״خانووه‌ قوڕه‌كان״
گرنگ

30 ئایار 2017
هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌‌
 
«ئه‌گه‌رچی له‌دووه‌مین كۆنگره‌دا یه‌كێتی هێڵی گشتیی په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ ره‌نجده‌رانی بیروبازوو و هاووڵاتیانی خانووه‌ قوڕه‌كان دیاریكردبوو، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئۆرگان‌و هه‌ڤاڵان ئه‌و ئه‌ركه‌یان وه‌ك پێویست جێبه‌جێنه‌كردووه‌».
ئه‌م بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌شێك بوو له‌ڕاپۆرتی سیاسیی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال كه‌ رۆژی 2/6/2010، له‌دووه‌مین رۆژی سێیه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیدا پێشكه‌شیكرد. پێشتریش له‌ڕاگه‌یه‌نراوی چواره‌مین پلینۆمی یه‌كێتیدا كه‌ رۆژانی 29-31/10/2009 له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، دروشمی «به‌ره‌و خانووه‌ قوڕه‌كان» به‌رزكرایه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌زۆربه‌ی وتارو كۆبوونه‌وه‌كانیداو یه‌كێتیش به‌رده‌وام له‌به‌رنامه‌ی خۆیدا جه‌ختیان له‌پێویستیی «به‌ره‌و خانووه‌ قوڕه‌كان» كردۆته‌وه‌، له‌م قۆناغه‌شدا كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م دروشم‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستتره‌.
بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌م پێویستییه‌ له‌كاتێكدایه‌ دووسبه‌ی 1/6/2017، یادی 42 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و 41 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌. بۆیه‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی له‌م یاده‌دا پێش هه‌موو شتێك هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كێتی‌و خانووه‌ قوڕه‌كان، یان هه‌نگاوه‌كانی یه‌كێتی بۆ جێبه‌جێكردنی دروشمی «به‌ره‌و خانووه‌ قوڕه‌كان» له‌چ ئاستێكدان؟.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌شدا له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕوونی هه‌ستی پێده‌كرێت هێشتا «ئه‌م ئه‌ركه‌ وه‌ك پێویست جێبه‌جێنه‌كراوه‌»، بۆیه‌ پێویسته‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌كاره‌ له‌پێشینه‌كانی یادكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی بێت‌و بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ له‌م یاده‌دا لێپرسراوانی یه‌كێتی له‌هه‌موو بوارو ئۆرگانه‌ جیاوازه‌كاندا، له‌ناو «خانووه‌ قوڕه‌كان»دا كه‌زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان‌و كیمیابارانكراوان، پێشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌رو رێكخستنه‌ دێرینه‌كان، كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌رو زیندانیانی سیاسی‌و خاوه‌ن قوربانییه‌كانی دیكه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌خاوه‌نی شۆڕشی نوێن، ئه‌م یاده‌ بكه‌نه‌وه‌و هه‌ڵمه‌تی ده‌رگا به‌ده‌رگا ده‌ستپێبكه‌ن‌و پیرۆزبایی ئه‌م یاده‌یان لێبكه‌ن، گوێیان لێبگرن‌و ره‌خنه‌و سه‌رنج‌و داواكاری‌و پێشنیازه‌كانیان به‌هه‌ند وه‌ربگرن‌و كاری جدی‌و پێویست له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنیان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م یاده‌ بكرێته‌ ده‌ستپێكێكی نوێ بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ی پێویست‌و خزمه‌تكردنی زیاتری «خانووه‌ قوڕه‌كان»‌و هه‌موو چین‌وتوێژه‌كانی دیكه‌. یاده‌كه‌ بكرێته‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌هه‌ر هۆكارێك له‌ یه‌كێتی زویربوون، ئاشتبكرێنه‌وه‌و رێگه‌كانی ئاشتكردنه‌وه‌ش روون‌و له‌به‌رچاون‌و ته‌نها پێویستیان به‌وه‌یه‌ كاری پێویستیان له‌سه‌ر بكرێت. 
له‌م قۆناغه‌دا له‌هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستمان به‌وه‌یه‌ یادی یه‌كێتی، وه‌ك سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی نوێ، ببه‌ینه‌وه‌ ناو خانووه‌ قوڕه‌كان‌و ره‌نجده‌رانی بیروبازوو، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌پێویسته‌، پته‌وبكرێته‌وه‌، چونكه‌ پته‌وكردنه‌وه‌ی نێوانی یه‌كێتی‌و «خانووه‌ قوڕه‌كان»‌و ره‌نجده‌رانی بیروبازوو، مه‌رجێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بتوانێت وه‌كو جاران، بۆ ئێستاو ئاینده‌ش رۆڵی پێویستی خۆی له‌هه‌موو بواره‌كاندا بگێڕێت، سه‌رئه‌نجام به‌و هه‌نگاوه‌ ئه‌و رۆڵه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ له‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا ده‌بێت.
با هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌ناو «خانووه‌ قوڕه‌كان»داو له‌پێناوی خزمه‌تكردنی زیاتری «خانووه‌ قوڕه‌كان»و هه‌موو چین‌وتوێژه‌كاندا، یادی یه‌كێتی بكه‌ینه‌وه‌، با یادی یه‌كێتی ببه‌ینه‌وه‌ بۆ ئامێزی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌رۆژێك له‌ڕۆژان له‌پێناوی یه‌كێتیدا ماندووبوون. با له‌ناو «خانووه‌ قوڕه‌كان»ه‌وه‌و له‌به‌ر پێویستیی زۆری «خانووه‌ قوڕه‌كان» به‌ یه‌كێتی هه‌موومان «به‌هێزكردنی یه‌كێتیی ناو یه‌كێتی، به‌پیرۆزترین‌و گرنگترین ئه‌ركی خۆمان بزانین»‌و هه‌نگاوی پێویست‌و كرداری به‌ره‌و «چه‌سپاندنی یه‌كێتیی ناو یه‌كێتی» بنێین.
چه‌سپاندنی یه‌كێتیی ناو یه‌كێتیش، سه‌ره‌تایه‌كی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بتوانێت رۆڵی زیاترو پێویست له‌پێناوی چاره‌سه‌ری دۆخ‌و قه‌یران‌و كێشه‌كانی ئێستای هه‌رێمدا ببینێت، هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ر، بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و داموده‌زگاكانی دیكه‌، بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری هه‌موو چین‌وتوێژه‌كان چڕتربكاته‌وه‌، دۆخه‌كه‌ش ئه‌وه‌ له‌یه‌كێتی‌و هه‌موو لایه‌ك  ده‌خوازێت كه‌هه‌رچی زووه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجام.

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥