به‌غدا :به‌نیازه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن بۆ ئه‌نجامده‌رانی‌ ریفراندۆم ده‌ربكات

18 تشرینی یەکەم 2017
په‌رله‌مانتارێكی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاشكرایكرد ئێستا به‌غدا نازانێت چ كه‌س و لایه‌نێك نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات و به‌نیازیشه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن له‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی‌ دیكه‌ش كه‌ رۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ و نه‌خشه‌داڕێژه‌ری پڕۆسه‌ی‌ ریفراندۆم بوون، ده‌ربكات.  
 
زانا رۆستایی‌، په‌رله‌مانتاری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ وێستگه‌ نیوز-ی‌ راگه‌یاند، كوردستان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی‌ له‌ده‌ستدا و ئێستا له‌ بارێكی‌ لاوازدایه‌، له‌م كاته‌دا ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ عیراقدا بمێنێته‌وه‌. 
 
رۆستایی‌ وتی‌ "هه‌وڵ بده‌ین له‌ ده‌ستووردا هه‌رێمی‌ كوردستان بمێنێته‌وه‌ و نه‌بێت باكوری‌ عیراق، چونكه‌ كورد به‌ درێژایی‌ ته‌مه‌نی‌ خۆی‌، له‌و ده‌ستووره‌ی‌ ئێستا باشتری‌ بۆ به‌ده‌ست نایه‌ته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ عیراقدا".  
 
سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی‌ وه‌فدی‌ كوردی‌ بۆ به‌غدا بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی‌ "ئێستا به‌غدا نازانێت چ كه‌س و لایه‌نێك نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ ده‌كرد، ئێستا به‌غدا تاوانباری‌ ده‌كات و به‌نیازه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن له‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی‌ دیكه‌ش كه‌ رۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ و نه‌خشه‌داڕێژه‌ریان بۆ پڕۆسه‌ی‌ ریفراندۆم هه‌بووه‌، ده‌ربكات، كه‌واته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ناكات، به‌دیلی‌ نوێنه‌رانی‌ پێشووی‌ كوردستانیش بێ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن ناكرێت، بۆیه‌ تائێستا به‌دیلی‌ نوێنه‌رانی‌ پێشووی‌ كوردستان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا نییه‌". 
 
به‌ره‌به‌یانی 16-10-2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك، وه‌زیرانی عیراق هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی راسپارد بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ پارێزگای كه‌ركوك، راشیگه‌یاند، سورن له‌سه‌ر پاراستنی‌ سه‌لامه‌تی‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاسایش بۆ ئه‌و شاره‌، وتیشی "داوا له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین ئه‌ركه‌كانی‌ له‌ژێر فه‌رمانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا جێبه‌جێبكات".  
 
له‌ به‌رده‌وامیی‌ جموجوڵی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كاندا، ئێواره‌ی‌ هه‌مان رۆژ ئه‌و هێزانه‌ به‌ره‌و كه‌ركوك پێشڕه‌وییان كرد و ناحیه‌ی‌ تازه‌ و به‌شێك له‌ دوزخومارتو وبنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ كه‌یوان و چه‌ند شوێنێكی‌ باشوری‌ شاری‌ كه‌ركوكیان كۆنتڕۆڵكرد، به‌پێی‌ دوایین ئامار یه‌كێتی‌ 86 شه‌هید و 162 بریندار و 37 ونبوو و دیلی‌ هه‌یه‌.  
 
به‌هۆی هێرشی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و كه‌ركوك له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد، ئێواره‌ی‌ 16-10-2017 هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گه‌یشتنه‌ شاری‌ كه‌ركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت. 
 
له‌ رۆژی‌ 16-10-2017 به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ كه‌ركوك ماڵ و حاڵیان جێهێشت و روویان كرده‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌. ئێواره‌ی‌ دوێنێش بارزانی‌ یه‌كه‌م په‌یامی‌ دوای‌ رووداوه‌كانی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك رویدا ده‌رئه‌نجامی بڕیاری تاكلایه‌نه‌ی چه‌ند كه‌سێكی نێو لایه‌نێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بووه". 
 
حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌ كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ هه‌فتانه‌یدا رایگه‌یاند:"ئەوان لەسەر بنەمای دەستور داوای دیالۆگ دەکەن و پێشتریش به‌ سه‌ركرده‌كانی كوردم وت ریفراندۆم یه‌كه‌مجار زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیانی كورد ده‌دات".  
 
سەرۆک وەزیرانی عیراق راشیگەیاند: "ئێستا ریفراندۆمەکەی هەرێم کۆتایی هاتووەو بووە بە بەشێک لە رابردوو."

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥