‌ر 14 پڕۆژه‌ كه‌ ره‌هه‌ندی داراییان هه‌یه‌ له‌وانه‌: گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، رێكخستنه‌وه‌ی خانه‌نشینی له‌ هه‌رێم، چه‌سپاندنی شایسته‌ داراییه‌كانی مووچه‌خۆران و پێدانی ده‌رماڵه‌ی خوێندن به‌ خوێندكاران و چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌.

ئاشكراشیكرد،"به‌هۆی ئه‌وه‌ی تائێستا به‌ڕه‌سمی پڕۆژه‌یاسای چاكسازیی له‌خانه‌نشینی و موچه‌و ده‌رماڵه‌كان ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ دیار نییه‌ ئایا حكومه‌ت به‌شێك له‌و پڕۆژانه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ جێگه‌ده‌كاته‌وه‌ یان نا".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هیچ واده‌یه‌ك بۆ حكومه‌ت دیاریكراوه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی بۆچوون له‌سه‌ر ئه‌و 14 پڕۆژه‌یاسایه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتی:"هیچ واده‌یه‌كی دیاریكراو نییه‌، به‌ڵام به‌پێی مادده‌ی(80) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، هه‌ر پێشنیازه‌ یاسایه‌ك ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند بكرێت، ده‌بێت له‌ماوه‌ی 21 رۆژدا كاری له‌سه‌ر بكات و دواتر كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كرێت، ده‌بێت له‌ماوه‌ی 14 رۆژدا لیژنه‌ی یاسایی بۆچوونی خۆی ده‌ربڕێت".

ئه‌وه‌شی وت:"بۆیه‌ به‌پێی ئه‌و مادده‌یه‌، ده‌بێت حكومه‌ت له‌ماوه‌ی 21 رۆژدا وه‌ڵامی خۆی له‌باره‌ی ئه‌و 14 پڕۆژه‌یاسایه‌وه‌ بنێرێت بۆ په‌رله‌مان كه‌ تائێستا نازانین ئه‌رێنی ده‌بێت یان نا".