راگەیەنراوی یەكێتی لەسەر ریفراندۆم

18 حوزەیران 2017
یەكێتی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو داوادەكات سەراپای رێوشوێنەكانی ریفراندۆم بە یاسایەك لەپەرلەمانی كوردستاندا پەسەند بكرێت.
 
دەقی راگەیەنراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی:
 
سەعات (11)ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (18/6/2017) ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، درێژەی بەكۆبوونەكانیدا.
لەم كۆبوونەوەیەدا، ئەم بڕگانە، دوای گفتوگۆیەكی ئازادانەی تێروتەسەل، پەسەندكران:
یەكەم:
(كاراكردنەوەی پەرلەمان)
یەكێتیی، لەدامەزراندنییەوە هەتا ئێستا، دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی بۆ گەلی كوردستان، بنەمای سەرەكی خەباتی بووە، لەو روانگەیەوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختدەكاتەوە، كە یەكێتیی وەكو پێشەنگی خەباتی مافی دیموكراسیانەی چارەی خۆنوسین، داكۆكیكەری بی ئەملاو ئەولا دەبێ و تێدەكۆشی پرۆسەی ریفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆیی، لەهەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دابڕێندراو لەهەرێم، سەربخرێ. بەمەرجێك سەراپای رێوشوێنەكانی بە یاسایەك لەپەرلەمانی كوردستاندا پەسەند بكرێ و دەسەڵاتە تایبەتمەندییەكانی هەرێم و تەواوی دامەزراوە فەرمییەكانی تر، لەبەر رۆشنایی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەركە نیشتمانییەكانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، راپەڕێنن و، زەمینەی كۆ دەنگی یەكڕیزی نیشتمانی بڕەخسێنن.
دووەم:
(رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان)
یەكێتیی ئامادەیە، رێككەوتننامەی نێوان یەكێتی و گۆڕان جێبەجێ بكات و لەو پێناوەشدا، سەركردایەتی هاوبەشی راسپێردراو، بڕگەكانی رێككەوتننامەكە، جیبَەجی بكات.
سێهەم:
(چاكسازیی و گۆڕانكاری)
لیژنەیەك پێكهات بۆ تاوتوێكردنی پرۆژەی پێشكەشكراوی مەكتەبی رێكخستن بۆ چاكسازیی و گۆڕانكاریی، لەماوەی هەفتەیەكدا پرۆژەكە گەڵاڵەی رەسمی بكەن و دابەشبكرێتە سەر ئەندامانی سەركردایەتی.
چوارەم:
(نەخشەڕێگەی یەكێتی)
وەڵامی نەخشەڕێگەی یەكێتی، لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە خوێندرایەوەو بڕیاردرا، هەڤاڵانی سەركردایەتی، بۆچوونی خۆیان دەربارەی بدەنە مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی سیاسیش، لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتیدا، بكەوێتە گفتوگۆ، بۆ گەیشتن بەئامانجی هاوسەنگی و شەراكەتی راستەقینە، لەهەموو ئاست و ئاراستەكاندا.
كۆبوونەوە، بۆ تەواوكردنی بڕگەكانی دیكەی پرۆگرامی سەركردایەتی، دوای جەژن، درێژە بەكۆبوونەوە دەدات. 
بەئومێدی ئەوەی، لەم قۆناغە نوێیەی راپەڕاندنی ئەركە چارەنوسسازەكاندا، یەكێتیی:
-كاریگەر بێ لەكاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كۆی كێشەكانی یاسایی و سیاسی و یەكڕیزی نیشتمانی.
-ژینگەی هەڵوێستی دیموكراسی نەتەوەیی و زەمینەی ئابوریی و كۆششی دیپلۆماسی و زەمینەی یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم، بڕەخسێنری.
-چاكسازیی و گۆڕانكاری لەناو یەكێتی و لەحكومەتدا بهێنرێنەدی، هەتا كێشە پەنگ خواردووەكانی هەناوی یەكێتی چارەسەر بكرێن و پەیڕەوی ناوخۆ بكرێتە بنەمای حزبایەتی. لەهەمانكاتدا، ئەو كار بەدەستانەی نەیانتوانیوە بەپێی پرۆژەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان، كە پەیمان و پەیامی یەكێتیی بون بۆ جەماوەر، ئەركەكانیان راپەڕێنن، لێیان بپێچرێتەوەو سەركەوتوەكانیشیان، پاداشت بكرێن.
ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكێیتیی نیشتمانیی كوردستان
18/6/2017

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥