״هه‌ڵبژاردن له‌كاتی‌ خۆیدا بكرێت״ ‌
گرنگ

30 ئایار 2017
به‌مه‌به‌ستی‌ ئاگاداربوون له‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی هه‌رێم و هه‌ماهه‌نگیی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا، دوێنێ له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم و نوێنه‌ری‌ لایه‌نه‌كاندا به‌ڕێوه‌چوو.
 
وه‌رگرتنی‌ راو سه‌رنجی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان
دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا شێروان زرار وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم رایگه‌یاند: بۆ وه‌رگرتنی‌ راو سه‌رنجی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌مان كرد له‌باره‌ی‌ خستنه‌ڕووی ئاماده‌كارییه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن و راپرسی‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا گفتوگۆمان كرد له‌باره‌ی‌ بنه‌ماكانی‌ ره‌فتاری‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و چاودێرانی‌ هه‌ڵبژاردن و نوێكردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران و خستنه‌ڕووی‌ تانه‌كان، وتیشی‌:  ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی‌ خۆیدا بكرێت، ئه‌گه‌ر دوابخرێ‌ ئه‌وا به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر خۆمان لاده‌به‌ین، راشیگه‌یاند:  كۆتاییهاتنی‌ خولی‌ په‌رله‌مان له‌ 6/11/2017 ده‌بێت، بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووش زیاتر له‌ 3 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌.
 
پرسی ریفراندۆم
سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمیش، وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن، وتی‌: هیچ كه‌سێك به‌ ره‌سمیی باسی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ ریفراندۆمی‌ له‌گه‌ڵ نه‌كردووین، ئه‌و 22 ملیار دیناره‌شی‌ ته‌رخان كراوه‌ ته‌نها بۆ به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌. ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو «ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان كارا نه‌كرێته‌وه‌و یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موار نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و یاسایه‌ی‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ كارانه‌كردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌ماندا بۆ هه‌ڵبژاردن به‌كار ده‌هێنرێت، یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 2013 یه‌ كه‌ لیستی‌ نیمچه‌ كراوه‌ ده‌بێت».
 
به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا پێویسته‌ 
سه‌باره‌ت به‌ گرنگیی‌  به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی‌ خۆیدا، حه‌مید عه‌بدوڵڵا شاره‌زای بواری‌ هه‌ڵبژاردن به‌ كوردستانی‌ نوێ-ی راگه‌یاند: به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا، واده‌كات متمانه‌ی‌ ده‌نگده‌ر بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ بمێنێ، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ڵبژاردن  ده‌بێته‌ هۆی ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ ئه‌ویش بنه‌مای دیموكراسییه‌، وتیشی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردن لووتكه‌ی‌ دیموكراسییه‌و ده‌بێت له‌ كات و ساتی‌ خۆیدا  بكرێت، به‌ پێویستیشی ده‌زانین ئه‌و كێشانه‌ی‌  له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌، چاره‌سه‌ر بكرێن، وه‌ك كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان و قه‌یرانی‌ دارایی و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
 
كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان 
سه‌ردار عه‌بدولكه‌ریم ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عیراقیش بۆچوونی وایه‌ «هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك بكرێت، پێویسته‌ كاتێكی‌ دیاریكراوی‌ هه‌بێت و نابێت ده‌ستكاری‌ بكرێ»، وتیشی:  جگه‌ له‌ كات، هه‌ڵبژاردن پێویستی‌ به‌ كۆمه‌ڵێك یاساو رێنمایی هه‌یه‌و ئه‌ویش ده‌بێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ربچێت، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان، په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌، «پێویستیشه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پابه‌ندی رێنماییه‌كانی‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بن، هه‌روه‌ها كار بۆ  پاكردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران و رێگه‌ گرتن له‌ ساخته‌كاری‌ بكرێت».
 
״هیچ كه‌سێ له‌سه‌رووی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌بێت״
عه‌بدولخالق مه‌سعود چاودێری سیاسیش به‌ كوردستانی‌ نوێ-ی راگه‌یاند: به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا گرنگ و پێویسته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان بێت هیچ به‌هایه‌كی‌ نابێت، چونكه‌ داخستنی‌ په‌رله‌مان واتا بێبایه‌خكردنی‌  هه‌ڵبژاردن، وتیشی: بۆ ئه‌وه‌ی‌ پڕۆسه‌ی‌ دیموكراسی  به‌ره‌و پێش ببه‌ین، پێویسته‌ په‌رله‌مانێك هه‌ڵبژێرین هیچ كه‌سێ له‌سه‌رووی‌ ئه‌و ده‌زگایه‌وه‌ نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ له‌ رابردوودا به‌سه‌ر خولی ئێستای‌ په‌رله‌ماندا هاتووه‌، وایكردووه‌ ئێمه‌ له‌ پڕۆسه‌ی‌ دیموكراسیدا دوا بكه‌وین.

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥