پارتی رێگر بوو لەدروستكردنی لیستی هاوبەشی هاوپەیمانی كوردستانی رەوانییە بەراوردی ئێستا و سەردەمی مام جەلال بكەین
گرنگ

21 ئایار 2017
حەمەسوور دووشیوانی
 
لە چوارچێوەی زنجیرە چاوپێكەوتنێكی كوردستانی نوێ‌ لەگەڵ ژمارەیەك لێپرسراو و ئەندام پەرلەمانی عیراق لە بەغدا، دیدارێكی تایبەت لەگەڵ محەمەد عوسمان (حەمەسور دووشویانی) ئەندامی پەرلەمانی عیراق  لەسەر لیستی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان رونیكردەوە كە ئەوان وەك كورد نەیانتوانیوە ئەو پەیوەندییەی مام جەلال بنیاتی نا لەگەڵ شیعەو سوننە پێشی بخەن، روونیشیكردەوە، ئەگەر كورد یەكگرتوو بێت ئەوا هەموو شتێك دەتوانرێت بكرێت.
+ بۆچی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی پێكنەهات؟
- دروستنەبوون و نەكردنی لیستێكی یەكگرتوی هاوپەیمانیی كوردستانیی لە بەغدا پەیوەندی بە سوننە یان شیعە یان كێشەی دیكەوە نەبوو، بەڵكو پەیوەندیی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەبوو، چونكە دوو پۆست هەبوو لە پەرلەمانی عیراق، یەكێكیان جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەویدیكە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان، ئێمە بە پارتیمان وت ئەگەر جێگری سەرۆكی پەرلەمانتان دەوێ‌ ئەوا سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بەركەوتەی یەكێتییە، ئەگەر جێگری سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بە یەكێتی ئەوا سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی بۆ ئێوە، ئیدی ئەوان جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان دایە لیستی گۆڕان، داوای سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیشیان دەكرد كە بەركەوتەی ئێمە بوو، تەنها بۆ ئەوەی سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی بۆ یەكێتی نەبێت ئیدی ئەوان رێگرییان لە دروستبونی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان كرد.  وتمان ئەگەر بە ڕێژەی كورسی بێت یان مێژوو بێت ئەوا بەركەوتەی خۆمانە، من خۆم بە سەرۆكی لیستی پارتیم وت، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئێمەیان ئاگاداركردۆتەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەركەوتەی پارتییە، هەر كەسێك دابنێن دەنگی بۆ بدەن، ئەوان دایان بە بزوتنەوەی گۆڕان و داوای سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیشیان دەكرد! پارتی بۆ ئەوەی سەرۆكی لیستەكە بۆ یەكێتی نەبێت رێگریان لە دروستبونی هاوپەیمانێتییەكە كرد.
+ باشە بۆ پۆستێك رێگریان كرد؟
- بێگومان یەكێتی و یەكبوونمان لە هەموو شتێك گرنگترە، لە پۆست و پایەو هەموو شتێك، ئێمە هاوپەیمانێتییەكەمان هەبوایە زۆر بە ئاسانی دەمانتوانی دەیان پۆستی دیكە بۆ كورد لە بەغدا مسۆگەر بكەین، بەڵام لە بەر ئەوەی یەكگرتوو نەبووین نەك پۆستی دیكە، بگرە ئەو پۆستانەی هەیشمان بوو بەشێكیمان لە دەستداوە!
باوەڕ بكە لە پرسی ئاڵا لە پەرلەمانی عیراق یەكگرتوو بووین سەرۆكی پەرلەمان هات داوای لێبوردنی لێكردین، من هەستامەوە وتم ئەوەتا سوپای توركیا لە ناو خاكی عیراقەو فڕۆكەكانی توركیا، عیراق بۆمباران دەكات و وێنەی سەركردەی بیانی لە عیراق هەڵدەواسرێت و دەستوور جێبەجێناكرێت ئەوە پێشێلكردنی سەروەری یاسا نییە، بەڵام هەڵكردنی ئاڵای كوردستان سەروەری عیراقە؟ ئیدی بە دوای من هەموو لیستە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عیراق هاتینە دەرەوە و دواتر سێ‌ دانیشتنی پەرلەمانمان راگرت چونكە رژێژەی یاسایی بۆ كۆبونەوە تەواو نەدەبوو!
ئاخر ئێمە یەكگرتو نین بۆیە دەبینین شنگال لە لایەن سوپای توركیا بۆمباران دەكرێت و پێشمەرگە شەهید دەبێـت كەچی پەرلەمانی عیراق ئامادەنییە بەیاننامەیەك دەربكات!
دروستنەبوونی هاوپەیمانی كوردستانیی زیانی گەورەی بە پارتی و یەكێتی و هەموو لایەنەكان و هەموو خەڵكی كوردستان گەیاندووە، ئەگەر كورد یەك بێت ئەوا هەموو شت بەدەستدەهێنرێت.
+ هەست بە جیاوازیی ئێستا و سەردەمی مام جەلال دەكەن؟
- پێموایە بە هیچ شێوەیەك رەوا نییە بەراوردی ئێستاو ئەوسای سەردەمی مام جەلال بكەین، ناكرێت هەردوو سەردەم بخرێتە دوو تای تەرازوو! مام جەلال لێرە بوو سەرچاوەی هێز و تەوافوقی سیاسی بۆ كورد و هەموو لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بوو، ئەو لێرەبوو داینەمۆو سەرچاوەی دروستبونی پەیوەندی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بوو.
تەنها مام جەلال دەتوانێت وەفدی ئەمریكاو ئێران لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ كۆبكاتەوە! بە ڕاستی بەراوردی سەردەمی مام جەلال و ئێستا ناكرێت، لە سەردەمی مام جەلال بە بەغدا بڕۆیشتایە بتوتایە من كوردم لەسەر سەر دایاندەنایت و رێزێكی زۆریان دەگرتی، بەڵام ئێستا وەرە بزانە كورد حاڵی چۆنە؟ لە كوێی هاوكێشەكانی عیراقە؟ ئێستا لە بازگەكان هەندێكجار رێنادەن كورد پێ بنێتە بەغدا، ئەو رێزەی جارانی نییە، لێپرسراو هەیە پاسەوانی گیراوە و سەرنگوم كراوە ناتوانێت بەرگری لێبكات! ئێستا كورد لە سەرچاوەی بڕیاردانی عیراق دوورە و ئەو گرنگی جارانی نەماوە.
لێرەوە دەتوانین ئەم بارودۆخە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی بگێڕینەوە، یەكەمیان مام جەلال لە بەغدا نەماوە چونكە بەرامبەر هەموو كورد بوو لە بەغدا، بەرامبەر هەموو لێپرسراوانی كورد بوو لەعیراق! دووەمیش ئەو ناكۆكی و گرفتانەی نێوان هەرێم و بەغدا و تەشەنەكردنی، لەوە خراپتر لێپرسراوانی هەرێم بۆ كێشەی شەخسی یان تەنها شەو و رۆژێك دێنە بەغداو دەگەڕێنەوە، چونكە سەركردایەتی كوردستان هیچ ئومێدێكیان بە بەغدا نەماوە، ئیدی رێیەكی باشتریان دۆزیوەتەوە بۆ باشتركردنی بارودۆخی كوردستان، من ئەوە نازانم. بەڕاستی جاران مام جەلال لێرەبوو، كاك مەسعود جارجارە دەهات كاك كاك كۆسرەت و جارجار دەهات كۆمەڵێك وەزیری كورد لێرەبوون، بەڵام ئێستا ئەمانە هیچی نەماوە، هەموو رۆڵەكە پەرلەمانتاران دەیگێڕن.
جگە لەمە ئەو وەفدانەی دێنە بەغدا نازانین بۆچی دێنە بەغدا، نە پرسمان پێدەكەن، نە گوێمان لێدەگرن، نە راوێژمان پێدەكەن، نەدەزانین دەڵێن چی و چی دەكەن! بە ڕاستی دەتوانین بڵێین سەركردایەتی كورد بەرنامەی نییە، نازانێت چی دەكات، ئێمە وەك پەرلەمانتاران نازانین سەركردایەتی كورد لەبەغدا چی دەكات، بە كورتی دەتوانم بڵێم بە نەمانی مام جەلال لە بەغدا ئیدی خێروخۆشی رۆیشت.
+ پێتوایە جارێكی دیكە كورد سەرۆكایەتی كۆمار لە عیراق وەرگرێتەوە؟
- ئەگەر بڕیار لای عیراقییەكان بێت، من دەڵێم نەخێر، دەتوانم بڵێم سەركردایەتی سیاسی كوردستان بڕوایان بە بەغدا نییە، بەغداش ئامادە نییە دەستی هاوكاری بۆ كوردستان درێژ بكات، بە بۆچوونی من ئەگەر بڕیار لای عەرەب یان عیراقییەكان خۆیان بێت ئەوا جارێكی دیكە ئێمە سەرۆكایەتی كۆمار نادەن بە ئێمە.
+ پرسی تەوافوق وەك جاران ماوە لەعیراق؟ ئەگەر نەماوە زیانی پێگەیاندوین؟
- ئێمە لە پەرلەمانی عیراق كەمینەین، یانی رێژەمان زۆر كەمە، بۆیە ئەگەر بە ڕێككەوتن و سازان نەبێت ئەوا ئەو هاوسەنگییەی پێشتر لەسەر بنەمای دەستوور لەسەری رێكەوتوین ئەوا تێكدەچێت، ئەگەر تەوافوق نەكرێت و بنەما نەبێت بۆ كاركردن بێگومان زیانمان بەردەكەوێت، ئێستا وەك جاران نییە، لە ناو پەرلەمان پشت بە مەبدەئی زۆرینە و كەمینە دەبەسترێت، بۆ نموونە لە قانونی حەشدی شەعبی شیعەكان بە زۆرینە ئەو قانونەیان تێپەڕاند، یان لەپرسی ئاڵا دیسان سوننەو شیعە بە زۆرینە بڕیارەكەیان تێپەڕاندو گوێیان لە كورد نەگرت! ئەگەر ئەو زۆرینە و كەمینەیە بوو بە نەریت ئیدی وردە وردە تەوافوق نامێنێت و ئێمە زیانمان بەردەكەوێت.
+ كەوایە رنگە زۆرینە و كەمینە زیان بە ناوچە جێناكۆكەكانیش بگەینێت؟
- ناوچە جێناكۆكەكان لە ژێر دەستی خۆمانە، پێویستە قسەی جددی لە سەر بكەین، من لێرەوە دەمەوێ‌ باسی ریفراندۆم بكەم، ئەگەر بڕیارە ریفراندۆم بكرێت ئەوا لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەو دهۆك چ سوودێكی هەیە بیكەین خۆ ئەو ناوچانە لە ژێر كۆنترۆڵ و حوكمڕانیی خۆمانن، بەڵكو ئەوەی گرنگە لەناوچە جێناكۆكەكان یان ناوچە دابڕێنراوەكان بكرێت، تا بزانین دەیانەوێ‌ بگەڕێنەوە سەر هەرێم یان نا، پێویستە هەموو ئەو كارانەش بە ڕێگا و بەرگێكی قانونی بكەین و پیشانی جیهانی بدەین.
+ باشە وەك كورد یان لانیكەم یەكێتی پەیوەندیتان لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی عیراق چۆنە ئێستا؟ 
- لەبەرئەوەی یەك لیست نین و بەیەكەوە كار ناكەین رەنگە پەیوەندیمان لەگەڵ سوننە یان شیعە هەبێت، بەڵام هەر فراكسیۆنە بە جۆرێكە، ئێمە شتیكمان نییە بە ناوی هاوپەیمانێتی كورد و پەیوەندیمان لەگەڵ هاوپەیمانێتی سوننە یان شیعە  هەبێت، دەتوانم بڵێم وەك فراكسیۆنی یەكێتی پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ سوننەو شیعەكان هەیە، خاڵی هاوبەشمان هەیەو خاڵی ناكۆكی و ململانێشمان هەیە.
+ مام جەلال پێی وابوو پێویستە كورد لە عیراق دەست بە هاوپەیمانێتی شیعەوە بگیرێت چونكە رابردومان لەگەڵیان یەكە و حوكمڕانن لە عیراق، ئەمە كراوە لەوەتەی ئەو لەوێ‌ نییە؟
- بەتێگەیشتنی من ئەوە نەكراوە، ئێمە ئەو پەیوەندییەمان پێشنەخستوە كە مام جەلال دروستیكرد، بەڵكو دەبوو هەوڵدەین لانیكەم وەك خۆی بهێلینەوە، بە داخەوە ئەوەشمان پێنەكراوە، ئێمە وەكو یەكێتی لە چوارچێوەی دەستوورو پەیوەندی حزبی، پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ شیعە و سوننەكان هەیە. بەڵام هەندێكجار ئەو ململانێ و ناكۆكییانەی كوردستان رەنگە كاریگەری لەسەر پێشخستنی پەیوەندی یان سوود وەرگرتن لەو پەیوەندییانە دروستكردبێت.
بۆ نموونە، كاتێك بۆ بودجەی 2017 سەردانی مالكیمان كرد بۆ ئەوەی پشتیوانی لیستی دەوڵەتی قانون بەدەستبهێنین چونكە لە پڕۆژەكە مووچەی فەرمانبەران و مووچەو هاوكاری پێشمەرگەو ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجەی تێدابوو، كەچی لە كوردستان راگەیاندنی لایەنێكی كوردستان كردیان بە هەرا گوایە ئێمە كارێكی خراپمان كردووە و پڕوپاگەندەیان بڵاوكردەوە، لە كاتێكدا خۆیان هیچیان نەكردووە و هیچیشیان پێنەبوو، قانونەكە لە لایەن هەردوو لایەنی عیراق و هەرێم جێبەجێنەكراو ئێمەش چوار فراكسیۆنی كوردستانی، جگە لە پارتی، داوای قانونیمان لەسەر هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لە دادگای فیدرالیی تۆماركردووە بۆ ئەوەی بزانین بۆ بودجەی 2017 جێبەجێناكرێت.

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥