سه‌كۆی پایته‌خت ریفراندۆم‌و جامیعه‌ی عه‌ره‌بی
گرنگ

28 ئایار 2017
د.به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
 
هه‌فته‌ی رابردوو وه‌فدێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، كه‌ ئه‌ندامه‌كانی پێكهاته‌یه‌ك بوون له‌ فراكسیۆن‌و هێزه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كانی كوردو شیعه‌و سوننه‌، سه‌ردانی قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر-مان كرد. له‌میانه‌ی دیداره‌كانمان سه‌ره‌ڕای سه‌ردانی په‌رله‌مان (ئه‌نجومه‌نی گه‌ل)ی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ دیداره‌كانمان له‌وێ تایبه‌ت بوو به‌كاروباری لیژنه‌ی ته‌ندروستی‌و ژینگه‌و سه‌ره‌نجام پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولا، بۆئه‌وه‌ی له‌ئاینده‌ پرۆتۆكۆڵی گرنگ له‌بواری گه‌شه‌كردن‌و پێشخستن له‌م بواره‌دا بیهێنرێته‌دی، به‌ڵام خاڵی كاریگه‌رو گرنگ، دیداری ئه‌حمه‌د ئه‌بو غه‌یز سه‌رۆكی گشتی جامیعه‌ی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی بوو كه‌ زیاتر كه‌شوهه‌وای دانیشتنه‌كه‌و گفتوگۆكان سیاسی، سه‌ربازی، دیپلۆماسی بوون، هه‌روه‌ها هێڵه‌ گشتیه‌كانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش بێبه‌ش نه‌بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌ولێرو به‌غدا، دواتر سه‌ریكێشا بۆ مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم‌و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم، پرسێك كه‌ له‌ هه‌مووكات زیاتر چاوه‌كان له‌ناوخۆی كوردستانه‌وه‌ تا عیراق‌و ناوچه‌كه‌ش له‌سه‌ریه‌تی‌و زۆرترین مشتوماڵ ده‌كرێت‌و كارو كاردانه‌وه‌شی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌و ده‌هێنێت، هه‌ربۆیه‌ وه‌فدێكی په‌رله‌مانی عیراقی كه‌ سێیه‌كی ئه‌ندامه‌كانی كورد بن‌و به‌چوار په‌رله‌مانتار به‌شداری بكه‌ن له‌كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی جامیعه‌ی عه‌ره‌بی‌و باس‌و خواسیش به‌وشێوه‌یه‌ گه‌رم بێت، شتێكی ئاساییه‌ كه‌ تۆنی قسه‌كردن‌و ده‌ربڕینی تێڕوانینه‌كان په‌لبكێشێ بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌و به‌شێكی گرنگ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ خۆی داگیربكات.
به‌رله‌وه‌ی كه‌ هیچ كه‌سێك ئه‌وه‌مان بیربخاته‌وه‌، رۆشنه‌ كه‌ جامیعه‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ 22 ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی له‌خۆگرتووه‌ و زیاتر له‌ 60 ساڵه‌ دامه‌زراوه‌و ده‌یان كۆنگره‌ی ئاسایی‌و نائاسایی‌و كۆنفرانسی هه‌مه‌جۆری له‌بواره‌كانی سیاسی، ئابووری، ئیداریی، دیپلۆماسی، زانستی، فه‌رهه‌نگی‌و كلتووری به‌ڕێوه‌بردووه‌، له‌مه‌شدا مه‌وداكانی كاریگه‌ری ئه‌م جامیعه‌یه‌ له‌سه‌ر دنیای عه‌ره‌ب‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌ورازو نشێوی زۆری بینیوه‌، به‌ڵام رۆشنه‌ كه‌ ئێستا له‌ساته‌ لاوازه‌كاندا ده‌ژی‌و به‌ده‌ست ناڕوونی له‌گوتارو په‌رته‌وازه‌یی له‌ڕیزه‌كانیدا ده‌ناڵێنێ‌و عیراق وه‌ك ئه‌ندامێكی دامه‌زرێنه‌ری رێكخراوه‌كه‌ پێده‌چێ باكی زۆر به‌مه‌ نه‌بێت، به‌وپێیه‌ی كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی ئاماده‌نییه‌ ته‌نانه‌ت ئابوونه‌ ساڵانه‌كه‌ی كه‌ 7 ملیۆن دۆلاره‌ بداته‌ ده‌سته‌ی باڵای به‌ڕێوه‌بردن‌و ئه‌م گله‌ییه‌ش له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ روبه‌ڕوی ئێمه‌ كرایه‌وه‌.
هاوته‌ریبـی ئه‌م دۆخه‌ی كه‌ تیایدایه‌، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی كورد كه‌ هاوسێیه‌تی هه‌ندێك وڵاتی ئه‌ندامی ئه‌م جامیعه‌یه‌ین‌و به‌شێكی تریان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر لایه‌نه‌ جۆراو جۆره‌كانی پڕۆسه‌ی سیاسی عیراق هه‌یه‌، وه‌ك سعودیه‌و سوریاو ئوردن، هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی جامیعه‌كه‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسی راپرسی گرنگه‌ كه‌ به‌ئاشكرا ئه‌حمه‌د ئه‌بو غه‌یز رووناكی خسته‌سه‌رو وتی: «هه‌ر هه‌نگاوێكی ریفراندۆم له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی كورده‌وه‌ پێویسته‌ به‌ره‌زامه‌ندی‌و تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ده‌ر له‌وه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی باش نابێت‌و رووداوی نه‌خوازراو به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت»، هه‌روه‌ك له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ی وت كه‌ سه‌رسامی خۆی به‌هه‌رێمی كوردستان نه‌شارده‌وه‌و وتی: «كه‌ ده‌چیته‌ سلێمانی‌و هه‌ولێر، واهه‌ست ده‌كه‌یت سه‌ردانی پارچه‌یه‌كی ئه‌وروپا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌یت».
هه‌رچه‌ند لێره‌و له‌وێ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سه‌ركرده‌كانیه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌مساڵدا هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆم ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پرسی راپرسی له‌ناوخۆدا هه‌نگاوی چاره‌سه‌ركردنیان بۆ بنێن، وه‌ك ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان‌و یه‌كخستنی ناوماڵی كوردو یه‌ك هه‌ڵوێستكردنی دیدگای حزبه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان، هه‌روه‌ها له‌وه‌ش گرنگتر جوگرافیای راپرسیه‌كه‌یه‌، به‌وه‌ی كه‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان كه‌ به‌شێكی گرنگی خاكی كوردستانن ئایا ده‌بنه‌ به‌شێك له‌راپرسیه‌كه‌؟، هه‌موو ئه‌م ئاسته‌نگانه‌ كه‌م نین‌و به‌ نادیاری ماونه‌ته‌وه‌. له‌ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌وه‌، هه‌ڵوێستی ره‌تكردنه‌وه‌ی ئێران‌و توركیاو هاوكات بۆچوونی به‌یه‌كپارچه‌یی مانه‌وه‌ی عیراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌و ئه‌مه‌ی ده‌وڵه‌تانی جامیعه‌ی عه‌ره‌بی وه‌ك ئاسته‌ ده‌ره‌كیه‌كه‌، ده‌بنه‌ رێگری‌و ئاسته‌نگی واقعی‌و جددیی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ی، كه‌ پێی ده‌وترێت ریفراندۆم.
له‌دواهه‌مین چاوپێكه‌وتنیشیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی لیڤیگارۆ، بارزانی؛ ده‌ڵێت: پرس به‌كه‌س ناكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیش كه‌ دوایه‌مین خه‌ونی ریفراندۆمه‌كه‌یه‌، ئیتر له‌م وڵاتانه‌ به‌به‌غداشه‌وه‌ داده‌بڕێین‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ جوگرافیایه‌كی دیكه‌.

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥