ریفراندۆم لە بەغدا ‌
گرنگ

11 حوزەیران 2017
كاروان یاروه‌یس‌
 
دواجار وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دیاریكرا، بۆیە ناڵێم باشوری كوردستان، چونكە هێشتا روون نییە، كە ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكانیش دەگرێتەوە  یان نا. 
هەرزوو ئەم بڕیارە، كاردانەوەی ناوخۆیی ‌و دەرەكی بەدوای خۆیدا هێنا، لەسەر هەردوو ئاستەكەش چاوەروانكراوبوو، لە كوردستاندا ئەگەرچی پرسی ریفراندۆم وەك پرسێكی نیشتمانیی چارەنوسساز و ئامانجێكی لەمێژینەی نەتەوەیی تەماشا دەكرێ‌، بەڵام بۆ چۆن ‌و كەی ئەنجامدانی ڕاو بۆچونی جیاواز هەیە. 
جیاوازییە لۆكاڵیەكان لەسەر ریفراندۆم ئاساییە، لەبری ئەوەی دوو خانەی جیاواز دروست بكرێ‌ بۆ ئەوانەی پشتیوانی دەكەن نیشتمانپەروەرن و ئەوانەی تێبینی و بیروڕای جیاوازیان هەیە ناپاكن،  واباشترە بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەكە زەمینەی گفتوگۆی نیشتمانیی بسازێنرێیی.
ئەم پرسە گرنگە، كە لەوەتەی بەزۆر و زۆرداری باشوری كوردستان لكێندراوە بە عێراقەوە، كورد كۆششی سیاسی و چەكداری بۆ دەكات و دەیان هەزار شەهید و قوربانی بۆ داوە، شایانی ئەوەیە گفتوگۆی زیاتر و وردتری لەبارەوە بكرێ‌ و ئامادەكاری تۆكمە تری بۆ بكرێ‌. 
  كورد پێویستە لەناو ماڵی خۆیدا، هێزێكی نیشتمانیی و یاسایی گەورە بدات بە ریفراندۆم، ئەوەش بە یەكخستنەوەی ریزەكان‌و چارەسەركردنی كێشەكان ‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكرێ‌، ئەگەر ئەمە نەكرا، ئیدی چۆن چاوەروان دەكرێ‌ لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پشتیوانی لە ریفراندۆمی باشوری كوردستان بكرێ‌. ئەگەر خۆمان نێو خۆماندا یەكدەنگ و یەك ستراتیژ نەبین لەسەر چۆنێتی بەكارهێنانی مافی چارەنوس و جاڕدانی سەربەخۆیی، چۆن چاوەرێی هەڵوێستی ئەرێنی و پشتیوانی گەل و وڵاتانی تر بكەین؟ یان تۆ بڵێی پرسێكی وا گرنگ و پیرۆز شایانی ئەوە نەبێت بە قسەیەك پەرلەمانی بۆ كارا بكرێتەوە؟
هەر كەسێك كەمێك شارەزایی لەهەڵبژاردن و ئەمجۆرە پرۆسانەدا هەبێ‌، تێدەگات ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم ‌و هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم ، كە نێوانیان تەنها سی رۆژ بێت لەرووی هونەریی و كارگێڕییەوە دەگونجێ یان كۆمیسیۆن فریا دەكەوێ‌؟ بەدڵنیاییەوە فریا ناكەوێ.
لەرووی سیاسیەوە،  چەند رۆژێكی كەم دوای ریفراندۆم راستەوخۆ هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم دەست پێدەكات، كەشێكی پڕ لەململانێی توند دەخوڵقێی، كە هەموو ئەو كێشانەی ئەمڕۆ هەیە، لەناو هەڵمەتەكەدا زەقتر ڕەنگدەداتەوە، ئەوكات چۆن رووبەرووی هەموو ئەو كاردانەوەو هەڵوێستە توندنانە، یان ئەو هەلومەرجە نوێیە هەستیارەی دوای ریفراندۆم دێنەئاراوە، دەبینەوە؟ 
  لەكاتێكدا لەدوای ریفراندۆم كورد پێویستی بەناوماڵێكی یەكگرتوو و یەك گوتاری هەیە، تابتوانێ رووبەروی مەترسیەكان ببێتەوەو ئامادەكاری بۆ قۆناغی دواتر بكات، كە جاڕدانی سەربەخۆییە، بەڵام دوای ریفراندۆم، كە هەڵبژاردن دەكرێ‌ بەدڵنیاییەوە چەند مانگێك بۆشایی یاسایی دروست دەبێت و كوردستان بێ‌ پەرلەمان و سەرۆك دەبێت و گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان درێژە دەكێشێ. 
ئێستاش كات ماوە، پەرلەمان كارابكرێتەوەو كێشەكان چارەسەر بكرێ‌ ‌و كۆدەنگی نیشتمانی دروست ببێ‌ و ریفراندۆم لەكاتی خۆیدا و بەكۆدەنگی ئەنجام بدرێ‌، بەڵام لەرووی تەكنیكیەوە هەڵبژاردنەكانی كوردستان ماوەیەكی كەم دوابخرێ‌. 
ریفراندۆم پێویستە بۆ سەربەخۆیی بێت، مەرجیش نییە پاش پرۆسەكە راستەوخۆ جاڕی دەوڵەت بدرێ‌، بەڵكو ئەكرێ‌ ستراتیژێكی نیشتمانیی گەڵاڵە بكرێ‌ و بەشێنەیی پایە گرنگەكانی دەوڵەت بنیادبنرێ‌، ئەو كات ریفراندۆم و ئەنجامەكەشی وەك هێزێكی نیشتمانیی دەمێنێتەوە. 
دوای كۆدەنگی نیشتمانی، گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا بەوەفدێكی كوردستانی یەكگرتوو، هەنگاوێكی تری گرنگە بەرەو سەربەخۆیی،  ئەگەر بەشێك بین لەعێراق یان جیا ببینەو، پێویستە پەیوەندییەكی ئاساییمان هەبێت. گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا دەرگایەكی گرنگ بەرووی ریفراندۆم دەكاتەوە، ئەوكات دەكرێ‌ نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی پرۆسەكە بكەن و هێزێكی تری یاسایی وەربگرێ‌. 
جگە لەوەش هەڵوێستی هەندێك لەوڵاتانیش دەگۆڕێ، چونكە لەروانگەی دیپلۆماتیەوە، بەبێ‌ رەزامەندی بەغدا و سەرپەرشتی كردنی نەتەوەیەكگرتووەكان، پشتگیری كردنی وڵاتان بۆ ریفراندۆم، بەدەستێوەردان لە سەروەری وڵاتان تەماشا دەكرێ‌. هەڵوێستی وڵاتانیش لەسەرەوە شتێكەو لە ستراتیژ و یاری هەواڵگریی شتێكی ترە. 
ریفراندۆم بەرەو سەربەخۆیی ئامانجێكی پیرۆزی لەمێژینەی گەلی كوردستانە،  بۆیە پێویستی بە كۆدەنگی و ستراتیژێكی نیشتمانیی هەیە.

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥