بەژداری پێ کردنی هەواڵ لە

FacebookTwitterGoogle BookmarksRSS Feed

مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌تردا

12 کانونی یەکەم 2017

مانگ له‌ دواى مانگ دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ زیاتر دواده‌كه‌وێت و ژماره‌ى مووچه‌ نه‌دراوه‌كان زیاتر ده‌بێت، له‌ كاتێكدا 29 رۆژ پێش ئێستا "نێچیرڤان بارزانى" سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند، دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وام ده‌بێت و مووچه‌ى ئه‌م مانگه‌ و مانگی داهاتووش ئاماده‌یه‌ و دابه‌شده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت ده‌ستى به‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى نۆى ساڵى 2017 نه‌كردووه‌.

رێكه‌وتى 13 ى 11 ى 2017، پاش كۆتاییهاتنى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ شارى هه‌ولێر، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا "نێچیرڤان بارزانى" سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند، دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وام ده‌بێت و مووچه‌ى ئه‌م مانگه‌ و مانگی داهاتووش ئاماده‌یه‌ و دابه‌شده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ رێكه‌وتى 12 ى 12 ى 2017، 29 رۆژ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ى "نێچیرڤان بارزانى"دا، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم هێشتا ده‌ستى نه‌كردووه‌ به‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى نۆى ساڵى 2017 ى فه‌رمانبه‌ران، هه‌روه‌ها تائێستاش حكومه‌ت مووچه‌ى مانگى سێى ساڵى 2017 ى خانه‌نشینانى مه‌ده‌نى و سه‌ربازى دابه‌شنه‌كردووه‌، به‌وپێیه‌ له‌م مانگه‌دا ژماره‌ى مووچه‌ نه‌دراوه‌كانى خانه‌نشینان ده‌بێته‌ ده‌ مانگ.

بۆ وه‌رگرتنى زانیارى له‌باره‌ى هۆكارى دواكه‌وتنى دابه‌شكردنى مووچه‌، له‌ كاتێكدا "نێچیرڤان بارزانى" ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو "مووچه‌ى دوو مانگ ئاماده‌یه‌"،  
هه‌ر له‌باره‌ى ئه‌م بابه‌ته‌، "عه‌بدولستار مه‌جید" وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى ته‌له‌فیزیۆنیدا رایگه‌یاند "حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت به‌و داهاته‌ی ئێستا هه‌یه‌تی هیچ مانگێك به‌ سیستمی پاشه‌كه‌وتیش مووچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران بدات".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێ دوو شه‌ممه‌ى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا بڕیاردراوه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ ژماره‌ی فه‌رمانبه‌راندا پێكبهێنرێت، بۆ ده‌ستنیشانكردنی مووچه‌خۆرانی بندیوار و ئه‌وانه‌ی به‌ نایاسایی خانه‌نشین كراون".

وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو كۆمپانیای دیلۆیت وردبینی داهاتی هه‌رێم له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باس بكات و دواتر بۆ رای گشتی ده‌خرێته‌ڕوو".

له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2016 ه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم سیستمى پاشه‌كه‌وتكردنى مووچه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى بۆ نیوه‌ و كه‌متر كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا مانگانه‌ له‌ كاتى خۆیدا مووچه‌ دابه‌ش ناكات و به‌شێوه‌یه‌ك تا ئه‌مڕۆ رێكه‌وتى 12 ى 12 ى 2017 هێشتا مووچه‌ى مانگه‌كانى 9 و 10 و 11 ى 2017 ى فه‌رمانبه‌رانى دابه‌شنه‌كردووه‌.

جگه‌ له‌ دواكه‌وتنى دابه‌شكردنى مووچه‌ و په‌یڕه‌وكردنى سیستمى پاشه‌كه‌وتكردن له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌، هه‌روه‌ها حكومه‌ت مووچه‌ى چوار مانگى ساڵى 2015 ى فه‌رمانبه‌ران قه‌رزداره‌.

چوار ساڵه‌ مووچه‌ى مانگانه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ له‌كاتى خۆیدا دابه‌ش ناكرێت و دواده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى به‌هۆى شێوازى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم كێشه‌ كه‌وته‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و به‌وهۆیه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانى بڕى و تائێستاش كێشه‌كانی نێوانیان به‌رده‌وامه‌.

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥