واشنتۆن باڵیۆزخانەکانی ئاگاداردەکاتەوە کە بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا رێوشوێنی ئەمنیی توند بگرنەبەر.وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا رێنمایی نوێی بۆ باڵیۆزخانەو سەرجەم کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە جیھاندا دەرکردووە سەبارەت بەگرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی توند لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی رۆژی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بڕیاروایە ئەمڕۆ رۆژی شەممەو رۆژانی دواتر بەڕێوەبچێت.وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندراوەکەدا روونیشیکردەوە: بەپێی زانیارییە ھەواڵگرییەکان، ئەگەری ئەوە ھەیە پەلاماری تیرۆریستیی لەکاتی یادکردنەوەی رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا لە چەند باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەیەکی ئەو وڵاتە ئەنجام بدرێت.چواری تەموز رۆژی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایەو بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاروایە ئاھەنگ و کەرناڤاڵی جوراوجۆر لەناوخۆی ئەو وڵاتەو لە باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەکان لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.