ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی‌ ئاڵای‌ كوردستانی‌ ره‌تكرده‌وه‌، سزا درا Featured

ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی‌ له‌پارێزگای موسه‌ننا ئاڵای‌ كوردستانی‌ ره‌تكرده‌وه‌، سزا درا به‌ گواستنه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و داوكاریشه‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ لێكۆڵینه‌وه‌ بكات.

 

عه‌دنان زه‌رفی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌سه‌ر ئیئتیلافی نه‌سڕ كه‌ حه‌یده‌ری‌ عه‌بادی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات، له‌ هه‌ژماری‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاند كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ ئه‌منی‌ فه‌رمانی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌یان ده‌ركردووه‌ كه‌ له‌ پارێزگای‌ موسه‌ننا ئاڵای‌ كوردستانی‌ ره‌تكرده‌وه‌.
 
عه‌دنان ئه‌لزه‌رفی‌ نووسیویه‌تی‌: "پێویسته‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ رێوشوێن دژی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ (حسێن عیساوی)-یان له‌ موسه‌نناوه‌ گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری‌ كه‌ركوك.
 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ئه‌و كاره‌ پێشێلكردنی یاساكانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و دادگای ئاسایشی ناوخۆیه‌ و پێویسته‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ گه‌ر ئه‌و كاره‌ نه‌كرێت، هه‌وڵ‌ ده‌ده‌ن وه‌زیری ناوخۆ بانگهێشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بكه‌ن و لێپرسینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكه‌ن.
 
له‌كاتی‌ سه‌ردانیكردنی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوه‌كان بۆ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌ شاری‌ موسه‌ننا، ئه‌فسه‌رێكی‌ عه‌ره‌ب به‌ناوی حسێن عیساوی ئاڵای كوردستانی به‌ملی كه‌سوكارێكی ئه‌نفالكراوانه‌وه‌ ره‌تكرده‌وه‌ و داوایلێكرد دایگرێت، ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ش هه‌رای نایه‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ راگیرا.
 

له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ش ئه‌حمه‌د مه‌نفی‌ پارێزگاری‌ موسه‌ننا دوای‌ لێبووردنی‌ كرد و بڕیاری‌ دا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ئه‌فسه‌ره‌ بكرێت و سزا بدرێت.

 

Rate this item
(0 votes)