بەهەرێمكردنی سلێمانی لە دیدێكی ترەوە
گرنگ

08 حوزەیران 2017
ماوەیەكە مەسەلەی بەهەرێمكردنی سلێمانی وەك چارەسەرێك بۆ قەیرانی سیاسی‌و دەسەڵات‌و ئابووری‌و كارگێڕی لە كوردستان بەگەرمی هێنراوەتەوە بەرباس، كە زیاتر لە بازنەی بیرۆكە‌و رای كەسیدا خۆی دەبینیەوە، نەك بنەما‌و پرەنسیپێكی جێگیر‌و كارلەسەركراوی لایەنێكی سیاسی یاخود گرووپێكی دیاریكراو ( تا ئێستا هیچ هێزێكی سیاسی لە كوردستان دروشمی پرۆژەیەكی لەوجۆرەی بەرزنەكردۆتەوە)، كە بێگومان ئەوەش دواجار رەنگدانەوەی لەسەر جەدوا‌و چارەنووسی تەرحێكی لەو شێوەیە لە ئایندەدا دەبێت.
سۆران علی‌  
 
 
هەوڵدان بۆ دروستكردنی هەرێمێكی پێكهاتوو لە پارێزگایەك یاخود چەند پارێزگایەك لەعیراقدا، لەڕووی یاسایی‌و دەستوورییەوە هیچ ناكۆكی‌و دژبەیەكیەكی تێدا نییە، بگرە مافێكی زامنكراویشە بەدەستووری كارپێكراوی وڵات، بەمەرجێك رێككارە یاسایی‌و ئوسوڵیەكانی گرتبێتەبەر‌و لایەنێكی تەبەنیكەر خاوەندارێتی بكات‌و بە ریفراندۆمێك دەنگی بەڵێ‌و پشتیوانی پێویستی دانیشتووانی سنوورە جوگرافییەكەی بەدەستبهێنێت.
كەڵك‌و قازانجەكانی پێكهێنانی هەرێم لە هەر سیستمێكی فیدراڵیدا بەپلەی یەكەم خۆی لە زامنكردنی دابەشكردنێكی عادیلانەی سامان‌و داهات‌و نەهێشتنی غوبن‌و بێبەشبووندا دەبینێتەوە، دوای ئەویش دابەشكردنی دەسەڵات‌و هێنانەدی هاوسەنگی لە ئەرك‌و مافەكاندا دێت، ئەوە جگە لە ئاسانكاری كارگێڕی‌و بەدیهێنانی لامەركەزیەت‌و كەمكردنەوەی قورسایی لەسەر ناوەند‌و رێگرتن لە چڕبوونەوەی توانای بڕیاردان لە تەنیا پێگەیەكدا، بەم پێودانگەش دەستبردن بۆ مەسەلەیەكی وا بەئامانجی گەیاندنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی باڵاتری حوكمڕانی، جێگای نرخاندن‌و بەرز هەڵسەنگاندنە بەتایبەتی كە ئێستا كوردستان لەهەموو ئەو سێكتەرانەی ئاماژەمان پێدان، لە پاشەكشەی ئاشكرا‌و بەرچاودایە، بەڵام هەر هەنگاوێکی وا دەبێت ئامانجی سەرەتاو کۆتایی بۆ پارێزگاریکردن لە یەکگرتوویی کوردستان و هێشتنەوەی بە تۆکمەیی و یەکپارچەیی بێت.  
ئەوەی لە بانگەشەكانی ئەمدواییەی پەیوەست بەو پرسە هەستی پێدەكرێت، پەرۆشی‌و خەمخۆری دڵسۆزانە نییە بۆ بەهەرێمكردن‌و بەرقەراركردنی سیستمێكی فیدراڵی بە مانا راستەقینەكەی، بەقەدەر ئەوەی بەكارهێنانی ئەو بژاردەیەیە بۆ دەربازبوون لە كۆمەڵێك كێشەو قەیران كە هەموو رێگەچارەكان بۆ بەلاداخستنیان نەگیراونەتەبەر‌و زۆر دەرچە ماون بۆ یەكلاكردنەوەیان تاقیبكرێنەوە، ئەوەندە لەسۆنگەی باوەڕبوون بە پێویستبوون‌و گونجاوی فیدراڵیزمەوە سەرچاوەی نەگرتووە وەك شێوازێكی پێشكەوتووتر‌و شیاوتری حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان.
پەنابردن بۆ بەهەرێمكردنی سلێمانی، یان وەك هەندێك داوای دەكەن كردنی سلێمانی‌و كەركوك‌و هەڵەبجە بەیەك هەرێم، ئەگەر تەنیا لەوەدا بچووك بكرێتەوە كە ببێتە وەڵامێك بۆ قۆرغكاری حزبێك یان رێگرتن‌و سنووردانان بێت بۆ زیادڕۆیشتنی لایەنێكی سیاسی دیاریكراو، ئەوا دواجار لە ناوەرۆكە فیعلیەكەی دادەماڵرێت‌و دەچێتە قاڵبی كاردانەوە‌و هەڵوێستوەرگرتن، نەك خواستێكی رەسمی‌و بۆ بەرجەستەكردنێكی راستەقینەی ئەو سیستمە بە هەموو باشە‌و خراپەكانیەوە، سەرەنجامیش لەبری تەبایی‌و گەشەكردن‌و بوژانەوە‌و پێشكەوتن، ناتەبایی‌و ناسەقامگیری‌و گرژی‌و ئاڵۆزی لێدێتە بەرهەم.
بۆ كورد كە بە سەرقافڵە‌و داهێنەر‌و داكۆكیكاری سەرسەختی سیستمی فیدراڵی لە عیراق ناسراوە، بوونی ئەو دەنگانەی داوای پەیڕەوكردنی ئەو شێوازەی حوكمڕانی‌و بەڕێوەبردن لەخودی هەرێمی كوردستان دەكەن، مایەی دڵخۆشیە‌و نیشانەی پتەویی باوەڕبوونە بە كرۆكی ئەو سیستمە‌و پەرۆشی بۆ چەسپاندنی لە سەرانسەری وڵاتدا، بەڵام كاتێك بانگەشەبۆكردنی دەكرێتە پرۆژەیەك بۆ دروستكردنی گوشار‌و تەنیا بۆ پێشكەشكردنی مۆدێلێكی حوكمڕانی جیاواز لەوەی كە هەیە بەكاردەبرێت، یان وەك جێگرەوەیەك بۆ خەونی سەربەخۆیی لەقەڵەم دەدرێت، ئەوا پێش هەموو شتێك زیانی گەورە بە سیستمەكە دەگەیەنێت‌و لە ناوەرۆكەكەی بەتاڵی دەكاتەوە، پاشان لەبری ئەوەی ببێتە فاكتەرێك بۆ بەهێزكردنی پابەندبوونی نیشتمانی لە ئاستی سیاسی‌و هەوێنی پتەوكرنی شوناسی نیشتمانی كۆكەرەوە‌و یەكخەری دەنگ‌و رەنگە جیاجیاكان، دەگۆڕێت بۆ ئامرازێكی ئاسانی برەودان بە نەزعەی پەرتبوون‌و جیاكاری‌و لێكدوورخستنەوە، چجای ئەگەر لە هەلومەرجێكی نائاسایی پڕ لە شەڕ‌وشۆڕ‌و تەشەنوجی ناوخۆیی‌و دەرەكی وەك ئەمڕۆی كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەدا سەرهەڵبدات كە پێشبینیكردنی داهاتووی بارودۆخی سیاسی‌و ئایندە، زیاتر لە مەحاڵەوە نزیكە.
لە هەموو بارێکدا لەدۆخی ئێستای کوردستاندا پێویستەو گرنگیشە هەڵهێنانی هەر هەنگاوێک بەئاراستەی لامەرکەزیەتێکی فراوان، یەکگرتوویی کوردستان بپارێزێت هەتا بەشێک بێت لەعیراق، هەر کاتێکیش سیستمی حوكمڕانی تێیدا گەیشتە سیغەیەکی سوپەر فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی کە یەکەیەکی فیدراڵی گشتگیری هەبێ، ئەوکات دەکرێت هەر پارێزگایەکیش وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی یەکە گشتییەکەدا مامەڵە بکات، بەڵام ئەمەش بۆ هەلومەرجی ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرفت و کێشە یاساییانەی بوونیان هەیە، بەدیهاتنی ئەستەمە.
 
 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥