بەژداری پێ کردنی هەواڵ لە

FacebookTwitterGoogle BookmarksRSS Feed

كۆمەڵ و گۆڕان یەك كاندیدیان دەبیت بۆ سەرۆكی هەرێم

19 حوزەیران 2017

بەپێی زانیارییەكان دوور لەچاوی میدیاكان بەرپرسانی كۆمەڵ‌و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەتەوە، كۆمەڵ ئامادەیی خۆیان بۆ پێكهێنانی یەك لیستی هاوبەش لەگەڵ گۆڕان‌و كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیشانداوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە هەفتەنامەی رووداو ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردووەتەوە كۆبوونەوەكە رۆژی 14/6/2017 ئەنجامدراوەو كۆمەڵ پێشنیازەكەی بۆ گۆڕان كردووە، بەڵام سەركردەكانی گۆڕان پڕۆژەكەیان رەتكردووەتەوەو رایانگەیاندووە "دەمانەوێت‌ قەبارەی خۆمان لەدوای كۆچی كاك نەوشیروان مستەفا بزانین".

زانا رووستایی، پەرلەمانتاری عێراق لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند "بەئاسایی دەبینم كۆمەڵ‌و گۆڕان زیاتر لێك نزیكببنەوە، پێشبینیش دەكەم لیستێكی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنەكان دروستبكەن".

لەپاڵ نزیكی بۆچوونەكانی لە گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ هەریەك لەیەكگرتووی ئیسلامی‌و بزووتنەوەی ئیسلامی كاری هاوبەشی ئیسلامی هەیە، ئەگەرچی كۆمەڵ بەفەرمی دەستهەڵگرتنی لەپرۆژەی هاوكاریی ئیسلامی رانەگەیاندووە، بەڵام ئاراستەكە بەرەو ئەوە دەڕوات كۆمەڵ بەجیا بەشداری هەڵبژاردن بكات. 

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن زۆرینەی مەڵبەندەكانی كۆمەڵ لیستی هاوبەشی ئیسلامی رەتدەكەنەوەو پێیانوایە لەبەرژەوەندی ئەواندا نییەو رەنجی دوو ساڵی گوتاری توندیان بەرامبەر پارتی دیموكرات بەفیڕۆ دەدات.

(رووداو) زانیویەتی 39 رێكخراوی ئیسلامی، كە 3 نوێنەریان لەدەستەی باڵای كاری هاوبەشی ئیسلامی هەیە، داوایان لەهەرسێ‌ لایەنەكە (یەكگرتوو، كۆمەڵ و بزووتنەوە) كردووە لەماوەیەكی دیاریكراودا تێڕوانین‌و قسەو بڕیاری خۆیان سەبارەت بەدروستكردنی بەرەی ئیسلامی بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی بزانرێت كێ‌ لەگەڵ دروستكردنی لیستی ئیسلامییەو كێش لەگەڵی نییە.

هەفتەی رابردوو سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی لەكاتی بەسەركردنەوەی رێكخستنی حیزبەكەی لەپارێزگای هەڵەبجە، دروستكردنی لیستی ئیسلامییەكانی بەناوی "چاكسازیی نیشتمانی" ئاشكراكردو رایگەیاند "ئەگەر لایەنێك‌و كەسانێكیش دڵسارد بن، یان لەگەڵمان بەردەوامنەبن‌و نەیەن، ئەوا ئێمە بەردەوامدەبین‌و لیستەكە ناكەینە قوربانی هیچ كەسێك".

سەركردەیەكی یەكگرتووی ئیسلامی، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رایگەیاندووە "ئێمەو برایانی بزووتنەوە وەڵامی ئیجابی رێكخراوە ئیسلامییەكانمان داوەتەوە بۆ دروستكردنی لیستی ئیسلامی‌و چاوەڕێی برایانی كۆمەڵ دەكەین، پێمان خۆشە هەموومان پێكەوە بین، بەڵام رێزیش لەبڕیاری ئەوان دەگرین".

هاوكات زانا رووستایی لەبارەی لیستی هاوبەشی ئیسلامییەكان رایگەیاندووە "كۆمەڵ كورسییەكانی زیادبكات كەمناكات، ئەگەر بەلیستێك لەگەڵ گۆڕان‌و لایەنەكانی دیكە بەشداریی هەڵبژاردن بكات، دەنگدەری ئیسلامی جێگیرە، ئەگەر ئیسلامییەكان بەیەك لیستیش بەشداری هەڵبژاردن بكەن ژمارەی كورسییەكانیان لەوەی ئێستا هەیە زیادناكات".

هەر لەوبارەوە كامیل مەحموود، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند "بزووتنەوەی ئیسلامی لەزمانی جەنابی رابەری گشتییەوە وەڵامی رێكخراوە ئیسلامییەكانمان داوەتەوە، كە ئامادەی هەموو كارێكی هاوبەشین، هەر لەیەك لیستییەوە تا دروستكردنی یەك حیزب‌و یەكگرتنی سەرجەم ئیسلامییەكان".

كۆمەڵ.. دەنگی لەهەولێرو بڕیاری لەسلێمانی
كۆمەڵ دوو لەسەر سێی كورسییەكانی لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لەهەولێر بوو، 23 هەزار دەنگی لەكۆمەڵەكانی سلێمانی زیاتر بوو، بەڵام گوتاری شەقامی سلێمانی‌و نزیكبوونەوەی لەگۆڕان بەسەر هەڵوێستەكانی ئەو حیزبەوە لەدوای دانیشتنی 23ی حوزەیرانی 2015 دیارە. 

زانا رووستایی پێیوایە، ئەو سیاسەتەی كۆمەڵ پشتیوانی‌و متمانەی جەماوەری بۆ حیزبەكەی زیاتر كردووە.

راپرسی رێگای كۆمەڵ‌و گۆڕان جیادەكاتەوە
سەرەڕای نزیكی‌و هاوهەڵوێستیی گۆڕان‌و كۆمەڵ لەپرسە سیاسییەكان، بەتایبەتی لەمەسەلەی بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی مەسعود بارزانی، بەڵام لەپرسی راپرسیدا كۆمەڵ رێگای خۆی لەگۆڕان جیاكردووەتەوە، بەتایبەت سەركردە هەولێرییەكانی كۆمەڵ داوایان كردووە حیزبەكەیان لەبڕیار وەرگرتن پەلە نەكات، بۆیە لەكۆبوونەوەی رۆژی 10/6/2017 ی ئەنجوومەنی سیاسی بەسەرپەرشتی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ، كە لەهەولێر بەڕێوەچوو، هیچ بڕیارێك نەدرا.

عەلی حوسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لەو بارەوە رایگەیاندووە "ئێمە چاوەڕێی زیاترمان لەبرایانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكرد، ئەو كێشانەی لەرابردووش روویاندا بەهۆی ئەدای خراپی سەرۆكایەتی پەرلەمان بوو، بەڵام ئێستا هەموومان لەبەردەم پرسێكی نیشتمانی‌و نەتەوەییداین، كە ئەویش راپرسییە، بۆیە چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی زیاتری پەیوەندییەكان دەكەین".

عەلی حوسێن هەروەها رایگەیاند "خیتابی كۆمەڵ‌و گۆڕان لەسەر راپرسی جیاوازە، ئومێدمانە ئەو راپرسییە ببێتە دەرفەتێكی باشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥