توركیا دوای چەند سەعاتێك بڕیارەكەی عادل عەبدولمەهدی پێشێلكرد Featured

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكی بناری قەندیلیان لەباشووری كوردستان بۆردومان كرد، ئەوەش دوای چەند سەعاتێك لەبڕیارەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

عادل عەبدولمەهدی شەوی رابردوو بڕیاریدا هیچ فڕۆكەیەكی سەربازی ناوخۆیی‌و دەرەكی بۆی نییە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان، كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات بەئاسمانی عێراق بفڕێت.

هەر دوای بڕیارەكە بەچەند سەعاتێكی كەم، بەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئاسمانی سنووری عێراقیان بەزاندو  بۆردومانی گوندەكانی قڕناقە ‌و پشتاشان و چیای بێرمتەیان كردووە.

دواتریش بەچەند دەقەیەكی تر، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندەكانی ساردە، بێرمكە، سەرگەلی، قەڵاتووكان و گەلی بەدرانیان لەبناری قەندیل بۆردومان كردووەو هیچ كاردانەوەیەكیش لەلایەن بەغداوە رانەگەیەنراوە.

بڕیارەكەی عەبدولمەهدی وەك رێكارێكە لەبەرانبەر ئەو دەنگۆیانەی، گوایە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند جارێك بنكەو بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەناو قووڵایی خاكی عێراق بۆردومان دەكەن‌و دیاریش نییە، بەغدا كاردانەوەی بەرانبەر فڕۆكەكانی توركیا دەبێت یان نا.

توركیا بەبیانووی بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، رۆژانە سنووری عێراق دەبەزێنێت‌و بۆردومانی ناوچە جیاوازەكان دەكات، ئەوەش كاردانەوەی دروست كردووە.

Rate this item
(0 votes)