Print this page

نرخی نەوت دادەبەزێت
Featured

27 حوزەیران 2015

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیھان نزیکەی ١ دۆلار دادەبەزێت و لە دەوروبەری ٦٣ دۆلار جێگیر دەبێت. لەکاتێکدا کە بازاڕەکان چاوەڕوانی گفتوگۆکانی قەرزەکانی یۆنان و ئەگەری رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵگای نیودەوڵەتییە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنتی پێوانەیی ئەوروپا بۆ ٦٣ دۆلارو ٢٠ سەنت داشکا، ھەروەھا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی سووکی ئەمریکا بۆ ٥٩ دۆلارو ٤٥ سەنت دابەزی. شارەزایان پێیان وایە شکستھێنانی یۆنان لە پێدانەوەی قەرزەکان و ئەگەری دەرچوونی لەناوچەی یۆرۆ دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بەیۆرۆ، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر نرخی نەوتی خاو لە جیھاندا، ھەروەھا مۆرکردنی رێکەوتننامەی کۆتایی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێتە ھۆی زیادبوونی ئاستی بەرھەمی رۆژانەی نەوتی ئێران و زۆربوونی خستنەرووی نەوت لە بازاڕەکاندا، کە خۆی لە بنەڕەتدا بەدەست زۆری نەوتەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت زیاتر داببەزێت.