بەژداری پێ کردنی هەواڵ لە

FacebookTwitterGoogle BookmarksRSS Feed

بۆچی كوده‌تای ئه‌مجاره‌ی توركیا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو؟ ‌

17 تەمموز 2016

بۆچی كوده‌تای ئه‌مجاره‌ی توركیا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو؟

نیاز سه‌عید عه‌لی‌‌

17/7/2016

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هه‌موو ورده‌كاریی‌و زانیاریی‌و هه‌واڵ‌و دۆكیۆمێنته‌كانی په‌یوه‌ست به‌كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی شه‌وی «١٥-١٦/٧/٢٠١٦»ی‌ توركیا نه‌كه‌وتۆته‌ به‌رده‌ست، تاكو بابه‌تییانه‌؛ شیكردنه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ بكرێ، به‌ڵام به‌ پشتبه‌ستن به‌شیكردنه‌وه‌ی زانیاریی‌و هه‌واڵی ناو راپۆرته‌ هه‌واڵه‌كان‌و سه‌رنجدان له‌ دیمه‌نه‌ میدیاییه‌كانی جموجۆڵه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ پڕۆسه‌ی كوده‌تاكه‌دا ئه‌توانین چه‌ند هۆكارێك ده‌ستنیشان بكه‌ین، كه‌ بووه‌ هۆی شكستپێهاتنی ئه‌و كوده‌تا سه‌ربازییه‌ ، كه‌ به‌بۆچوونی «به‌نده‌»، خۆی له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ئه‌بینێته‌وه‌:
 
نا کامڵی کودەتاچییەکان
١-ئه‌و كوده‌تایه‌ له‌لایه‌ن گروپێكی سوپای توركیاوه‌ ئه‌نجامدرا، كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌ ئه‌فسه‌ری سوپای توركیاوه‌ سه‌رپه‌رشتیی ئه‌كران، ئه‌فسه‌ره‌كانیش له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ پێك نه‌هاتبوون كه‌ خاوه‌نی پله‌ی سه‌ربازیی باڵاو پۆستی گه‌وره‌و گرنگ‌و ستراتیژیی بن، كه‌ رۆڵ‌و كاریگه‌ریی بنه‌ڕه‌تیی‌و سه‌ره‌كییان هه‌بێت له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كوده‌تا به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوده‌تاچییه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ نه‌ خاوه‌نی پۆستی گرنگ بوون له‌ناو وه‌زاره‌تی به‌رگریی، نه‌ له‌ناو كۆشكی كۆماریی پێگه‌ی به‌هێزو پێویستیان هه‌بوو، نه‌ له‌ناو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی گشتی سوپادا پشتیوانییان هه‌بوو، نه‌ له‌ناو داموده‌زگا گرنگه‌كانی تری ده‌وڵه‌تدا، له‌ نموونه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگریی‌و ئیستیخباراتی سه‌ربازیی‌و...هتد هاوكاریان هه‌بوو، به‌ڵكو زیاتر ئه‌فسه‌ری خاوه‌ن پله‌و پۆستی مامناوه‌ند بوون.
٢-ئه‌و كوده‌تایه‌ بێ پلانیی‌و بێ نه‌خشه‌یی پێوه‌ دیاربوو، هه‌روه‌ها ئاماده‌كاریی پێویستی بۆ نه‌كرابوو، ئه‌فسه‌ره‌ كوده‌تاچییه‌كان، ناكارامه‌و ناژیرو نا زرنگ ده‌ركه‌وتن، نه‌یانتوانی‌ بوو پشتیوانیی ئه‌فسه‌ره‌ باڵاو خاوه‌ن پۆست‌و پایه‌ گرنگه‌كان به‌ده‌ستبهێنن، به‌ چه‌شنی كوده‌تای یه‌كه‌می ساڵی ١٩٦٠ی سوپا، كه‌ به‌سه‌ر عه‌دنان مه‌ندریس دا ئه‌نجامیانداو سه‌ركه‌وتن، له‌كاتێكدا كوده‌تای یه‌كه‌میش له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری پله‌و پایه‌داری مامناوه‌نده‌وه‌ ئه‌نجامدرا، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌فسه‌ره‌ پله‌و پایه‌داره‌ باڵاكان‌و خاوه‌ن پۆسته‌ گه‌وره‌و گرنگه‌كانی سوپا، چوونه‌ پاڵ ئه‌فسه‌ره‌ كوده‌تاچییه‌ مامناوه‌نده‌كان‌و پشتیوانییان لێكردن.
 
کات و زەمینەی کودەتاکە گونجاو نەبوو
٣-ئه‌و كوده‌تایه‌ بێ پشتیوانیی جه‌ماوه‌ریی‌و بێ پشتگیریی‌و هه‌ماهه‌نگیی سیاسیی ناوخۆیی‌و بێ كۆمه‌ك‌و هاریكاریی ده‌ره‌كیی پێوه‌دیاربوو، له‌كاتێكدا كوده‌تا بۆ سه‌ركه‌وتن پێویستیی به‌ چه‌ندین فاكته‌ری ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كیی هه‌یه‌.
٤- كات‌و زه‌مینه‌ی كوده‌تاكه‌ له‌ڕووی سیاسیی‌و ئابوورییه‌وه‌، له‌بارو گونجاو نه‌بوو، كوده‌تا له‌و كاتانه‌دا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ئه‌هێنێت، كه‌ وڵات له‌ دۆخێكی پڕ له‌ قه‌یران‌و گرژیی‌و پشێوییدا بێت، ره‌نگه‌ چه‌ند مانگێك، یان چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا، كات‌و زه‌مینه‌و هۆكار، زیاتر له‌بارتر بووبێت بۆ كوده‌تای سه‌ربازیی، به‌ تایبه‌تیی ئه‌و كاته‌ی ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو ته‌موومژانه‌ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌، یان ئه‌گه‌ر پێش كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ستانبوڵ‌و پێش هه‌وڵه‌كانی ئه‌ردۆگان بوایه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ روسیاو ئیسرائیل، یان ئه‌گه‌ر له‌كاتی زێڕینی ئه‌م وه‌رزه‌ی گه‌شتیارییه‌ی توركیادا نه‌بووایه‌ كه‌ ئابووریی توركیا، به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو پشت به‌داهاتی كه‌رتی گه‌شتوگوزار ئه‌به‌ستێت، ئه‌م هۆكارانه‌ پاڵی به‌ هاووڵاتییانه‌وه‌ نا، به‌ تایبه‌تی له‌ ئه‌ستانبوڵ كه‌ به‌توندیی دژی كوده‌تاكه‌ ڕابوه‌ستن، چونكه‌ ئه‌بووه‌ هۆی سستكردنی جموجۆڵی گه‌شتیاریی‌و به‌ خراپیی لێی زه‌ره‌رمه‌ند ئه‌بوون، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌م وه‌رزی گه‌شتیارییه‌ی ئێستای توركیا، به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی رابردوو خاوبوونه‌وه‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی هاتنی ژماره‌ی گه‌شتیاریی بیانی پێوه‌دیاره‌.
 
یەکەم هەنگاو روبەڕوی شکست بۆوە
٥-قورسایی‌و گوشاری كوده‌تاكه‌ له‌سه‌ر ئه‌ستانبوڵ بوو، له‌ كاتێكدا ئه‌م شاره‌، له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار؛ شاری یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێی سیاسیی نییه‌، به‌زه‌بری به‌كارهێنانی چه‌ك‌و كوده‌تای سه‌ربازیی ئه‌م شاره‌ شاری گه‌شتیاریی‌و هونه‌رو كه‌لتووره‌و دانیشتوانه‌كه‌ی خۆیان به‌شارستانییتر ئه‌زانن، ئه‌و كاته‌ی ئه‌فسه‌ره‌ كوده‌تاچییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌ستانبوڵدا گرت‌و بڕیاری راگرتنی هه‌موو گه‌شتێكی هاتووو رۆیشتووی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌یان دا، هاووڵاتییانی ئه‌ستانبوڵ، زوو دركیان به‌م مه‌ترسییه‌ كرد، كه‌ ئه‌بێته‌ هۆی راگرتنی جموجۆڵی گه‌شتیاریی، هه‌ر بۆیه‌ كتوپڕ به‌ره‌وڕووی سوپای  كوده‌تا بوونه‌وه‌و پاشه‌كشێیان پێكردن، له‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتن به‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ستانبووڵ داو ناچاریانكردن بكشێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر گوشارو  قورسایی كوده‌تاكه‌ له‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ بووایه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ كۆشكی كۆماری‌و باره‌گای حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تی به‌رگریی‌و وه‌زاره‌ته‌كانی ترو ده‌زگای هه‌واڵگریی‌و فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نیی‌و سه‌ربازیی گه‌وره‌و چه‌ندین بنكه‌و داموده‌زگای گرنگی تری سه‌ربازیی‌و فه‌رمانڕه‌وایی له‌وێیه‌، ئه‌وا چانس‌و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی كوده‌تاكه‌ زیاتر ئه‌بوو.
٦-یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌ ئه‌بێته‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی كوده‌تا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌بێت له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا، كوده‌تاچییه‌كان هه‌وڵی به‌ئامانجكردنی ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م بده‌ن، ئه‌ویش به‌گرتن، یان ده‌ستبه‌سه‌ركردن، یان به‌ گه‌مارۆدان، یان به‌ به‌كارهێنانی گوشاری جۆراوجۆر، بۆ ناچاركردنی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌، له‌زۆربه‌ی كوده‌تاكانیشدا، له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م‌و كه‌سانی بازنه‌ی یه‌كه‌می سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی، ئه‌بێته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می كوده‌تاچییه‌كان، له‌ هه‌ندێ كوده‌تاشدا ده‌رفه‌تی سه‌فه‌رو چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، قۆستراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ره‌های كوده‌تاكه‌، ئه‌م كوده‌تایه‌ی توركیا، هیچ ئاماده‌كارییه‌كی پێوه‌ دیارنه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانی هه‌نگاوی یه‌كه‌م، واته‌ به‌ئامانجكردنی ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌میان نه‌خستبووه‌ پلانی كوده‌تاكه‌یانه‌وه‌.
 
ناسنامەی کودەتاچییەکان ئاشکرا نەبوو
٧-فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی كوده‌تا، خۆیان ئاشكرا نه‌كردو خۆیان نه‌ناساند، ته‌مومژیی‌و ناڕۆشنیی باڵی به‌سه‌ر كوده‌تاو كوده‌تاچیی‌و ئه‌نجامی كوده‌تاكه‌دا كێشا، هه‌نگاوی دووه‌می كوده‌تا بۆ دڵنیایی هاووڵاتییان‌و به‌ده‌ستهێنانیی پشتیوانیی بریتییه‌ له‌ خۆناساندن‌و خۆئاشكراكردنی كوده‌تاچییه‌كان، ئه‌م كوده‌تایه‌ دوای شكستپێهاتنی تازه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌نجامده‌رانی ده‌رئه‌كه‌ون، وه‌لێ كه‌سانی ناسراوو دیاری ناو سوپاو كۆمه‌ڵگه‌ی توركیش نین.
٨-ئه‌م كوده‌تایه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ شكستی پێهێنرا، ئه‌وان توانییان سوپا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌ستانبوڵ‌و كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌ فه‌رمییه‌كان‌و پردو شه‌قام‌و مه‌یدانه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ناچار به‌كشانه‌وه‌ بكه‌ن‌و چه‌كیان بكه‌ن، له‌ كاتێكدا ئه‌ردۆگان‌و حكومه‌ته‌كه‌ی میدیاو كه‌ناڵی په‌یوه‌ندییان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌مابوو، ئه‌ردۆگان به‌ناچاریی هانای  بۆ سۆشیال میدیا بردو له‌وێوه‌ داوای له‌هاووڵاتییان كرد، به‌گژ كوده‌تاچییه‌كاندا بچنه‌وه‌، هاووڵاتییان له‌ ئه‌ستانبوڵ كوده‌تاكه‌یان یه‌كلاكرده‌وه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی مانه‌وه‌ی حكومه‌ت، ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، له‌ناویاندا مه‌ترسیی ئه‌نجام‌و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی كوده‌تا له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گه‌شتوگوزار كه‌ سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می داهاتی شاری ئه‌ستانبوڵه‌، له‌ لایه‌كی تریش پڕۆسه‌ی كوده‌تاو كاركرن به‌ ئه‌حكامی عورفی كه‌ كوده‌تاچییه‌كان رایانگه‌یاند: له‌ بیره‌وه‌ریی دوورو نزیكی هاووڵاتییانی توركیادا ئه‌زموونێكی تاڵ‌و یادگاریی پر له‌ناخۆشیی هه‌یه‌و نایانه‌وێت دووباره‌بێته‌وه‌.
٩-ئه‌م كوده‌تایه‌ زیاتر له‌ مانۆڕێكی سه‌ربازیی سنووردار ئه‌چوو وه‌ك له‌ كوده‌تا، ئه‌فسه‌ره‌ كوده‌تا چییه‌كان؛ ره‌نگه‌ وابیریان كردبێته‌وه‌، بتوانن هه‌مان كوده‌تای سپی ساڵی ١٩٩٧ی توركیا، بێ خوێنڕشتن دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌و حكومه‌ت ناچاربكه‌ن، مل بۆ داواكانیان بداو خۆی هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وا بیریان كردبێته‌وه‌؛ ئه‌وا له‌مه‌شیاندا به‌هه‌ڵه‌دا چوون، چونكه‌ ئه‌م دۆخه‌ی ئێستاو ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌و كاته‌ دوو بارودۆخی جیاوازن، نه‌ سوپای ئێستا، سوپای ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ به‌تایبه‌تیی كه‌ ئه‌ردۆگان له‌ماوه‌ی ١٥ ساڵی رابردووی فه‌رمانڕه‌وایی پارته‌كه‌یدا، ده‌ستی خستۆته‌ ناو سوپاوه‌ و به‌دڵی خۆی گۆڕانكاریی تیاكردوه‌ و كه‌سانی وابه‌سته‌و پابه‌ند به‌ خۆی‌و پارته‌كه‌ی خستۆته‌ ناو جومگه‌و پۆست‌و پایه‌ به‌هێزو كاریگه‌ره‌كانی سوپا، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، نه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا به‌ چه‌شنی حكومه‌ته‌ ئیئتلافییه‌كه‌ی ئه‌ربه‌كانی ساڵی ١٩٩٧ه‌، كه‌ له‌نێوان پارتی ره‌فاهی نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان‌و پارتی ڕێگای راستی تانسۆ چیله‌ر دا پێكهاتبوو، حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ربه‌كان، چه‌ندین قه‌یرانی سیاسیی‌و ئابووریی ده‌ستی خستبووه‌ بینه‌ قاقای، كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی قه‌یرانه‌كان پاساو بداته‌ ده‌ستی ژه‌نه‌ڕاڵه‌ باڵاكانی سوپا، تاكو كوده‌تایه‌كی سپی به‌سه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌دا ئه‌نجام بده‌ن.

 

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥