سەرجەم داهاتەكانی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ دارایی

آب/أغسطس 08, 2019
سەرجەم داهاتەكانی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ دارایی..زانیاری ئاشكرادەكرێت
لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەبارەی بڕیاری گەڕانەوەی داهاتی وەزارەتەكان بۆ وەزارەتی دارایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە هاتەدەنگ، ئەندامێكی لیژنەكەش ڕایدەگەیەنێت، "ئەوە هەنگاوێكی باشە تاوەكو بزانرێت كۆی داهاتی دروستی حكومەت چەندە".

 

 

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە داهاتی سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم بەوەزارەتی سامانە سروشتیەكانیشەوە، بگەڕێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم.
 
لەو ڕوەوە سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان  ڕاگەیاند، "ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەبارەی گەڕانەوەی داهاتی سەرجەم وەزارەتەكان بۆ وەزارەتی دارایی چاوەڕواندەكەین بزانین چۆن جێبەجێدەكرێت".
 
وتیشی:"تائێستا كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە وەزارەتی سامانە سروشتەكان هەرچەند نەوت بفرۆشێت، تەنها ٣٧٨ ملیار دیناری پارەی فرۆشتنی نەوتەكەی دەدایە وەزارەتی دارایی".
 
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئاشكراشیكرد، "ئەگەر وەزارەتەكان سەرجەم داهاتیان بدەنە وەزارەتی دارایی و داهاتی گومرگ و پارێزگاكانیش سەرجەمیان بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، ئەوە هەنگاوێكی باشە تاوەكو بزانرێت كۆی داهاتی دروستی حكومەت چەندەو دواتر بەگوێرەی پێویستی شارو وەزارەتەكان دابەشبكرێتەوە".