جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە دەڵێت، کۆبانێ داستانێکی گەورە بوو و دەستکەوتی زۆری لێکەوتەوە.

 

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە میانەی لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات نیوز، باسی لە سەرهەڵدانی باکوری کوردستان بۆ پشتگیریی کۆبانێ لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی داعشدا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد لە باکوری کوردستان لە سەر بانگەوازیی کەجەکە بە هانای هەڤاڵانیانەوە چوون لە کۆبانێ و سنوورەکانیان تێکشکاند.

 

بایک وتی: ئەگەر گەلی کورد لە باکوری کوردستان بە هانای کۆبانێوە نەچوونایە، ڕەنگە ئەو بەرخۆدانە پێک نەهاتبایە، ئەگەر گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستانەوە پشتگیری کۆبانێیان نەکردایە، ئێستا ڕۆژی جیهانی کۆبانێ نەدەبوو.

 

لە بەردەوامیدا ئاماژەی بە پێشلکارییەکانی ئەردۆغان دەرحەق بە ڕۆژئاوا و پشتگیرییەکانی بۆ چەتەکانی داعش دا و وتی: ئەردۆغان هەوڵیدەدا بەم کارە شکست بە شۆڕشی ڕۆژئاوا بهێنێت، بەڵام شەڕێکی گەورە لە کۆبانێ ڕوویدا و دەستکەوتی زۆر گەورەشی بەدواە بوو بۆ کورد، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە پێگەیەکی مێژوویی بۆ کۆبانێ بکرێتەوە، ئەگەرچی داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ، بەڵام ئەردۆغان بوو کە هەوڵی دەدا بەم کارە شکست بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بهێنێت، ئەردۆغان بەردەوام دەیوت، ئەوەندەی نەماوە کۆبانێ بکەوێت، بەنیاز بوون پاش کۆبانێ هێرش بکەنە سەر عەفرین و ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنن.

 

باسی ئەوەشی کرد: بەرخۆدانی کۆبانێ و شۆڕشی ڕۆژئاوا، هۆی سەربەرزیی گەلی کوردن لە ئاستی جیهاندا، بەرخۆدانی کۆبانێ پرسی کورد، بەرخۆدانی ژنان و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کوردی بە هەموو جیهان ناساند، بەرخۆدانی کۆبانێ هەنگاوێکی گەورە بوو بەرەو پێش.

 

جەمیل بایک تێکشکانی داعش لە کۆبانیی بە دەستپێکی شکستیی گەورەی چەتەکان ناوزەدکرد و وتی: ئەمڕۆ داعش وا خەریکە بەتەواوی لەناودەچێت، ئەگەر ئێستا ئەمە ڕوودەدات بەهۆی بەرخۆدانی کۆبانێییەوەیە، ئەو بەرخۆدانە دەستپێکی تێکشکانی سیاسەتەکانی تورکیاش بوو.

بەوێنە.. ئاپۆڕای هاووڵاتیان بۆ پێشوازی لەتەرمی پیرۆزی مام جەلال

 

حاکم/ سابیر سمایل مەلا
نەگەڕێینەوە مێژووی دووری درێژی گەلی کورد، تەنھا باسی ئەرکی میللەت بکەین لەم ریفراندومەی لە ٢٥ی ئەیلولی رابردووکرا بۆ سەربەخۆی خەڵکی کوردستان سەرباری تێبینی لەسەر کاتی ریفراندۆمەکە بەڵام میللەت بەرەو پیری سندوقی دەنگدان چوو، ئەم ریفراندۆمە قسەی و باسی زۆری لەسەرکرا بەڵام گوێیان لێنەگیرا، ڕۆژی دەنگدان بۆ ریفراندۆم خەڵکی کوردستان دەنگیداو ئەنجامی دەنگ ئاشکرابوو، کەواتە خەڵکی کوردستان ئەرکی سەرشانی خۆی بەتەواوی بەجێگەیاند، لە داھاتووشدا ھەر ئەرکێکی بکەوێتە سەرشانی جێبەجێیدەکات بۆ سەربەخۆیی گەلی کوردستان ، بەڵام ئەگەر دەنگەکان ھەر لە کۆگای کۆمیسیۆن ھەلبگیرێ و ئیشی لەسەر نەکرێت و نەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە داھاتووی خەلکی کوردستان لە ماوەیەکی نزیک خەلک لە دەنگی خۆی دەپێچێتەوە .
بەرلەوەی خەڵک بەدواداچون بۆ دەنگەکانی بکات، لێرەدا ئەرکی دەسەڵاتی کوردی دەست پێدەکات سەرەتا ئاشکرا کردنی ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییە ژێر بە ژێرانە و ئەو ئەو پەیمان و بەلێنانەی پێیان دراوبوو، ھەروەھا ئاشکرا کردنی ھەنگاوەکانی داھاتوویان بۆ خەلکی کوردستان.
بۆ ئەو مەبەستە چەند پێشنیارێک دەخەمە روو بەو ھیوایەی سوودمەندی ھەبێت بۆ کارەکانی داھاتوو:
یەکەم: لایەنەکانی کوردستان
١- لیژنەی بالای ریفراندوم ھەڵبوەشێننەوە.
٢- لیژنەی بالای گفتوگۆ بۆ گەیاندنی ھەنگاوەکانی داھاتوومان بۆ گەیشتن بە داھاتووەکی گەش. لیژنەکە پێک دێت لە ئەندامی ئەو دەزگایانەی خوارەوە :
— پەرلەمانی کوردستان . — سەرۆکایەتی ھەرێم . — حکومەتی ھەرێم . — ئەنجومەنی دادوەری . — نوێنەری عەرەبەکانی کوردستان کە ئەندامیان لە پەرلەمانی کوردستان نیە.
٣- پێویستە گۆڕان و کۆمەڵ و بەرەی تورکمان بەشدار بن لە لیژنەی خالی ( ٢ ) سەرەوە چونکە لە لیژنەی بالای ریفراندۆم بەشدار نەبوون.
دووەم: یەک گوتاری و یەک بڕیاری کوردستانی:
١- ئاشتبوونەوەی لایەنەسیاسیەکانی کوردستانی.
٢- پەرلەمانی کوردستان شوێنی بڕیاری کۆتایی بێت، بۆ ھەر بڕیارێکی پەیوەندیدار بە چارەنوسی گەلی کوردستان .
سێیەم: ئەرکی ئەندامانی کورد لە دەولەتی فیدرالی عێراق:
١- ئەندامانی کورد لە دامودەزگاکانی دەولەتی عێراق بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان بەتایبەتی ئەندام پەرلەمانەکان، بۆمەبەستی دروست کردنی ژینگەی دانوساندن لە گەل دەولەتی فیدرالی عێراق.
٢- پێویست بوو رۆژی دوای ریفراندوم ئەندامانی پەرلەمانی عێراق وەک نوێنەری گەلی کوردستانیان لە دانیشتنی پەرلەمان بە ووتارێک لێکەوتەی ریفراندۆمان بگەیاندبایە پەرلەمانی دەولەتی فیدرالی عێراق.
چوارەم: ئاشتکردنەوەی میللەت :
١- ژیان و گوزەرانی خەلک باشتر بکەن، لە نێویاندا ھێزی پێشمەرگە .
٢- ئاشتکردنەوەی دەنگدەری ریفراندۆم بە “بەڵێ و نەخێر و سپی و بەشدار نەکردوو”.
٣- زیاتر بەرچاوی میللەت روون بێت لە داھاتوویدا
پێنجەم: ڕاگەیاندنەکان و یەکدەنگی:
١- دەسەڵاتداران بەیەک دووری و یەک چاو، بەیەک سۆز سەیری کۆی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکرێ نەوەک یەکێک دۆست و یەکێکی تر نەیار.
٢- ڕاگەیاندکاران لە ئیستادا زیاتر رەچاوی باری دەروونی خەلکی کوردستان بکەن، ئەو ھێرش و رێوشوێنانەی نەیارو دوژمنانی کورد لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان دەیگرنەبەر و کاریگەری لەسەر باری دەرونی دروستدەکات ھەندێک دەستیان سوک بکەن.
٣- ڕاگەیاندنەکان بەیەکەوە دابنیشن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئالۆزە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان .

ئاگاداری جەماوەری خۆشەویستی شاری هەولێر و دەوروبەری دەکەینەوە کەوا پرسەی بەرێز ( مام جەلال )بۆ پیاوان و ژنان ڕۆژی شەمە و یەک شەمە رێکەوتی ۷ ـ ۸ /۱۰ / ۲۰۱۷ لە سەعات ۲‌.۵ ی پاش نیوەڕۆ تاکو ۵ ی ئێوارە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی هەولیر بەرێوە دەچێت. لە رێگای کەرکوک ..
لەگەڵ رێزدا

راگەیاندنی مەڵبەندی ۳ ی هەولێر

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لەگەڵ بەغدا و تاران میکانیزمێک بۆ ڕاگرتنی نەوتی هەرێم دادەنێن.

ئەمڕۆ ئەردۆغان بە میدیاکانی تورکیای ڕاگەیاند، "ڕێوشوێن لەبارەی شاری کەرکوکی عێراقیی دەگرینەبەر و کورد لەوێ شەرعیەتی نییە."

هەروەها وتیشی "میکانیزمێک لەگەڵ عێراق و ئێران دادەنێن بۆ ڕاگرتنی بازرگانی نەوت لەگەڵ هەرێمدا."

دوێنێ ئەردۆغان سەردانی تارانی کرد و لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند "هەرێم بە هاوکارى موسادی ئیسرائیلی ریفراندۆمى ئەنجامداوە."

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، بڕوایان وایە کە نابێت سزای خەڵکی هەرێم بدەن و تەنها سیاسییەکانی هەرێم دەبێت قەرەبووی هەڵەکانیان بکەنەوە.

ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناڕەزاییەکان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و زۆرینەی هاوڵاتیان دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ جیابوونەوە لە عێراق.

هاوکات لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ڕابردوودا، هەریەکە لە عێراق و تورکیا و ئێران بە توندی دژی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە بوونەوە و بەڵێنیاندا زنجیرەیەک ڕێوشێن لە دژی هەرێمی کوردستان بگرنەبەر.

لەو چوارچێوەیەشدا ئێران و تورکیا گەشتە ئاسمانیەکانیان بۆ فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان راگرتووە و لە ئێستاشدا هەردوو وڵات مانۆڕی سەربازی هاوبەش ئەنجامدەدەن، دوای ئەوەی تورکیا ماوەی چەند ڕۆژێکە لەگەڵ سوپای عێراق لە سنورەکانی هەردوو وڵات سەرقاڵی مانۆڕی سەربازییە.

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی هیوای خواست، لەدەستدانی مام جەلال کە خەمێکی گەورەیە بکرێتە دەرفەتێک بۆ تەبایی و ئاشتی، وتیشی: بەداخەوە تەجروبەمان زۆرە لەکاتی پرسەکاندا گەرم دەبین بۆ یەکڕیزیی و دواتر سارد دەبینەوە.

 

ئەمڕۆ سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، بەشداری لە پرسەی جەلال تاڵەبانی (مام جەلال)، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق-دا کرد و لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی دا.

 

لە لێدوانەکەیدا سەلاحەدین بەھادین، ئاماژەی بەوەکرد، کە مام جەلال کەسایەتییەکی گرنگی مێژووی خەباتی کوردایەتی بوو، لە دەستدانیشی خەسارەتێکی گەورەبوو.

 

ناوبراو، وتیشی:"ھیوادارین کۆچی دوایی مام جەلال، کە خەمێکی گەورەیە، بکرێتە دەرفەتێک بۆ تەبایی و یەکڕیزیی گەلی کورد، ھەرچەند بەداخەوە تەجروبەمان ھەیە لە پرسەکاندا گەرم دەبین بۆ یەکڕیزیی و دواتر سارد دەبینەوە".

 

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، وتیشی:"ھیوا لەدەست نادەین، ئەگەر ئیرادە ھەبێت یەکڕیزی دروست دەبێت".

 

جەلال تاڵەبانی ناسراو بە مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بوو لە ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی (که‌لکان)ی قه‌تپاڵی چیای کۆسره‌ت له‌دایکبووه‌، دوێنێ لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا و لەدوای پێنج ساڵ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ نەخۆشیدا، لە شاری بەرلین-ی پایتەختی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.


 
لە دوێنێوە لەناو مەڵبەند و کۆمیتەکانی یەکێتی-دا پێشوازیی لەو میوانانە دەکرێت کە بۆ سەرەخۆشیی و دەربڕینی هاوخەمی سەردانیان دەکەن.

 

بڕیارە سبەینێ تەرمی مام جەلال بگاتەوە هەرێمی کوردستان لە مەراسیمێکی شکۆداردا لە گردی دەباشان-ی ساری سلێمانی لە نزیک ماڵەکەی خۆی بەخاک بسپێردرێت و ڕۆژی دواتریش مەراسیمی پرسە بە فەرمیی دەستپێبکات.

لە گەڕەکی کرێکاران لە شاری هەولێر، پزیشکێکی ددان بە پەتێک خۆی خنکاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

 

کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەنەدراوێکدا کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە، ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ، کاتژمێر (٦) بەیانی پۆلیس ئاگادار کرانەوە کەوا گەنجێک کە پیشەی پزیشکی ددان بووە لە ژوورەکەی خۆی بە پەتێک خۆی خنکاندووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداو، دەرکەوت کە پزیشکە ناوی (هاوڕێ عومەر سوڵتان)، تەمەن (٣٥)ساڵە.

 

ئاماژەش بەوەدرابوو: تەرمەکەی هەڵگیراوەتەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کرایەوە لەلایەن پۆلیسی هەولێر.

د.عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول*‌
 
دەبێ چ ناوونیشانێك لەوە سامناكتر‌و دەربڕتر بێ كە بڵێم «مام جەلال مرد....».
بێگومان مام جەلال ناوێكی گەورە بوو ‌و هەر بە گەورەییش دەمێنێتەوە لە مێژووی كورد‌و عیراق‌و رۆژهەڵات‌و جیهانیشدا.
بۆ مەرگی مام جەلال- بێجگە لە گریانی بەكوڵ‌و ڕاستەقینە (كە پیاو كەم دەگرین) كۆمەڵێكی فراوان لە لێكدانەوە‌و یادگارم لایە،كە تەمەن‌و نەخۆشی ڕێگەم بدەن، كەرەسەی كتێبێكە.
كە باسی ئەوەم دەكرد كە لە ساڵی 1947ەوە یەكتر دەناسین دەیفەرموو: من لە (1951)ەوەم لەبیرە. هێناوەمەوە بیری كە ساڵی 1947 لە ناوەندیی كۆیە بوو. سەری سلێمانیی دا. كۆمەڵێك قوتابیی ناوەندیی كۆكردەوە- كە من‌و خوالێخۆشبوو (جەمال شاڵی) یان لە نێواندا بووین. باسی كوردایەتی‌و دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ كردین. یادگاری هەرە گەورەم- رۆژانەی (شام)ە كە ئەو ‌و شەهید عەبدورەحمان زەبیحی‌و من ژوورێكمان لە نزیك سەنتەری شامەوە بە كرێ یەكی هەرزان گرتبوومان. ئەو سەردەمە لە دوو حیزبی جیاوازادا بووین. بەڵام هەر دۆست‌و خۆشەویستی یەكتری بووین.
كە باسی ئەو ساڵانەی دەگێڕایەوە، دەیفەرموو: رۆژی پێنج شەڕمان دەكرد‌و من دەمووت: مام جەلال: بەڵام شەش جاریش ئاشت دەبووینەوە. خواردنمان پێكەوە، ماڵان گەڕان‌و هاتنەوە ژوورەكەمان پێكەوە.
دوێنێ لە كۆچی دووایی ئەودا كە(سەرەخۆش)یم لە ئامۆزایەكی كرد. ووتی: من سەرەخۆشی لەتۆ دەكەم: چونكە راستە ئامۆزای من بوو.بەڵام دۆستی نزیكی تۆ بوو، ئەو یادگاریانەی تۆ لە گەڵیدا هەتە من نیمە.
بێگومان – مەرگی كەس-(بەتایبەتی- یا كرمانجی ووتەنی –نەخاسم)كەس شادمان ناكات، بەڵام ئەوەی من شادمان دەكات كە مام جەلال لەكاتێكدا ماڵئاوایی لێكردین، كە كورد یەك بوون‌و ئەو بوو بوو بە ڕەمزێكی گەورەی ئەو یەكبوونە‌و ڕەمزێكی گەورەی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی بەڵام زامی دڵ لەوەدایە كە فریا ناكەوت ئەرك‌و ئاواتی تەواو بكا.
لە دووا دیداردا- كە نەخۆشبوو- چوومە خزمەتی. قسەی پێ نەدەكرا، خواردنی وەك جاران پێ نەدەخورا، بەڵام بیرەوەری یا (زاكرە)ی وەك جاران بوو.
بە ئیشارەت لێی پرسیم: ئێستا چی دەنووسی. ووتم: كتێبێك لەبارەی (جەواهیری)یەوە-بەڵام شتێك هەیە دەبێ پرست پێ بكەم.
كە جەواهیری قەسیدە ڕەنگینەكەی خۆیی(قلبی لكردستان): لە بەرلین خوێندەوە. جەنابت هەستایت ستایشت كرد، بەڵام بە زۆرەملێ منیشیان هەستان: قسەمكرد. جەواهیری ستایشی هەردووكمانی كرد ئەوەی بۆ جەنابتی فەرموو زیاتر بوو یا ئەوەی بۆ من- هەر بە ئیشارەت فەرمووی:
ئەوەی تۆ، بەڵام بینووسە، بینووسە. ئەوە بوو لە رۆژنامەیەكی عەرەبیدا نووسیم.
پێوەندیی لەگەڵ جەواهیریدا زۆر بوو. جەواهیری پارچەیەكی هەیە (شوقا جلال كشوق العین للوسن) رەخنەشی تێدایە-بەڵام مام جەلال خۆی بڵاویكردەوە. كە پێم دەووت: تۆ لە من شارەزاتری شیعری جەواهیریت. دەیفەرموو: نەء، من زۆرترم لەبەرە، بەڵام تۆ شارەزاتری- ئەمەش هەر لە تەوازوعكاری یەوە بوو. ئەگینا- ئەو شارەزاتر‌و لێزانتر بوو.
دەبوو بۆ مەرگی مام جەلال شتێك هەر بنووسم. یا ئەم چەند دێرە- بەركوڵ- ی كتێبێكی گەورە بێ. ئاخ خۆزگە دەمتوانی تەواوی بكەم- یا بڵێم: بینووسم.
مام جەلال لە پیاوە گەورە‌و نەمرەكانە.

 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوای مام جەلال، تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەوێنەی سەرۆک مام جەلال و هاوخەمی و ماتەمینی پڕکرایەوە، بەڕادەیەک ئەگەر سەیری بکەیت سەرتاپا وێنەی سەرۆک مام جەلالەو هەریەکە بەشێوەیەک هاوخەمی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو کۆستە گەورەیە.
 
شانازی میللەتێک
د.لوئه‌ی جاف دەڵێت «روحت شاد بێت مامی گەورە و مامی میللەت .. رێبازەکەت لە ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین بەردەوامی هەیە و بەردەوام دەبێت .. ماڵئاوا مامی گەورە، میللەتەکەت تا مابێت شانازیت پێوە دەکات».
مامۆستایەکی زانکۆ کۆچی دوای مام جەلال بە زیانێکی گەورە بۆ گەلی کورد دەزانێت، مه‌غدید سه‌پان نوسیویەتی: «کۆچی دوایی مام جەلال، زیانێكی گەورەبوو لە ئێمەی کورد کەوت، بەڵام لەوکاتەی بیر لە خەبات و تێکۆشانی مام دەکەینەوە، بیر لەو ژیانە دەوڵەمەندەی مام دەکەینەوە، هەموومان شانازی پێوەدەکەین، بەتایبەتیش لەوکاتەی وەک سەرۆک کۆماری ئێراقی فیدرال دەستبەکاربوو. مام جەلال، ڕووێکی زۆر جوانی کورد و کوردەواری پیشانی وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا، بە کردەوە سەلماندی، ئەگەر کورد بژی، وەک چۆن کورد خۆی دەیەوێ، نموونەیەکی جوانی پێکەوە ژیان و دیموکراتی پیشانی جیهان دەدا. 
هەزاران هەزار سڵاو لە روحی پاکت... تۆ کۆچی یەکجارەکیت کرد، بەڵام ڕێبازێکی جوان و مەدرەسەیەکی پتەوی کوردایەتیت بۆ نەوەکانی داهاتوو جێهێشت».
 
گەشبین بوو
ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین نوسیویەتی : تاڵه‌بانی پیاوێكی گه‌شبین تا دواڕۆژی ته‌مه‌نی؛ دووجار له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا كه‌ گه‌نج بووم و كاری سیاسیم ده‌كرد دانیشتووم، جارێكیان دوو كاژێر و جارێكیتر زێتر له‌ سێ كاژێر. هه‌ردوو جاره‌كه‌ ئه‌وه‌ی له‌و پیاوه‌وه‌ فێری ده‌بیت و هه‌ست به‌تیشكدانه‌وه‌ی ده‌كه‌یت؛ گه‌شبینییه‌، له‌ساته‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌كانی ژیاندا گه‌شبین بوو. مام جه‌لال له‌وشه‌ی نائومێدی تێنه‌ده‌گه‌یشت و تێگه‌یشتنی بۆی نه‌بوو. له‌زه‌مه‌نی شه‌ڕ و گه‌مارۆ و ڕاپه‌ڕین و هه‌موو ساته‌كاندا له‌شاخیشدا، ئه‌و پڕ بوو‌ له‌گه‌شبینی و بڕوابوون به‌ دواڕۆژ ...غه‌مبارم به‌كۆچی مام جه‌لال.
 
فه‌رهاد چۆمانی شاعیرو رۆماننووس لەپۆستێکی فەیسبووکیدا نوسیویەتی «تا تۆ مابووی و سەردار بوویت، هێندە کرێت و ناشرین نەبوو بوو ڕوخساری کورد. تێناگەیشتم سیاسەت چۆن بەم هەموو خەندە و پێکەنینەوە دەکرا. ئەو هەموو سەرەت چۆن لەو مەجەڵەی عێراقدا تەبا و سەڵا بەیەکەوە کۆدەکردەوە، دانووی ئەو هەموو گەنمە جیاوازانەی پەرێزی بەیار و بەراوی کوردستانت چۆن دەکوڵاندن. تۆ کە هەمیشە بۆنی گەنم و هەڵمی نان و ئومێدی داهاتوو و گەشبینیت لێ دەهات. تۆ لەدوای هەر چاوخوراندنێکی ژێر چاویلکە ئاسۆیەکی دوورترت دەبینی. تا بڵێی خەمگینم بۆت مامی مە.»
 
پیاوە مەزنەکە
توانا حه‌مه‌ موزیکسان ماڵئاوای دەکات و بە پیاوی مەزنی وڵات وەسفی دەکات:
ماڵئاوا پیاوە مەزنەکەی ووڵات..
تاکە سەرکردە کە لە مانا و گرنگی گەشەپێدانی کەلتوور و ھونەر دەگەیشت. ئەو پیاوەی لە شاخدا لە دژی ووشەی (شایەر و لۆتی) وەستایەوە و دروشمی: «نان، ئازادی بۆھونەرمەندانوڕۆشنبیران»ی بەرز کردەوە. ئەو پیاوەی تەنھا بە نوکتەو قسە خۆشەکانی ووڵاتی دەبرد بەڕێوە و ئاوی بە ھەزاران ئاگری گەورەی شەڕی تایفی و نەتەوەی و ناوخۆییدا دەکرد .
ماڵئاوا.. ماڵئاوا.. ڕۆحت شاد..
 
ئارام مام عوسمان ماڵئاوای دەکات و دەڵێت: مالئاوا سەرۆک، تۆ گەوهەری دیبلۆماسیەت و رەمزی سیاسەت و هیمای خەباتی میللەتیک بوویت، کۆجی دوایت دلگرانی کردین، دلنیاین لەخیابی تۆ هیج شتیک وەک خۆی نابیتەوە.
تەنها کورد خەمبار نەبووە
خەمی لەدەستدانی مام بەڕادەیەک گەورەیە نەک تەنها کورد بەڵکو ڤیکتۆریا رۆڤیرا
 کە رۆژنامەنوسێکی ئیسپانی لە پۆستێکی فەیسبوکیدا نوسیویەتی «بەداخم بۆ هاوڕێ کوردەکانم و لەدەستدانی سەرکردەکەیان».
حاجی ئەرگوشی دەڵێت «به داخه وه بو كوچی دوایت مامه گیان .. اناالله واناالیه الراجعون».
سۆز محەممەد بە دەربڕینی خەمەوە لە فەیسبووکەکەی لەگەڵ وێنەیەکی سەرۆک مام جەلال دەڵێت «زۆر بەداخەوە هەواڵێکی زۆر ناخۆش بوو».
سیدۆ داود نوسیویەتی: بە هەر نرخێک بوو خۆی گەیاندە ئەو ئاستە، ماکیاڤیلی بما، بێگومان شەهریاری پێشکەشی تۆ دەکرد!
وە هەر بە خاتری ئەم تێگەیشتنەمە کە پێم وایە کورد دوای نەمانی تۆ هەر لە رۆژی نەخۆش کەوتنتەوە کەلێنێکی گەورەی دیپلۆماتیکی تێ کەوت.!
 
عومەر حەسەنی رۆژنامەنووس بە مردنی گەلێکی وەسف دەکات و دەڵێت:
بەم ئێوارەی پایزە
بۆكوێ ئەڕۆی مامی گەورە.... هەستەوە گەورەم 
مردنی تۆ مردنی گەلێكە...
 
هۆشیار سالح نوسیویەتی «ماڵئاوا پیاوی گەورە». 
ژیمان محەمەد باسی ترسی خۆی لە پایز دەکات و نوسیویەتی:
هەمیشە لە ھاتنی پایز و مانگی ١٠ ئەترسم 
ھەمیشە خەمەکانی من لەگەڵ ئەم مانگە بووە 
بەس نەم زانی ئەم ساڵ خەمەکە وا گەورە ئەبێت
 
ژوان عوسمان لە تێکستێکی ئینگلیزیدا دەلێت : من زۆر بەداخم بۆ لەدەستدانی باوکی وڵاتەکەم، رۆحت شاد مامە گیان، کوردستان وەک جاران نامێنێ بێ تۆ. خۆری وڵات ئاوابوو...
موراد تاهیری یاساناس دەلێت» دەمێکبوو لەم رۆژە دەترسام، سلێمانی و کوردستان بی مام چۆڵن».
 
مەستان ئیحسان لەگەڵ وێنەیەکی سەرۆکدا نوسیویەتی :
بەداخەوە كورد بۆی نەنوسراوە دڵخۆش بێت
جێگەت بەهەشت بێت یاخوا مامی گەور
 
هاوکار عەلی لەسەر وێنەیەکی مام جەلال لەگەڵ سەرکردە کوردەکان دەڵێت « کورد چی لەدەستدا».
 
مێژویەکی مەزن
بەهەمانشێوەی فەیسبووک تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریش پرسەی پێوە دیارەو زۆرێک لە تویتەکان بۆ ئەو خەمە گەورەیەیەو جەندین هاشتاگی تاڵەبانی و مام جەلال دانراوە، بەڵام جیاواز لە فەیسبووک زۆربەی تویتەکان بە زمانی ئینگلیزییە، ئیمان ئیبراهیم لەتویتێکدا دەلیت» رۆحت شاد سەرکردە مێژوویەکەو یەکەمی سەرۆک کۆماری کوردی عیراق، تۆ دەڕۆی بەڵام بیروباوەڕت دەمێنێتەوە».
هەروەها د.روەیدا مستەفا سیاسەتمەدار و نوسەری کتێبێک لەبارەی کوردستان لە تویتەکەیدا دەڵێت: لەدەستدانێکی گەورەبوو بۆ کوردو لەم کاتە مەزنە قورسەدا، مام جەلالی ئازیز بیرت دەکەین.
لاوێن ئازاد لەتویتەکەیدا نوسیویەتی « هەموو کەس چاو بەگریانە، مام جەلال ماوەیەکە دورکەوتۆتەوە، بەڵام مردنەکەی هەموومانی شۆک کرد، پیاوێکی مەزن لەگەڵ مێژوویەکی مەزن.
ئەمیر ئاشور نوسیویەتی: یەکێک لەو چەند سەرکردە راستەقینانەی کورد و کلیلی ئاشتی هەرێمی کوردستان و عیراق کۆچی دوای کرد، لەدەستدانێکی گەورەیە.
الصفحة 10 من 1124

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥