بەژداری پێ کردنی هەواڵ لە

FacebookTwitterGoogle BookmarksRSS Feed

كاردانه‌وه‌ی وڵاتان له‌ باره‌ی بڕیاری ریفراندۆمه‌وه‌ ‌ ‌
Featured

11 حوزەیران 2017
بڕیاری دیاریكردنی رۆژی ریفراندۆم له‌ڕۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017 له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراق‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم،  كاردانه‌وه‌ی جیاجیای وڵاتانی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی لێدوان‌و راگه‌یه‌نراوی لێپرسراوه‌ باڵاكانیان، كه‌ ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بڵاویانكردۆته‌وه‌.
حكومه‌تی عیراق:
ده‌ستوور بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كانه‌
نووسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راگه‌یه‌نراوێكی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق، بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێمی كوردستانی رێكخستووه‌، «پرسی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری سیاسییه‌كانی هه‌رێمه‌». سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش، رایگه‌یاندووه‌: ده‌ستووری عیراق له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوقی نیشتمانی داڕێژراوه‌و هه‌ر ئه‌و ده‌ستووره‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا رێكده‌خات. «به‌غدا ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گفتوگۆ بكات».
توركیا: هه‌نگاوێكی نابه‌رپرسانه‌یه‌
بیناڵی یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌نگاوێكی «نابه‌رپرسیارانه‌» وه‌سفده‌كات، چونكه‌ به‌پێی لێدوانی یه‌ڵدرم «ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ زیاتر ده‌كات»، ده‌شڵێت: توركیا پشتیوانی له‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ده‌كات.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیاش رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراقداین‌و بڕیاری ئه‌نجامی ریفراندۆم له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانی عیراقه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌.
ئێران: یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق
به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش ده‌ڵێت: هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌خاكی عیراق‌و هه‌ر بڕیارێكی تاكلایه‌نه‌ش بدات، كه‌ له‌ده‌ره‌وی ده‌ستوور بێت، به‌تایبه‌تی له‌مكاته‌دا، كه‌ عیراق‌و ناوچه‌كه‌ به‌شه‌ڕی دژ به‌داعش‌و چه‌ندین كێشه‌ی تردا تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ی تر كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات، وتیشی: هه‌ڵوێستی ره‌سمیی ئێران ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌پێویستی ده‌زانێت سه‌رجه‌م پێكهاته‌و گه‌لانی عیراق كار به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵاته‌كه‌یان‌و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی بكه‌ن.
هه‌ڵوێستی UN
ستیڤان دوواریك وته‌بێژی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش رایگه‌یاند: هه‌ڵوێستی ئێمه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ روونه‌‌و سیاسه‌تی ئێمه‌ش به‌و شێوه‌یه‌یه‌ كه‌»به‌ڵێ چاودێریی راپرسی ده‌كه‌ین، به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق داوامان لێبكات‌و رازیبێت به‌ئه‌نجامدانی».
ئه‌مریكا: ئیداره‌ی واشنتۆن له‌گه‌ڵ عیراقێكی فیدراڵ‌و یه‌كگرتوودایه‌
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌: ئیداره‌ی واشنتۆن له‌گه‌ڵ عیراقێكی دیموكرات‌و فیدراڵ‌و یه‌كگرتوودایه‌، كه‌ سه‌رجه‌م هیواو ئاواته‌كانی گه‌لی عیراقی تێدا به‌دیبهێنرێت، داواش له‌هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كات «به‌پێی ده‌ستووری عیراق‌و له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ، كۆتایی به‌كێشه‌كانی نێوانیان بهێنن».
روسیا: مۆسكۆ له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراقدایه‌
ماریا زاخارۆڤا وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیاش له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند: لێدوانی لێپرسراوانی باڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم سه‌رنجی راكێشاوین، به‌ڵام مۆسكۆ له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق‌و رێزگرتنه‌ له‌مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌و مه‌زهه‌به‌كان‌و كوردیش یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین ئه‌و پێكهاتانه‌ له‌عیراقدا.
ئه‌ڵمانیا: ده‌ستكاریكردنی سنووره‌كانی عیراق دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات
زیگمار گابرێڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیاش له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ «ده‌ستكاریكردنی سنووره‌كانی عیراق دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات». داواشی له‌هه‌ردوولا كردووه‌ له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن، به‌پێویستیشی ده‌زانێت «پارێزگاری له‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بكرێت».
كه‌نه‌دا: پشتیوانی له‌یه‌كێتیی خاكی‌ عیراق ده‌كه‌ین
گۆسلین سویت وته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌داوه‌، له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاندووه‌: پشتیوانی له‌یه‌كێتیی خاكی‌ عیراق ده‌كه‌ین.

 

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥