بەژداری پێ کردنی هەواڵ لە

FacebookTwitterGoogle BookmarksRSS Feed

ڕێفڕاندۆم بۆ هەولیر و فیدڕالیەت بۆ سلیمانی
Featured

06 تەمموز 2016

بە ڕای زۆرێک لە پسپۆڕان و سیاسیەکان; ئێستا کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی دەولەتی کوردی لە باشووری کوردستان، بەڵام ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان وەک زەقترین ئاستەنگ لەبەردەم ڕاگەیاندنی دەولەت ئاماژەی پێدەکرێت. من پێموایە ئەگەر بە شێوەکی تەندروست هەڵس و کەوت لەگەڵ ناکۆکیە ناوخۆییەکان بکرێت ئەوە دەکرێت بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان سودیان لێ وەربگیرێت.
لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە قۆناغی دوو ئیدارەیی ڕانەگەیەندراو دا تێدەپەڕێ، بەڕلەمان پەکخراوە، ڕێکەوتنی لایەنەکان گەشتۆتە نیمچە بن بەست، هاوڵاتیان تەواو ماندوو و بێزارن. سەرەڕای ئەوەی بەفیرۆدانی کات پێناچێت لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت.
چی بکرێت؟
 لە کاتی ئێستادا دەکرێت لە هەولێر و دهۆک ڕێفڕاندۆم ئەنجام بدرێت بۆ ڕاگەیاندنی دەولەتی کوردی لەو ناوچەیە; بەم شێوەی خوارەوە:
۱ـ تا بکرێت ڕێکەوتنێک ئەنجام بدرێت لە نێوان لایەنە سیاسییەکان; بە تایبەت پارتی و یەکێتی، کە لە هەولێر و دهۆک دەولەت ڕابگەیەندرێت و سلێمانی و هەلەبجە وەک هەرێم بمینەوە، لە کاتێک ئەگەر دەولەتی کوردی لە سنووری هەولێر توانی دان پێدانانی وڵاتان بەدەست بێنی; ئەوە دەرگا کراوە بێت بۆ ئیدارەی سلێمانی کە بگەڕێتەوە سەر ئەو دەولەتەی کە دروست بووە لە ئیدارەی هەولێر، وە لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی قەبارەی خۆیان بەشداریان پێ بکرێت، وە لە کاتیک ئەگەر ئیدارەی هەولێر نەیتوانی دان پێدانانی وڵاتان بەدەست بێنی ئەوە پارتی وەکو دۆڕاو سەیر نەکرێت; هەر بەشداربێت لە حوکمڕانی هەرێم بەڵام بە گوێرەی قەبارەی خۆی.
۲ـ بارزانی (مرسوم)ێکی هەرێمی دەربکات بۆ ئەنجامدانی رێفڕاندۆم لە ئیدارەی هەولێر، چونکە بە هۆی ناکۆکی لایەنەکان پەڕلەمان پەکخراوە ناتوانی دانیشتن ئەنجام بدات.
۳ـ کەرکوک هەر وەکو ئێستا بمێنێتەوە هەول بدرێت ماددەی (۱٤٠) جێبەجێ بکرێت یاخود ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ.
خاڵە ئەرێنیەکانی راگەیاندنی دەولەتی کوردی لە ئیدارەی هەولێر:
۱ـ بارودۆخی ئیقلیمی و جیهانی گونجاوە بۆ راگەیاندنی دەولەتی کوردی; چونکە وڵاتانی دراوسێ بە کێشە ناوخۆییەکانیان سەرقالن، وە ئەمریکا و ئەوڕوپا بە شەڕی داعش سەرقاڵن، لەوانەیە واقیعی هەرێمی کوردستان لەبەر چاو بگرن.
۲ـ هێزی پێشمەرگەش بەشداربووەکی کاریگەری شەڕی دژی داعش ە، ئەگەر هاوپەیمانان  هەبوونی کیانێکی کوردیش ڕەت بکەنەوە; پێ دەچێت بەردەوام بن لە هاوکاری هێزی پێشمەرگە.
۳ـ لە ئێستادا هەرێمی کوردستان چووەتە نێو نەخشەی نەوتی جیهانی و زۆرێک لە وڵاتان خاوەن بەرژەوەندین لە هەرێم، بۆیە زەحمەتە بە ئاسانی دەست بەرداری بەرژەوەندییەکانیان ببن.
٤ـ ڕاگەیاندنی دەوڵەت لە ئیدارەی هەولێر دەکرێت وەک تاقیکردنەوەیەک بێت لەو ناوچەیە، وە لە کاتێک ئەگەر نەتوانرا دان پێدانانی وڵاتان بەدەست بێنرێت ئەوە هەموو هەرێمی کوردستان ناکەوێتە ژێر هەڕەشە; بەڵکو خراپترین ئەگەرەکان بریتین لە داخستنی سنوورەکانی ئێران و تورکیا بەڕویی ئیدارەی هەولیر، هەروەها بەغداش ئەتوانی داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر وەک کارتی فشار بەکار بێنی. لەو کاتەشدا ئیدارەی هەولێر دوو ڕێگای لەبەردەم کراوە ئەبێت; یەکێکیان پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری ڕاگەیاندنی دەولەت، ئەوەی تریان مانەوە وەک دەولەتێکی دان پێنەنراو، وە تاکە دەروازە کە بەڕویی کراوە بێت ئیدارەی سلێمانی دەبێت، دەتوانی کارەکانی خۆی وەک (دراو، پاسپۆڕت ...هتد) لە ڕێگای هەرێمی سلێمانی بەڕێوە ببات.
دەکرێت قوبرسی باکوور وەک نمونە باس بکەین کاتێک لە ساڵی ۱۹۸۳ دەولەتی ڕاگەیاند و جگە لە تورکیا هیچ وڵات دانی پێنەنا، تا ئێستا بە هاوکاری تورکیا ئیدارەی خۆی ئەکات، خۆ ئەگەر تورکیا وەک دەولەت نەیناساندبا ئەوە دەبوو بە ناچاری خۆی ڕادەستی کۆماری قوبرس بکاتەوە یاخود توشی کارەسات دەبوو. سەبارەت بە کوردستان لەوانەیە ئەگەرەکان خراپتریش بن; چونکە کوردستان سنووری ئاوی نیە.  
۵ـ ئەگەر ئیدارەی هەولێر سەرکەوتوو بوو لە ڕاگەیاندنی دەولەت، وە بوو بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان; ئەوە دەبێتە خاوەن کەسایەتی یاسایی لە ڕویی یاسای نێودەولەتی، لەوکات دەتوانی کێشەکانی خۆی بباتە دادگا نێودەولەتییەکان بۆ چارەسەر کردن، بۆ نمونە کێشەی کەرکوک.
خالە نەرێنیەکانی ڕاگەیاندنی دەولەتی کوردی لە ئیدارەی هەولێر:
۱ـ یەک دەنگ نەبوونی هەموو لایەنە کوردییەکان لەسەر ئەم پرسە گرنگە; لەوانەیە تێڕوانینی هەندێک لەوەڵاتان بگۆڕێت بەرامبەر هەرێم و متمانەیان نەمێنی بە کورد.
۲ـ ئەگەر پێش ڕاگەیاندنی دەولەت لە ئیدارەی هەولێر; ڕێکەتنێک یان لێک تێگەشتنێک نەبێت لە نێوان پارتی و یەکێتی و گوڕان; لەوانەیە دەرەنجامی ڕاگەیاندنی دەولەت بە خراپ بەکاربێنن لە دژی یەکتر.
۳ـ ئەگەری ئەوە هەیە کە حکومەتی عێڕاق و ئێران و تورکیا بە سیناریۆ لەو بابەتە بگەن و ئامادە نەبن پەیوەندییەکانیان درێژە پێ بدەن لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی.
٤ـ پڕۆسەی گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان سست و بێ هێز دەبێت; چونکە لە واقیعدا یەکێتی حوکمی کەرکوک دەکات، پارتی ناتوانی ڕێفڕاندۆمی تێدا ئەنجام بدات.
ایوب علی
ماستەر لە یاسای نێودەولەتی

 

 

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥