قه‌ته‌ر: كه‌س بۆی‌ نییه‌ قسه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌مان بكات ‌
گرنگ

19 حوزەیران 2017
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر له‌ گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ئه‌وروپا، گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ به‌ سته‌مكاریی‌ و نایاسایی‌ وه‌سفكرد كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو و میسره‌وه‌ دژ به‌ قه‌ته‌ر گیرانه‌به‌ر، ئاماده‌یی‌ ده‌وحه‌یشی‌ بۆ دانوستان له‌باره‌ی‌ ئاسایشی‌ كه‌نداوه‌وه‌ خسته‌ڕوو، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه‌ مافی‌ هیچ لایه‌نێك بێت گفتوگۆ له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بكات. 
قه‌یران و ته‌نگژه‌كانی‌ نێوان وڵاتانی‌ كه‌نداو، وێڕای‌ ناوبژوانی‌ كوه‌یت، بۆ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌. 
بۆ «مه‌به‌ستی‌ زیاتر به‌رچاوڕوونی‌ وڵاته‌ هاوپه‌یمان و دۆسته‌كان» سه‌باره‌ت به‌ ته‌نگژه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ نێوان قه‌ته‌ر و دراوسێكانی‌ له‌ كه‌نداو له‌پاش تۆمه‌تباركردنی‌ به‌ پشتیوانیكردن له‌ تیرۆر،  شێخ محه‌مه‌د بن عه‌بدلڕه‌حمان ئال سانی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر، له‌ میانی‌ گه‌شته‌كه‌ی‌ بۆ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا له‌ پاریسه‌وه‌ رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ مه‌حكوم ده‌كات كه‌ ده‌وحه‌یان كرده‌ ئامانج، گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌یشی‌ به‌ سته‌مكاریی‌ و نایاسایی‌ وه‌سفكرد.  
له‌پاش چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ جان ئیف لۆدریان وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا، محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا له‌ باڵێوزخانه‌ی‌ قه‌ته‌ر له‌ پاریس رایگه‌یاند»ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، مافی‌ ته‌واوه‌تی‌ خۆمانه‌، به‌ڵام قه‌ته‌ر ئاماده‌ی‌ دانیشتن و دانوستانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ كه‌نداو سه‌باره‌ت به‌ ئاسایشی‌ كه‌نداو، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مافی‌ كه‌س نییه‌ قسه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێمه‌ بكات». 
ئه‌و قسانه‌ی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر، دوای‌ هه‌فته‌یه‌ك بوو له‌ هه‌ڵایسانی‌ ته‌نگژه‌كان، تائێستاش ده‌وحه‌ هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی‌ ده‌كرێنه‌وه‌ و ملیش بۆ ئه‌و داواكاریانه‌ كه‌چ ناكات كه‌ وه‌ك فشار ده‌كرێنه‌سه‌ری‌. 
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر، گه‌شتێكی‌ بۆ ئه‌وروپا ده‌ستپێكرد كه‌ به‌رلین و مۆسكۆ و له‌نده‌ن و پاریسی‌ له‌خۆگرت. 
له‌و گه‌شته‌دا وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر، داوای‌ ئه‌نجامدانی‌ دیالۆگی‌ كرد له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌رچاوڕوونی‌ سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ كۆمه‌ككردنی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان. 
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان وتی‌: «رێگه‌چاره‌ی‌ ستراتیژی‌ بۆ ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ر، دیالۆگه‌»، به‌پێویستیشی‌ زانی‌ ئه‌و دیالۆگه‌»له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ رۆشن بێت نه‌ك له‌سه‌ر تۆمه‌تی‌ هه‌ڵبه‌ستراوی‌ میدیاكان». 
هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌ و ئیمارات و میسر له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌دا، پچڕاندنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی‌ خۆیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا راگه‌یاند و هه‌موو گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانیان بۆ ده‌وحه‌ و له‌ ده‌وحه‌وه‌ راگرت و ته‌واوی‌ نوسینگه‌كانی‌ هێڵی‌ ئاسمانی‌ قه‌ته‌رییان له‌ شاره‌كانیاندا داخست.  
ئه‌و وڵاتانه‌ قه‌ته‌ر به‌ كارئاسانیكردن بۆ ئێران و پشتیوانیكردن له‌ «ئیخوان موسلیمین» و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بیدا، تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و وه‌زیره‌ قه‌ته‌رییه‌ش «هیچ بیرۆكه‌یه‌كمان له‌باره‌ی‌ ئه‌و هۆكارانه‌وه‌ نییه‌» كه‌ وایان له‌ سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ كرد، گه‌مارۆ به‌سه‌ر ده‌وحه‌دا بسه‌پێنن، به‌ڵام واپێده‌چێت خواستێك بۆ له‌ناوبردنی‌ قه‌ته‌ر له‌ئارادابێت». 
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر، هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كرانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانیكردن له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ «حه‌ماس» و كۆمه‌ڵی‌ «ئیخوان موسلیمین»، به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ ته‌واوه‌تی‌ وه‌سفكرد، ته‌ئكیدیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ «قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كاندا مامه‌ڵه‌ ده‌كات نه‌ك له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌كان».   
له‌هه‌فته‌ی‌ رابردوودا، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر له‌ له‌نده‌ن چاوی‌ به‌ بۆریس جۆنسۆن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا كه‌وت و له‌و چاوپێكه‌وتنه‌شدا، جۆنسۆن داوای‌ له‌ قه‌ته‌ر كردبوو»به‌شێوه‌یه‌كی‌ جددی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نیگه‌رانییه‌كانی‌ دراوسێكانی‌ بكات و زیاتر به‌ده‌نگیانه‌وه‌ بچێت».  
به‌ هه‌مان شێوه‌ كۆشكی‌ ئیلیزێ‌ رایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك ئیمانوێڵ ماكرون به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ شێخ سوباح ئه‌حمه‌د ئال سوباح میری‌ كوه‌یت كردووه‌، باسی‌ له‌و گفتۆگۆیانه‌ش كرد كه‌ سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ئه‌نحامداوه‌.  
تائێستا هیچ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك سه‌باره‌ت چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، وێڕای‌ نێوه‌ندگرییه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوه‌یت. 
بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی‌ به‌سه‌ر قه‌ته‌ردا سه‌پێنرا، ئێران چه‌ندان تۆن مه‌وادی‌ خۆراكی‌ ره‌وانه‌ی‌ ده‌وحه‌ كرد و توركیاش به‌ هه‌مان شێوه‌ یارمه‌تی‌ و هاوكارییه‌كانی‌ بۆ ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ر خسته‌ڕوو.  
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ قه‌یرانه‌كه‌دا، هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مریكا هه‌ندێك ناڕۆشنی‌ پێوه‌دیار بوو، به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ یه‌كلایی‌ كرده‌وه‌، كاتێك داوای‌ له‌ قه‌ته‌ر كرد «ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ست له‌ كۆمه‌ككردنی‌ تیرۆر هه‌ڵبگرێت». 
ئه‌كبه‌ر ئه‌لباكر سه‌رۆكی‌ راپه‌ڕاندنی‌ هێڵی‌ ئاسمانی‌ قه‌ته‌ریش، ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا گرت به‌هۆی‌ هه‌ڵوێستی‌ له‌به‌رانبه‌ر قه‌ته‌ر و «گه‌مارۆ» ئاسمانییه‌كه‌ی‌ كه‌نداویشی‌ به‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌یدا به‌ «نایاسایی‌» له‌قه‌ڵه‌مدا. 
كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ له‌ زاری‌ ئه‌لباكره‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌»چاوه‌ڕوانین دۆسته‌كانمان پشتیوانمان بن له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و گه‌مارۆ سته‌مكار و نایاساییه‌ی‌ له‌لایه‌ن چوار ده‌وڵه‌ته‌كه‌وه‌ به‌سه‌رماندا سه‌پێنراوه‌» كه‌ ئاماژه‌بوو بۆ هه‌ر یه‌ك له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ و ده‌وڵه‌تی‌ ئیمارات و به‌حره‌ین و میسر. 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌لباكر، لێدوانه‌كانی‌ تره‌مپ كه‌ قه‌ته‌ری‌ به‌ كۆمه‌ككردنی‌ تیرۆر تۆمه‌تبار كرد «له‌ جێی‌ خۆیدا نه‌بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌ست به‌ هیوابڕاوی‌ ده‌كه‌ین»، وتیشی‌»چۆن سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا به‌ دۆست دابنێم له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كه‌ی‌ تر راده‌وه‌ستێت له‌ دژی‌ وڵاته‌كه‌م؟». 
له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كۆشكی‌ سپی‌ رایگه‌یاندبوو، حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا هه‌وڵده‌دات ته‌نگژه‌ دیپلۆماسییه‌كانی‌ نێوان وڵاتانی‌ كه‌نداو بڕه‌وێنێته‌وه‌ كه‌ بۆ «چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ئارادان و قوڵترده‌بنه‌وه‌»، وته‌بێژی‌ كۆشكی‌ سپیش باسی‌ له‌و په‌یوه‌ندیانه‌ كردبوو كه‌ تره‌مپ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ ئه‌نجامیان ده‌دات.   
به‌ڵام دواتر دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست «به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ هاته‌به‌ر» و سه‌ركرده‌كانی‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌و به‌ڵێنانه‌وه‌ پابه‌ندبوون كه‌ سه‌باره‌ت به‌ گرتنه‌به‌ری‌ هه‌ڵوێستێكی‌ توند له‌به‌رانبه‌ر كۆمه‌ككردنی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان، خستیانه‌ڕوو.
تره‌مپ باسی‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ وڵاتانی‌ به‌شدار له‌ لوتكه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ریاز كردبوو، سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ككردنی‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و رایگه‌یاندبوو كه‌ وڵاته‌ به‌شداربووه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌تیان بۆ قه‌ته‌ر درێژكردبوو. 
تره‌مپ له‌ یه‌كێك له‌ تویته‌كانیدا كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ تویته‌ر بڵاویكردنه‌وه‌ ده‌ڵێت «زۆر باشه‌ كه‌ ده‌بینین سه‌ردانه‌كه‌ی‌ سعودیه‌ و چاوپێكه‌تن له‌گه‌ڵ پادشا و 50 سه‌ركرده‌ی‌ وڵاتانی‌ تر، به‌ ته‌واوه‌تی‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ دێته‌به‌ر».
هه‌ر له‌و تویتانه‌دا، سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا داوای‌ له‌ قه‌ته‌ر كربوو، ده‌ست له‌ كۆمه‌ككردنی‌ تیرۆر هه‌ڵبگرێت. 
سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا به‌پێویستی‌ زانیبوو، «ده‌وڵه‌ته‌ بچوكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ غازه‌كه‌ی‌ كه‌نداو» كه‌ ئاماژه‌یه‌كی‌ روونه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ر، كۆمه‌ككردنی‌ تیرۆر رابگرێت و ده‌ست له‌ بیری‌ توندڕه‌ویش هه‌ڵبگرێت، داواشی‌ له‌ هه‌موو وڵاتان كردبوو، «ده‌ستبه‌جێ‌ كۆمه‌ك و پشتیوانیان له‌ تیرۆر رابگرن، و خه‌ڵك فێرنه‌كه‌ن خه‌ڵكانی‌ تر بكوژن».

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥