ملیۆنێری سیاسیی ‌
گرنگ

06 حوزەیران 2017
ئەو ملیۆنێر و ملیاردێرە بازرگانانەی دەرگایەكی دیكە دەكەنەوە و دەچنە نێو سیاسەتەوە، جیاوازی لەگەڵ ئەو تایپانەدا زۆرە كە سیاسیین و بوونەتە ملیاردێر و بازرگانی گەورە، ئەوانەی لەسەر سیاسەت دەبن بەملیۆنێر لە كوردستان زۆرن، بەڵام ئەوانەی ملیۆنێرن و دەبن بە سیاسیی زۆر كەمبوون و كەمن.
 
عەتا کەریم‌
هێشتا رەهەندەكانی ئایندەی كار و پێشبینییەكانی بازرگانی سیاسیی لەسەر كایەی حوكمڕانی و سیاسیدا روون و نادیارە، پێشبینییەكانیش بۆ ئەم مۆدێلە درشتن، وەك شارەزایانی بواری ئابووری و سیاسیی ئاماژەی پێدەدەن، كە دەشێت لە تێروانینی سیستمی سەرمایەداریی و بازاڕی ئازادەوە، ملیۆنێری سیاسیی پێوەرەكەی بەهای پارەبێت، هاوكێشە مرۆییەكانیش لەو چێوەیەدا پێوانە و هاوسەنگ بكات، یان پشتیوانییەكانی بۆ دیموكراسیی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ دیسانە بە تێچووی ئابووریانە پێوانە بكات، كە دەبنە گورزێكی گوشندە بۆ ئەو پرانسیپانە.
دیوێكی دیكەی خوێندنەوەكانیش بەجۆرێكی دیكەیە، كە سەركردەی تێری ئابووری رێگر دەبێت لە گەندەڵی دارایی و خۆ پێگەیاندن لەسەر كایەی سیاسیی و حوكمڕانی، كە پێچەوانەی «باو»ە، كە زۆرێك لە سەركردەو سیاسییەكان دەبنە كەڵەكچی پارە و سەرمایە لەسەر حسابی گشتی!!.
قۆناغی سەركردایەتیكردن لەوڵاتانی پێشكەوتووی خاوەن سەروەری، پەرلەمان، دەسەڵاتەكانی دادگا و چاودێری و راگەیاندنی ئازا و ئازاد، كە كاری خۆیان دەكەن، تەواوكەری بەڕێوەبردنن، ئەوا ئەگەر بازرگانی ملیۆنێر یان بازرگانی سیاسی لە هەرەمی یەكەم و دووەم و ئەوانی تریشدا بن، نابنە مەترسیی، بەوپێیەی «پرۆژە و كارنامە» بنەمان، هەروەك بۆ هەر مشەخۆریی و گەندەڵییەك، یاسا رێگریی دەكات و دەربازی نابێت، وەك ئەو نمونەیەی بەرامبەر بە ژاك شیراك-ی سەرۆكی فەرەنسا كرا، یان ئەوەی بەرامبەر بە بێرلیسكۆنی سەرۆكی ئیتاڵیا كرا، بۆیە كەمترین نمونە هەیە كە بواری سیاسەت دەرفەتی بە ملیۆنێر و ملیاردێر دابێت لەچاودێری و سزادان دەربازی بێت، پارك غوین های سەرۆك وەزیرانی كوریای باشووریش تازەترین نمونەی 2017یە كە بەهۆی گەندەڵی لەكار لابرا و ئێستا جێگەی زیندانە!!.
مۆدێلی حوكمڕانی تایپە خراپەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەوەندەیە، زۆر لە سەركردە و سەرۆك و ماڵباتیان، لەسەر كورسی دەسەڵات و لەپەنای سیاسەتەوە، خاوەنی كۆشك و تەلار و خۆشبەختین، بازرگان و ملیاردێرن، خەڵك و گەلیشیان برسی و ناڕازی، هۆكاری شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی كە لە تونسەوە لە (2010) بە ئاگری جەستەی بوعەزیزیەوە كڵپەی كرد، زۆرێك لە وڵاتانی گرتەوە و هەندێك لە سەرۆك بە پارەو پولەوە رایانكرد، هەندێكیان خرانە زیندان وەك حوسنی موبارەك و كوڕەكانی،  هەشبوو لە ناوبرا وەك موعەممەر قەزافی سەرۆكی لیبیا لە (2011).
هاوكات نمونەی وڵاتانی كەنداویش هەن، كە ملیاردێر و خۆشبەخت و میری سەرتەخت و پارەو دۆلار و نەوتن، بەڵام خەڵكەكەشیان تێرو پۆشتەن، وڵاتیان ئاوەدان و پێشكەوتوون، لەترسی خەم و كورسی خۆیان، خەمی خەڵكیشیان لە بیرە.
هەر لەم چێوەیەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا، نمونەی هەرێمی كوردستان هەیە كە خاوەنی نەوت و ئەزمونی خۆبەڕێوەبردنی 26 ساڵەیە، بەڵام نەیتوانیوە خاوەنی نمونەیەكی پێشكەوتووی بەردەوام بێت، ئەوكاتەی نەوتی هەناردەنەدەكرد، خەڵك و حوكمڕانی باشتر بوو، بەڵام دوای ئەو پرۆسەیە خاوەنی زۆرترین سیاسیی ملیاردێر و بازرگانە، خاوەنی زۆرترین قەیران و كێشەی دارایی و ئابوورییە، خاوەنی پاشەكشە لە بەرێوەبردن و خەباتی دیموكراسیی و پەرلەمانی، خاوەنی زۆرترین خەڵكی توڕەو نارازیی و خاوەنی مۆدێلی شپرزە و دژەخۆیە لە بەرێوەبردن و حوكمڕانی پاشەكشە.

 

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥