بەژداری پێ کردنی هەواڵ لە

FacebookTwitterGoogle BookmarksRSS Feed

ئه‌سه‌سه‌رد: نه‌ده‌بوایه‌ باشووری شنگال ڕاده‌ستی سوپای عیراق بكرایه‌
Featured

19 حوزەیران 2017

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ شنگال ده‌ڵێت: ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ باشووی شنگال ڕاده‌ستی سوپای كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ نه‌ده‌بوایه‌ ڕاست بكرایه‌نه‌وه‌ و ده‌كرا ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ هه‌ر ڕووی نه‌دایه‌ و له‌بری ئه‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ جێگیركرابان.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی كوردستان له‌وتارێكدا كه‌ئه‌مڕۆ 19-6-2017 له‌ لاپه‌ڕه‌ی 3 ی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له‌ژێر ناوی شنگال وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ته‌نگژه‌كانی داهاتوو بڵاویكردۆته‌وه‌ نووسیویه‌تی: ئێستا هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ باشوری شنگال راده‌ستی هێزه‌كانی سوپای عیراق كراونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌م مانایه‌ دێت كه‌ یه‌كه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی عیراق بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ باشووری شنگال ده‌ستی پێ كردووه‌. ده‌كرا ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ هه‌ر روی نه‌دایه‌، ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی جێگیركراو له‌ شنگال، پاش رزگاركردنی شنگال، جموجوڵی بكردایه‌‌و ناوچه‌كانی باشوری شنگالیشی له‌ داعش پاك بكردایه‌ته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ڕه‌خنه‌ی له‌ ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی شنگال گرتووه‌ و نووسیویه‌تی:  دیاره‌ ئۆپه‌راسیونی گرتنه‌وه‌ی شنگال هه‌ر  له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ستراتیجێكی روونی نه‌بوه‌‌و ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی ژمێردراوه‌، ئه‌وه‌نده‌ وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی عه‌سكه‌ری حیسابی بۆ نه‌كراوه‌. به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ داعش له‌ موسڵ له‌ پاشه‌كشه‌دا بووه‌، ده‌رفه‌تێكی گونجاو بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیونێك بۆ رزگاركردنی باشوری شه‌نگال له‌ ئارادا بوو، كه‌چی هێزه‌ جێگیركراوه‌كانی شنگال بستێك له‌ شنگال نه‌چونه‌ ده‌رێ‌و ته‌واوی باشوری شنگالیان بۆ داعش به‌جێ هێشت، تا ئه‌و كاته‌ی حه‌شدی شه‌عبی بازووی لێ هه‌ڵماڵی‌و له‌ ئۆپه‌راسیونێكی سه‌ركه‌وتوودا ئه‌و ناوچه‌یه‌شی له‌ داعش پاك كرده‌وه‌.

سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی كوردستان باس له‌ ڕۆڵی ئێزدییه‌كان له‌ گرتنه‌وه‌ی شنگال كردووه‌ و ئاژماره‌ به‌وه‌ ده‌كات:ئێزدییه‌كان له‌ رزگاركردنی باشوری شنگالدا رۆڵێكی سه‌ره‌كییان هه‌بوه‌، به‌تایبه‌تی فه‌وجی لالش كه‌ به‌شێكی حه‌شدی شه‌عبی پێكدێنێ‌و هه‌روه‌ها یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال (یه‌په‌شه‌) كه‌ رۆڵێكی كاریگه‌ریان له‌ شه‌ڕه‌كاندا هه‌بوه‌.
ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ پاش رزگاركردنی شنگال له‌ شنگال جێگیر كران، له‌بری ئه‌وه‌ی داعش له‌ باشوری شنگال راماڵن، به‌درێژایی ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێك هه‌ر سه‌رقاڵی ململانێ بوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ چیای شنگال‌و هێزه‌كانی یه‌په‌شه‌ كه‌ له‌خودی ئێزدییه‌كانی شنگال پێك هاتوون.

هێشتا ئێزدییه‌كان كاره‌ساتی له‌ده‌ستدانی شنگالیان به‌بێ شه‌ڕ له‌ ساڵی 2014 له‌بیر نه‌چۆته‌وه‌،ئه‌وه‌شی هاته‌ سه‌ر كه‌ هێزه‌ جێگیركراوه‌ی شنگال هیچ رۆڵێكیان له‌ رزگاركردنی باشوری شنگالدا نه‌بووه‌‌و به‌خۆڕایی ئه‌ركه‌كه‌یان بۆ حه‌شدی شه‌عبی به‌جێ هێشتووه‌. خاڵی گرنگ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێزدییه‌كان ئێستا ده‌توانن شانازی به‌وه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ تۆڵه‌ی خۆیان له‌ داعش كردۆته‌وه‌‌و به‌شداریش بوون له‌ رزگاركردنی به‌شێكی ناوچه‌كانیان.

ده‌ركه‌وتنی حه‌شدی شه‌عبی‌و هێزه‌كانی سوپای عیراق له‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی وه‌ك باشوری شنگال، ده‌شێ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیان بێ له‌ ناوچه‌ی تریش. ئه‌مه‌ش ره‌وشه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌با كه‌ له‌ قۆناغی پێش‌و پاش له‌ناوچونی داعش، ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ببینه‌ كوانوی ململانێی چه‌كدار، ئه‌گه‌ر ره‌وشه‌كه‌ به‌باشی كۆنترۆڵ نه‌كرێ.

لێره‌ به‌دواوه‌، به‌غدا خۆی بۆ گرتنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ئاماده‌ ده‌كا. ره‌نگه‌ داوا له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ش بكرێ به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیونه‌كه‌دا بكات، به‌ڵام ئاستی به‌شداری كردنه‌كه‌ له‌ ئاستی به‌شداری كردن له‌ موسڵ تێناپه‌ڕێ. هه‌رچه‌ند ده‌رپه‌ڕاندنی داعش له‌ ته‌له‌عفه‌ر بایه‌خێكی زۆری بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی شنگال هه‌یه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ به‌بێ كێشه‌ تێناپه‌ڕێ.

بۆ به‌غدا گرتنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه‌. كاتێك به‌غدا ته‌له‌عفه‌ر به‌ده‌ست دێنێته‌وه‌، هێزه‌كانی عیراق بۆیان ده‌لوێ به‌ربه‌ستێك له‌نێوان شنگال‌و پارێزگای دهۆك دروست بكه‌ن‌و له‌ ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌ هێزه‌كانی عیراق ده‌توانن سنوری عیراق – سوریا كۆنترۆڵ بكه‌ن‌و به‌ره‌و سه‌روتریش، رووه‌‌و زوممار‌و چاڵه‌ نه‌وته‌كانی، هه‌ڵكشێن. له‌لایه‌كی تره‌وه‌،گرتنی ئه‌و ناوچانه‌ له‌مپه‌رێك له‌نێوان توركیا‌و شنگال دروست ده‌كا‌و ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م هێرشی زه‌مینیی توركیا بۆ سه‌ر شنگال پێكدێنێ‌و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ جموجوڵی په‌كه‌كه‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ سنور دژوارتر ده‌كا‌و ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا ده‌رفه‌تێك بێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاو بۆ بوونی په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌قۆناغی دوای داعش ئومێد به‌خشه‌ و هاوكاتیش كێشه‌ی تری لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت:
قۆناغی پاش داعش چه‌ند ئومێدبه‌خشه‌، ئه‌وه‌نده‌ش مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی تره‌. بۆیه‌ هاوكاریی هێزه‌ لۆكاله‌كان‌و ناوچه‌ییه‌كان‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ رێ نه‌دان به‌ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی تر، یاخود لانی كه‌م بۆ تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كه‌ به‌ كه‌مترین زیان، بۆ هه‌موو لایه‌ك كه‌ هه‌ست به‌ لێپرسراوه‌تی ده‌كه‌ن، بایه‌خێكی زۆری هه‌یه‌.

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥