دوورایـیـەكانی قەیرانی قەتەر ‌
گرنگ

13 حوزەیران 2017
قەتەر نەهێزێكی سەربازی‌و سیاسی نەهێزێكی ئابورییە، بەڵكو تەنها وڵاتێكی دەوڵەمەندە، بەڵام زیاتر لە بیست ساڵە سیاسەتێك پەیڕەو دەكات تەواو پێچەوانەی سەنگ‌و قەوارەی خۆیەتی، توانا دارایی یەكەی پاڵنەرێك بوە بۆ ئەوەی دەست وەرداتە كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسلامی‌و هاوكات لەگەڵ سەرجەم كێشەكاندا سیاسەتێكی دووفاقی پەیڕەو كردووە.
چەند رۆژێكە قەیرانی قەتەر سەرتاسەری كەنداو‌و ناوچەكە‌و جیهانی سەرقاڵ كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی هەریەكە لە عەرەبستانی سعودی‌و میرنشینە یەكگرتووەكان‌»ئیمارات»و بەحرەین پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند‌و ئابڵۆقەی دەریایی‌و زەمینی‌و ئاسمانییان خستەسەر، دواتر میسر‌و مۆریتانیا‌و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی‌و ئەفریقا هەمان هەنگاویان گرتەبەر.
لەم رۆژانەی دوایی دا كێشەكە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی هاوكاری كەنداو تێپەڕی‌و دوورایی ئیقلیمی‌و زیاتریشی وەرگرت. توركیا پشتیوانی بۆ قەتەر دەربڕی‌و ئەردۆگان بڕیاری ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە ئیمزا كرد، بەڵام كاتێ ئەمریكا لەسەر زاری سەرۆك تره‌مپ هەڵوێستی وڵاتەكەی یەك لاكردەوە، قەیرانی قەتەر كەوتە قۆناغێكەوە دەكرێ بە ترسناك وەسف بكرێ. سەرۆك تره‌مپ رۆژی هەینی رابردوو لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لەگەڵ سەرۆكی رۆمانیا لە واشنتۆن چەند راستییەكی ئاشكرا كرد نیگەرانی‌و ناڕەزایی لە ئاست سیاسەتەكانی قەتەردا راگەیاند:
*تره‌مپ وتی قەتەر مێژوویەكی لە یارمەتی دانی تیرۆردا هەیە، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ یارمەتی دانی گروپەكانی ئیخوان لە میسر‌و لیبیا‌و داعش‌و به‌ره‌ی نوسرە لە سوریا‌و حەماس لە فەلەستین‌و بەو مانایەش دێ كە چیتر ئەمریكا لە بەرامبەر سیاسەتەكانی قەتەر بێ دەنگ نابێ، هاوكات ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی هاوشێوەی قەتەر لە ناوچەكە كە كۆمەكی گروپە تیرۆریستییەكان دەكەن، بۆیە دەكرێ بڵێین هەمان ئەو تۆمەتانەی ئێستا بەرۆكی قەتەری گرتووە دوور نییە لە داهاتوودا توركیاش بگرێتەوە. 
*سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند لەگەڵ وەزیری دەرەوە‌و ژەنەراڵەكانی سوپای وڵاتەكەی بڕیاری دا ئیتر كاتی ئەوە هاتووە دۆحە دەست لە یارمەتی گروپە تیرۆریستییەكان هەڵبگرێ.
ناوهێنانی ژەنەراڵەكانی سوپا جگە لە هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی هیچی دیكە ناگەیەنێ، ئەمەش بەو مانایە دێ لە كاتی هەڵایسانی هەر جەنگێك لەنێوان قەتەر‌و نەیارەكانی ئەگەر ئەمریكا راستەوخۆش بەشدرای نەكات، ئەوا بێ گومان لە رێی یارمەتی هەواڵگری‌و لۆجیستییەوە پشتیوانی عەرەبستانی سعودی‌و هاوپەیمانەكانی دەكات.
لە ساڵی 1996-ەوە دوای ئەوەی شێخ حەمەد باوكی میری ئێستا كودەتای بەسەر باوكی دا كرد‌و جڵەوی فەرمانڕەوایی وڵاتی گرتە دەست، قەتەر سیاسەتێك پەیڕەو دەكا، بە وتەی وڵاتانی دیكەی كەنداو لە دەرەوەی یەكڕیزی ماڵی كەنداوە. قەیرانی عیراق‌و سوریا‌و پێشتریش رووداوەكانی ئەوەی  پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی ئەوەندەی تر گومانەكانی سەر قەتەری زیاتر كرد. ئێستا رەوشەكە سنوری گومانی تێپەڕاند‌و راستیەكان ئاشكرا بوون. 
كێشەی قەتەریش وەك هەر كێشەیەكی دیكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە چەند هەوڵێكی دیپلۆماتی دەستی پێكرد نموونەی ئەوەش هەوڵەكانی میری كوێت‌و چەند وڵاتێكی ئەوروپایە، بەڵام پێ ناچێ هەوڵەكان لە ئاستی گرژی قەیرانەكەدا نەبن. زیگمار گابریل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەم رووەوە وتی:
لە كاتی پەیوندی كردنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئێران‌و توركیا‌و میرنشینە یەكگرتووەكان، هەستی بە مەترسی رەوشەكە كردووە.
هەركاتێكیش بە رەسمی شكستی هەوڵە سیاسیەكان راگەیەندرا ئەو كاتە هەواڵەكانی جەنگی چوارەمی كەنداو دەبێتە ناو‌نیشانی سەرەكی ئاژانسەكانی جیهان.

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥