جیهان پشتگیری به‌ریتانیا ده‌کات ‌ ‌
گرنگ

06 حوزەیران 2017
له‌پاش رووداوه‌ تیرۆریستییه‌کی شاری له‌نده‌ن که‌بووه‌ هۆی  کوژرانی 7 که‌س و برینداربوونی زیاتر له‌ 50 که‌س، ته‌واوی سه‌رانی جیهان، ئیدانه‌ی ئه‌و کاره‌ تیرۆریستییه‌یان کردو له‌هه‌مانکاتیشدا هاوکاریی‌و پشتگیری خۆشیان گه‌یانده‌ گه‌ل‌وحکومه‌تی به‌ریتانیا.
 
ئه‌ڵمانیا 
ئه‌ڵمانیا یه‌کێک بوو له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که‌ ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌ی کرد‌و ده‌روازه‌ی براندینبۆرگی شاری به‌رلین که‌یه‌کێکه‌ له‌سیمبۆڵه‌ گه‌وره‌کانی ئه‌ڵمانیا، ره‌نگی ئاڵای به‌ریتانیا له‌خۆ گرت. ئه‌نجیلا مێرکل راوێژکاری ئه‌ڵمانیاش له‌سه‌ر واڵه‌ی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند: هاوکاریی وهاوغه‌می خۆمان ده‌گه‌ینینه‌ هه‌موو به‌ریتانییه‌کان‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌له‌ شاری له‌نده‌ن ده‌ژین. وتیشی: له‌سه‌روو هه‌موو جیاوازییه‌کانمانه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌کاتی ناخۆشیدا، هه‌موومان یه‌کده‌گرین. 
فه‌ره‌نسا
فه‌ره‌نساش به‌هه‌مانشێوه‌ ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌ی کرد و ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند: له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌ساته‌ نوێیه‌یه‌دا، فه‌ره‌نسا له‌م ساته‌دا، پشتگیری و هاوکاری ته‌واوی  به‌ریتانیا ده‌که‌ین و هاوغه‌می و هاوسۆزی خۆشمان ده‌گه‌ینینه‌ قوربانیانی ئه‌م کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌. 
ئه‌وروپا
هه‌رچه‌نده ‌به‌ریتانیا له‌ماوه‌ی پێشوودا کێشه‌وگرفتی زۆری له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌وروپا هه‌بوو، به‌ڵام له‌پاش کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌که‌ی رۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی رێکخراوی یه‌کێتی ئه‌وروپا هاوغه‌می خۆیان گه‌یانده‌ به‌ریتانیا . جان کلۆد یونکه‌ر کۆمیساری  یه‌کێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند» یه‌کێتی ئه‌وروپا و ده‌وڵه‌ته‌کانی و هه‌موو دۆسته‌کانی له‌ جیهاندا، هه‌موومان پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لی به‌ریتانیا ده‌وه‌ستین و پشتگیری ته‌واویان ده‌که‌ین. وتیشی: پێکه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ له‌پارێزگاریکردنی ئه‌و به‌هایانه‌ی که‌ ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانمان ئاشتیی‌و دیموکراسی و خۆشگوزه‌رانی و لێبورده‌یی  تێدا جێگری بێت. 
ئه‌مریکا 
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکاش له‌سه‌ر واڵه‌ی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند: ئێمه‌ پشتگیریی‌وهاوکاری خۆمان بۆ  له‌نده‌ن‌و به‌ریتانیا دووپاتده‌که‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵتانین  و خودا بتانپارێزێت. 
روسیا 
فلادیمیر پوتین سه‌رۆکی روسیاش  بروسکه‌یه‌کی بۆ تیریزامای سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا  نارد‌و تێیدا رایگه‌یاند: ئه‌مه‌ تاوانێکی ته‌واو قێزه‌ونه‌، هاوکاریی و هاوغه‌می خۆشمان بۆ قوربانیانی  ئه‌م کاره‌ساته‌ ده‌رده‌برین.
که‌نه‌دا
جاستین ترودو سه‌رۆک وه‌زیرانی که‌نه‌داش ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌ی کرد‌و رایگه‌یاند:  زۆرم پێناخۆشه‌ که‌ که‌نه‌دییه‌ک  له‌ناو قووربانیه‌کانه‌. وتیشی:  هه‌مووکاتێک خه‌ڵكی شاری له‌نده‌ن و به‌ریتانیا به‌هێزبوون و زۆر خۆراگرانه‌ ڕووبه‌روی کێشه‌و کاره‌ساته‌کان بوونه‌ته‌وه‌.
ئوسترالیا
مالکوم تره‌نبۆل سه‌رۆک وه‌زیرانی ئوسترالیاش داوایکرد که‌ نوێژ بۆ قوربانیانی ئه‌و کاره‌ساته‌ بکرێت و رایگه‌یاند: به‌وردییه‌وه‌ چاودێری رووداوه‌کانی له‌نده‌ن ده‌که‌م و نوێژ بۆ قووربانییه‌کان‌و خێزانه‌کانیان ده‌که‌م.
گێتی عه‌ره‌بی
له‌گێتی عه‌ره‌بیشدا  به‌شێکی زۆری ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌کان له‌وانه‌: میسر و سعودیه‌و کوێت‌و به‌حره‌ین‌ و عومان و ئوردون، ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌یان کرد و هاوغه‌می خۆشیان بۆ به‌ریتانیا راگه‌یاند. ئه‌حمه‌د ئه‌بو غه‌یس ئه‌مینداری گشتی کۆمکاری عه‌ره‌بیش، ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌ی کرد  به‌ کرده‌وه‌یه‌کی وه‌حشیی و تیرۆریستی وه‌سف کرد.
ئێران
ئێرانیش له‌ زاری به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌ی کردو رایگه‌یاند: ئه‌م کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ی‌ له‌نده‌ن‌و کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کانی تریش که‌له‌جیهاندا روویاندوه‌، وه‌کو‌ زه‌نگێکی ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌ بۆجیهان، بۆئه‌وه‌ی دژایه‌تی تیرۆریستان بکه‌ن.

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥