تاڵەبانی لە تەمەنی ٣٠ ساڵی دا دەبێتە کۆلۆنێل ‌
گرنگ

01 حوزەیران 2017
لە (٤٢) ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی (ی.ن.ک) دا دەقی دیدارێکی  کورت و دەگمەنی هەڤاڵ مام جەلال دەکەینە دیاری خوێنەرانی «کوردستانی نوێ» کە ٥٤ ساڵ لەبەوبەر واتا ١٢ ساڵ بەر لە دامەزراندنی (ی.ن.ک) لە فەرەنسا ئەنجام دراوە.
دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک لە بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلول، فۆتۆگرافەری بەناوبانگی فەرەنسی (فراسوا گزاڤیێ لۆڤا) لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٣ دا کە تازە خوێندنی قوتابخانەی نیشتمانی بۆ سینەما لە پاریس تەواوکردبوو، وەک پەیامنێر، بە ڕێنمایی دکتۆر کامەران بەدرخان دێتە باشووری کوردستان و ماوەی پێنج مانگ واتا لە کانوونی دووەم تا (٢٥) ی مایسی هەمان ساڵ لە کوردستان دەمێنێتەوە، ناوبراو لەو ماوەیەدا زۆرترین دۆکیۆمێنتی وێنە و ڤیدیۆ سەبارەت بە کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی تۆماردەکات، بە وێنەکانی کۆنگرەی کۆیەی (پ.د.ک) یشەوە.
لە گرنگترین کارەکانی ئەو سەردانەی لۆڤا، تۆمارکردنی ڕێپۆرتاژێکی (٢٣) خولەکیی ڕەشوسپیە بە کامێرای (١٦مم) بۆ کەناڵی (١) ی ئەوکاتەی فەرەنسا، سەبارەت بە ڕەوایەتی کێشەی کورد و کاولکردنی وڵاتی کوردان لەلایەن سوپای عێراق و بەعسییە شۆڤێنییەکانەوە،   دواتر ڕێپۆرتاژەکە لە مانگی حوزەیرانی ١٩٦٣ دا لە سەرتاسەری جیهاندا پیشاندرا و هەر لە هەمان ساڵیش دا لەلایەن میر کامەران بەدرخانەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش پیشاندرا.
دوابەدوای کودەتای (٨ ی شوبات) ی بەعسییەکان بەسەر سەرۆک عەبدولکەریم قاسم دا و دوای بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانی نێوان شۆڕش و ڕژێمەکەی عەبدولسەلام عارف کە دواجار مام جەلال وەک سەرۆکی وەفدی کوردی لە بەغدا دەبێت و بەبێ پرسی (بارزانی) بەمەبەستی دیداری سەرۆک جەمال عەبدولناسر سەردانی قاهیرە دەکات. دواتر دەچێتە جەزایر و جارێکی تریش قاهیرە، کە لەم جارەیاندا وەک مام جەلال خۆی دەیگێڕێتەوە: (ناسر گوتی: مەچۆرەوە بۆ بەغدا، چونکە ئێمە زانیاریمان هەیە کە وەفدەکەتان ئەگرن و ئەگەر تۆش بگرن، ئەوا ئەتکوژن»..ئیتر مام جەلال ڕوودەکاتە ئەوروپا، سەرەتا دەچێتە ڤیەننا و دواتر دەچێتە پاریس.
دوای گەڕانەوەی لۆڤا بۆ فەرەنسا، کامەران بەدرخان ئاگاداری دەکاتەوە کە سیاسەتمەداری لاوی کورد جەلال تاڵەبانی وەک نوێنەری بارزانی لە فەرەنسایە، دەتوانێت سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و کوردستان دیدارێکی لەتەکدا ساز بکات و بیکاتە تەواوکەری ئەو ڕیپۆرتاژە تەلەڤزیۆنییەی لە کوردستان ئامادەی کردووە.. لۆڤا، پێشنیارەکەی بەدرخان پەسەند دەکات و داواش لە خودی کامەران بەدرخان دەکات هەر خۆی ببێتە پێشکەشکار و وەرگێڕی دیدارەکەی تاڵەبانی. ڕۆژی هەینی (١٤-٦-١٩٦٣) لۆڤا دیدارەکەی لەگەڵ مام جەلال دا سازدەکات و د. کامەران بەدرخانیش وەک بێژەر و وەرگێڕ دیدارەکە بەڕێوە دەبات کە هاوکات بووە لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان کورد و بەغدا و هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان.
جێی ئاماژەیە لە سەرەتای دیدارەکەدا مام جەلال وەک (کۆڵۆنێل تاڵەبانی) بە بینەران دەناسێنرێت.
ئەمەش دەقی وەڵامەکانی کۆلۆنێلە وەکخۆی و بێ هیچ دەستکارییەک، هەڵبەت ئەو سەردەمە (مام جەلال)  ی لاو وەک سیاسەتمەدارێکی کوردستانی و بۆ باشتر تێگەیشتنی کامەران بەدرخان یش، وەڵامەکان بە سۆرمانجی دەداتەوە:
((ئەز باوەرم  کو حکومەتێ عێراق نکارە شۆڕشێ کوردستانێ بشکینی، چونکە ئەڤ شۆرشە شۆرشێ هەمی خەلکێ کوردستانێ عێراقێیە و لەشکرێ شۆڕشگرێ کوردستان بەهێزە مەعنەویەتێکی بەرز هەیە، و گەلی عەرەب ل عێراق پشتیوانی شۆڕشی خەلکی کوردستان دکات. وە دژی (زدی) ئەو ئیعتدایەنە کو حکومەتێ بەغدا کردیە سەر کوردستانێ. چونکە دزانن کو خەباتێ کوردستانێ ژ بۆ دیموکراتێتی ئێراقێیە، ژ بۆ حەقێ عەدالەتێ میللەتی کوردە)).
تاڵەبانی لە تەمەنی ٣٠ ساڵی دا دەبێتە کۆلۆنێل

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥